تورکیا و ئەردۆگان بە ناچاری چۆک دادەدەن لەبەردەم فشارەکانی ئەمریکادا !

لەلایەن ستاندار Posted on 527 جار بینراوە

نەوزادی موھەندیس

• کێشە و ناکۆکیەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵی ٢٠٠٣ و پێش ١٥ ساڵ بەھۆی ڕێگەنەدانی تورکیا بە سوپای ئەمریکا و ھاوپەیمانان بۆ ھاتنە ناوەوەی عێراق لە ڕێگەی خاکی تورکیاوە.. ئیدی لەو ساتەوە و ساڵ بەساڵ پەیوەندیەکانیان بەرەو خاوبونەوە و کاڵبونەوە و ساردوسڕی دەچوو، لە ماوەی ئەو ١٥ ساڵەدا چەندین خاڵی ناکۆکی تریش سەریانھەڵدا و ھەموانیان پێکەوە بونە ھۆی ئەوەی کە لە ئێستادا پەیوەندیەکانی ھەردوولا لەو پەڕی خراپیدا بن و ھەردوولاش لەسەر زاری وەزیر و سەرۆکەکانیانەوە ھەڕەشەی گەمارۆ و سزادانی ئەویتر دەکات و بەکرادارەکیش ئەمریکا فشاری زۆری سیاسی و ئابوری و سەربازی خستۆتە سەر تورکیا و کاریگەریەکانیشی لەئێستادا بۆ ھەموان ڕوون و ئاشکران.لەو کێشە و گرفت و خاڵە ناکۆکیانەی نێوان تورکیا و ئەمریکا بریتین لە:
• کێشەی گروپی خزمەتی فەتحوڵا گویلەن و مانەوەی گویلەن لە ئەمریکا و ڕادەستنەکردنەوەی بە تورکیا.
• کێشەی دادگایکردنی پاسەوانە تایبەتەکانی ئەردۆگان لەلایەن ئەمریکاوە.
• کێشەی پشتیوانی تورکیا لە گروپە تیرۆریستیەکانی سوریا و عێراق و دەستوەردانێتی لە کێشەی ئەو دوو وڵاتە بە پێچەوانەی سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاوە.
• کێشەی وڵاتی قەتەر لەگەڵ سعودیە و ئەوانی تر و پشتیوانی تورکیا بۆ قەتەریەکان.
• کێشەی دامەزراندن و بەھێزکردنی پەیوەندیەکانی تورکیا لەگەڵ ھەریەکە لە ڕوسیا و ئێران و دژی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.
• کێشەی پشتیوانیکردنی تورکیا بە ئاشکرا و بەنھێنی لە گروپە تیرۆریستەکان.
• پابەندنەبوونی تورکیا بە گەرمارۆ ئابوریەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و بەردەوامبونی لەسەر کڕینی نەوتی ئێرانی.
• کێشەی تورکیا لەگەڵ ئەوروپیەکان و مەسەلەی بون بە ئەندام بونی لە یەکێتی ئەوروپادا.
• کێشەی قەتیسکردنی دیموکراسی و ئازادیەکان لە ناوخۆی تورکیادا و گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی لە پەڕلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی و ھەوڵدانی بۆ تاکڕەوی و بچووککردنەوەی ھێز و حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان.
• کێشەی ھەرە سەرەکی تورکیاش لەگەڵ دونیای دیموکراسی و ئەوروپی و ئەمریکاشدا بریتیە لە کێشەی کورد و پێشێلکردنی مافە نەتەوەییەکان و ناوزڕاندنیان بە تیرۆریست.
• کێشەی بانکە تورکیەکان بە ھاوکاریکردنی بانکەکانی ئێران لەمەسەلەی ئاڵوگۆڕی دراودا.
• دواھەمینیشیان کێشەی کڕینی سیستەمی بەرگری موشەکی s٤٠٠ لە ڕوسیا لەلایەن تورکیاوە.
بەم شێوەیە ئەم کۆمەڵە کێشە و گرفتە لەسەر ئاگرێکی ھێواش گەشاونەتەوە و گڕیان گرتوە و خەریکە دەست و قاچی ئەردۆگان و تورکیای پێوە دەسوتێت،بەڵام ئەوەی بوە ھۆکاری ھەڵایسانی فشار و شەڕە قسە و تۆمەتبارکردنی یەکتری بە ئاشکرا ،دەستگیرکردنی قەشەیەکی ئینجیلی ئەمریکی بەناو ((ئەندرۆ بڕۆنسۆن))ی تەمەن ٥٠ ساڵەیی بوو لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ دا کە ٢٣ ساڵە لەتورکیا و لەشاری ئیزمیر دەژی و سەرۆکایەتی کەنیسەیەکی بچوک دەکات کە تەنھا ٢٥ کەسی باوەڕدار دوای کەوتوون.بەتۆمەتی ھاوکاریکردنی گروپی خزمەتی فەتوحوڵا گویلەن و ڕاوەستانی لە پشت کودەتا سەرنەکوتوەکەی ساڵی ٢٠١٦وە ودواتریش دادگایکردنی بەتۆمەتی تیرۆر و پشتیوانی لە PKK. دادگای تورکیا لەدانیشتنی سێیەمیدا ولە ١٨/٧/٢٠١٧دا زیندانیکردنەکەی درێژکردەوە سەرەڕای داواکردنی ئەمریکا بە ئازادکردنی بەڵام تەنھا لەبەر خراپی باری تەندروستی خستیانە ژێر دەستبەسەری زۆرە ملێ لەماڵەکەی خۆیدا.
لە ئێستادا وابڕیارە کە دانیشتنی چوارھەمی دادگا لە ١٢/١٠/٢٠١٨دا بەڕێوەبچێت و زۆریش لە ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەچن کە دادگا بڕیاری ئازادکردنی ئەو قەشەیە بدات کە سەرزارەکی و بە ئاشکرا بۆتە ھۆی نانەوەی ئەو کێشە و گرفتە گەورەیە لەنێوان تورکیا و ئەمریکای بەناو ھاوپەیمانی ستراتیژی لەدوای جەنگی دووەھەمی جیھانیەوە و بەھۆی بونی ھەردوولا وەک ئەندام لە ھاوپەیمانی ناتۆی سەربازیدا بە ڕابەرایەتی ئەمریکا.تورکیایەکێکە لە گەورەترین ئەو وڵاتانەی کە گەورەترین ھەڵگیراوی چەکی ئەتۆمی ئەمریکای تیادایە .
• ئەوەی جێگەی تێڕامان و ھەڵوێستە لەسەر کردنە ئەوەیە کە سیاسەتی ئەمریکا و ئیدارەی سەرۆک ترامپ زۆر بەجدی گەرەکیانە لە پێگە و نفوزی تورکیا بدەن لەناوچەکەدا و بچوکی بکەنەوە و بیکەنە وڵاتێکی بێ مەترسی،چونکە زۆر باش دەزانن کە سیاسەتەکانی ئەردۆگان بەپێچەوانەی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانێتی لە ناوچەکەدا بەتایبەتی عەرەبەکانی کەنداو و میسر و ئیسڕائیل و تەنانەت عێراقیش.بۆیە پێدەچێت ھەنگاو و سیاسەتە ھەڵەو تاکتیکیەکانی ئەردۆگان سەری خۆی و تورکیای یەکگرتوش بخوات ،بەوەی قومار بەبەرژەوەندیەکانی لەگەڵ ئەمریکادا دەکات بە پتەوکردنی پەیوەندیە سیاسی و ئابوری و ئەمنیەکانی لەگەڵ ڕوسیا و ئێراندا.بۆیە ئەمریکا و ترامپ گەرەکیانە بەھۆی کێشەی قەشە بڕۆنسنەوە ھەموو کێشەکانیان لەگەڵ تورکیادا یەکلا بکەنەوەو پاکتاوی حساباتی خۆیانی لەگەڵدا بکەن،ئەوەش لە ڕێگەی :
• سەپاندنی گەمارۆی سیاسی و ئابوری و سەربازی بەسەر تورکیادا.
• گوشارخستنە سەر تورکیا لەڕێگەی سیاسەتێکی دارایی و نەختینەییەوە کە زیانی گەورە بەتورکیا بگات و بەپراکتیکیش بۆتە ھۆی ئەوەی کە نرخی لیرەی تورکی لە مێژووی خۆیدا و بۆ یەکەم جار ٢٧% نرخەکەی داببەزێت و ١ دۆلار بەرامبەر ٥-٦ لیرە بوەستێتەوە و ئەمەش بۆتە ھۆی دروستبونی ھەڵاوسان و گرانی نرخ و ڕاوەستاندنی زۆرێک لە پڕۆژە گەورە و ستراتیژیەکان.
• پێنەدان و دواخستنی فڕۆکەی F٣٥ی ئەمریکی بە تورکیا.
• سەپاندنی سزای دارایی و ئابوری بەسەر ھەردوو وەزیری ناوخۆ و دادی تورکیادا.
• زیادکردنی تەعریفەی گومرکی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ سەر ھەریەکە لە ئاسن بەڕێژەی ٥٠% و ئەلەمنیۆم بەڕێژەی ٢٠%ی تورکیاکە ئەمەش زیانی گەورە دەدات لە تورکیا و داھاتەکانی.
بەم شێوەیە ئەمریکا توانیویەتی کە ئابوری تورکیا لاواز و پەک بخات و ھێواش ھێواش چۆکی پێ دابدات،سەرەڕای ململانێ و بەرگریەکانی تورکیا،بەوەی کە تورکیا وادەبینێت کە ئەم سیاسەت و گەرمارۆیانەی ئەمریکا کاتین،و ئەمریکا ناتوانێت تاسەر بەردەوام بێت چونکە تورکیا وادەبینێت کە :
• پێگەی ئەمریکا لاوازبوە لەسەر ئاستی دونیا و ناوچەکە بەھۆی زیادبوونی بڕی قەرزە دەرەکیەکانی.
• دابەزین و کەمبونەوەی مامەڵەی بازرگانیە نێودەوڵەتیەکان بە دۆلاری ئەمریکی.
• کەمبونەوەی پشکی ئەمریکا لە ئابوری جیھاندا.
بەڵام ئەوەی کە چاودێران و شارەزایانی ئابوری بۆی دەچن ئەوەیە کە تورکیا ناتوانێت تاسەر و بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک بەرەنگاری ئەم ھەموو فشار و گوشارە سیاسی و ئابوری و ئەمنیانەی ئەمریکا ببێتەوە و لەکۆتاییدا بەناچاری لەبەردەم ئەمریکادا چۆک دادەدات و ڕازی دەبێت بە ئازادکردنی قەشە ئەمریکیەکە وەک مەرجی یەکەمی سەرۆک ترامپ و ئەمریکا و دواتریش جێبەجێکردنی ھەموو مەرجەکانی تری ئەمریکا لە سوریا و عێراق و ناوچەکەشدا بەبەرژەوەندی خۆی و وایلێدەکات کە پشتبکاتە ڕوسیا و ئێران و جارێکی تر ببێتەوە پاسەوانی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی لاوازتر لەجاران .ئەمەش دوای ڕێکەوتی ٤/١١ دێت کە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بە فەرمی پێدەنێتە واری جێبەجێکردنەوە و دەیسەپێنێتە سەر وڵاتانی جیھان و کۆمپانیا ئابوریەکان کە پابەندبن پێوەی.بۆیە زۆر نزیکە لەدانیشتنی کۆتایی دادگای تورکیادا لە ١٢/١٠دا قەشە ئەمریکیەکە ئازادبکرێت و ئەمەش دەبێتە سەرەتایەک بۆ ڕەواندنەوە و تواندنەوەی بەستەڵەکی پەیوەندیەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیاو جارێکی تریش ئەمریکا بەبەھێزی لە ناوچەی جێگە نفوزی خۆی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەوەستێتەوە و بەرگریش لە بەرژەوەندی و دۆستەکانیش دەکات دژ بەھەر ھەڕەشە و گوڕەشەیەکی دەرەکی چ لە ئێرانەوە بێت یان لە تورکیاوە،ھەردوولاش تورکیا و ئێران باش دەزانن کە ئەم ھەموو شەڕ و گوشارانەی ئەمریکا بۆ سەریان بە سەروەت و سامانی وڵاتانی عەرەبی کەنداو جێبەجێدەکرێت و ئایندەی دەسەڵات و پێگەی ئەمریکاشی پێدەپارێزرێت،بەڵام بەناچاریش دەبێت ملبدەن و چۆک دابدەن لەبەردەم ھەژموون و شەپۆلی ڕاماڵێنەر و ڕووخێنەر و نغرۆکەری ئەمریکادا وەک زلھێزێکی دونیا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.