پارێزگارە نوێیەکەی ھەڵەبجەو ئەرکە داھاتووەکانی بۆ خەڵکی شارەکە

لەلایەن ستاندار Posted on 382 جار بینراوە

یاسین نادر ڕەحمان

لە وتارێکی پێشوومدا کە ھەر لەم ماڵپەڕەدا بڵاوکرایەوە، ھەموو خەمەکانی ھەڵەبجەم لە دوای بڕیاڕی بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە باس کرد و خستەڕوو، کە بەڵێ ئەم شارە و پارێزگایە لە ١٣/٣/٢٠١٤بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی “نیچیرڤان بەرزانی” لەبەر تایبەتمەندی تایبەتی ئەم شارە وەک شاری شەھیدان، بڕیاری بە پارێزگابوونەکەی بەھۆی شارێکی ڕەمزی و نموونەی و زۆرترین زیانلێکەوتەیی سیاسی لە سەردەمی بەعس و پاش بەعس بۆ دەرکراو لە ١٦/٣/٢٠١٤ی ھەمان ساڵیش مەرسوومی سەرۆکایەتی بۆ بوونی بەپارێزگایەکی یاسایی و قانوونی بۆ دەرچوو.
پاش ھەموو ئەمانەش لە ١/٦/٢٠١٥ فەرمانی دەستبەکاربوونی پارێزگار و دوو جێگرەکەی بۆ دەرچوو و لە ١١/٦/ ٢٠١٥ دەست بەکاربوون، ھەرچەندە جێی وەبیرھێنانەوەیە کە پەرلەمانی کوردستان لە ٥/ ٢/ ٢٠١٥ بڕیاری دەرکردنی یاسای ئیداریی پارێزگای ھەڵەبجەی دەرکرد و دواتر پاش تاوتوێکردنی لە ١٦/٣/ ٢٠١٥دا لە ھەڵەبجە ئەم یاسایەی بۆ بەرژەوەندی کاروبارە یاسایی و ئیداریەکانی ھەڵەبجە بە واژووی سەرۆکی پەرلەمان و تاوتوێکردنی پەرلەمانتارەکان پەسەند کرد، کە ئەم یاسایە لە ١٢مادەی سەرەکی پێکھاتبوو و زۆر ھەلومەرجی شیاوی ئیداری و بودجەیی و بواری پەرەپێدان و گەشەپێدانی بۆ ھەڵەبجەو ھەڵەبجەییەکان بەدیھێناو ھاوڵاتیان و سەرجەم چین و توێژەکانی لەمبارەیەوە خۆشحاڵ کرد. ئەمانە بەرکوڵێکی یاسایی لەم پارێزگایە بوون.
بەڵام ئەوەی مەبەستیی سەرەکیی من لێرەدایە، دیوی دووەمی قسەکانمە، نەک ئەوەیە کە خوا نەخواستە بەبڕیاڕێ بەپارێزگابوونی ھەڵەبجەو پاریزگا نوێیەکەی دڵخۆش نەبم و حەقدێکی سیاسیانەو حیزبییانەو شەخسیانە، ناخی منی نووسەر بگرێت و دەقێکی ھێرشاوی بەس ڕەخنە ئامێز بنووسم و زۆر لایەنی تر کە دەکرێت کاری لەسەر بکرێت لەبیر بکەم.
چونکە بەھەر حاڵ ئەمری واقیع ئەوەیە کە ئێستا وا لەم شارەدا دوای بڕیاڕە جۆراوجۆرەکان و ئاڵوگۆڕە دەسەڵاتداریەکان لە شارەکەدا کە پۆستی پارێزگار بەرزترینیان بووە، نەتوانراوە لە ئاستی تمۆحی خەڵکەکەی، خەمەکانی خەڵکی شارەکە بڕەوێنرێتەوە، من کاتێک بەم ئاڵۆگۆڕییە دەسەڵاتداریانە دڵخۆشم، کاتێک پارێزگارێک ئەمشارە بەجێبھێڵێت جێگە دەستی پڕۆژەکانی ئەو وەک پەیامی دەستخۆشی و جێبەجێکردنیان بکەمە پەیامی خوداحافیزیم بۆی.
حەزدەکەم خەڵکی ئەمشارە، لەدوای ئەم بەرەبەیانییە دووشەمەی ٨/١٠/ ٢٠١٨ دەست بەکاربوونی پارێزگارە نوێیەکەی کاک “ئازاد تۆفیق”، ھەموو ڕۆژە وەفدە جۆراوجۆرە ئیداری و ڕێکخراوەیی و خزمانی ئەو بەردەرگای ئەو وەک سەردانێک کە جەمسەرێکی دۆستانەی ھەبێت، نەگرن. بەڵکوو وەک نەریتێکی نوێ لە شارەکەماندا بۆ بەرپرسی تازەی ئیداریی ئەم شارە کە دەست بەکار دەبێت، بە بیرێکی قووڵەوە و ھێنانی پڕۆژەی جۆراوجۆر و ڕیکار و پڵانەوە، بچنە پێشوازی پارێزگارەکەی و خەمەکانیی ئەم شارە و پلانە نوێیەکان بۆ خزمەتی زیاتریان بخەنەڕوو.
زمانی ئێمەی نووسەر و ھاوڵاتی ئەم شارە بە زمانی ڕەخنەگرتن و ئیھمالکردنی ئەم شارە لە ساڵانی ڕابردوودا ھەمیشە دەنگ و ئاوازە گلەییە ئامێزەکانی، ھەموو ڕاگەیاندنی کوردی تەنیوە و ئەوە گرنگە ھەر لە ئێستاوە چاوەڕوانیەکانی خۆیان لە کوڕە پشتێنەو خزمەکەی شارەکەی خۆیان، بۆ ئەو بخەنەڕو و چیتر ھەموان ئەم پۆستانە وەک ئاڵۆگۆڕێکی دەموچاوانە نەبینن و دڵخۆش و ڕەزامەندبوون لە کارەکانی بن.
منی خاوەن ئەم دەقە نووسینە لەم نووسینەم بە پارێزگا نوێیەکەم دەڵێم کاک ئازاد تۆفیق “پیرۆز….” و پیرو خەڕۆ بوون لە خزمەتی ئەم شارەی بۆ خوازیارم و حەزدەکەم ئەوە بڵێم چاوەروانی من وەک کەسێک کە جورئەتی قەڵەم بەدەست گرتنم بە خۆم داوە، ئەوەیە چیتر پەیامی گوڵ و شیرینی ھێنان و ھەندێک شتی باوی تر ناکەمە پیشەو لەمڕۆوە ئەوە لە مێشکمدا ھەڵینجان بۆ دەکەم، کە ئەم پارێزگارە چی بۆ خەمەکانی و خزمەتنەکراوانی ئەمشارە لە زۆر بواردا دەکات و ڕەخنە نووسینەکانم لە کارە باش و ئەدا ھەلەکانی خودا نەخواستە گەر ھەیبیت، بە نووسینەکانم بۆی دەخەمە ڕوو، کە ھەمیشە ئەویشم وەک ھاوپیشەیەکی نووسەر، پێش پۆستی بەپاریزگابوون بینیوە.
حەزدەکەم نەریتی پیرۆزبایی منی خاوەن قەڵەم و ھەموو کەسێکی تری ھاوشیوە لە ئێمە باشتریش ئەوە بێت، زەڕەبینی کار و خزمەتەکان چیتر بکەنە پیشەی کاری خۆیان و چاوەڕوانییان لە خاوەن پۆستەکانیی ئەم شارە “خزمەت و خزمەت و خزمەت” بێت، شتیک کە زاری گلەیی خەڵکی شارەکەو چین وتوێژەکانی لەبارەیەوە ھەمیشە بۆی بووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.