سۆسیۆلۆژیای سیاسیی و پیشەسازی درۆکردن.

لەلایەن ستاندار Posted on 394 جار بینراوە

ئارام قادر حەمەسور

سۆسیۆلۆژیای سیاسیی پەیوەندییەکانی نێوان دەسەڵاتی سیاسیی و کۆمەڵگا نیشان دەدات، پێمان دەڵێت تاچەند بڕیارە سیاسییەکان کاردەکەنە سەر کۆمەڵگا و کۆمەڵگاش تاچەند ئەم بڕیارانە قبوڵدەکات یان دژیان دەوەستێت. بەبێ خوێندنەوەی سۆسیۆلۆژیای سیاسیی ناتوانین دەسەڵاتی باش و خراپ و کۆمەڵگای ھۆشیار و خەوتوو لەیەکتر جیا بکەینەوە. کاریگەری دەسەڵات لەسەر کۆمەڵگا و کاریگەری کۆمەڵگاش لەسەر دەسەڵات پێویستی بە خوێندنەوەی سۆسیۆلۆژیای سیاسیی ھەیە. چونکە دەسەڵات ئاوێنەی کۆمەڵگایەو وەک دروستکراوێکی کۆمەڵگا دەبینرێت، دەسەڵاتیش ڕێکخەری ژیانی کۆمەڵایەتییە و ئەرکی پاراستنی کۆمەڵگایە.

لەم پەیوەندییەدا دەسەڵات و کۆمەڵگا یەکتری ئاڕاستە دەکەن، دەتوانن یەکتری تەواوبکەن و لە پەیوەندیدان.
کۆمەڵگای کوردی لەھەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکەی کە جووتحیزب بەڕێوەی دەبەن یەکتری ئاڕاستە دەکەن. کۆمەڵگای کوردی بەگشتی بۆ ڕووداوەکان توانای شۆکبوونی کەمە و ھەڵوێستەکانی فراوان نییە، ئەمەش سلبییاتی کۆمەڵگایە، چونکە کاتێک مرۆڤ شۆکنابێت بەرامبەر ڕووداوە ڕاستەقینەو ترسناکەکان کارەساتە و کۆمەڵگای بێدەنگ دروستدەکات. وەک ئاتین دۆلابۆتی لە کتێبی (خۆبەکۆیلەکردن)دا دەڵێت ئەوەی دەسەڵات ھەیەتی ھیچ نییە جگەلەوەی کۆمەڵگا پێی بەخشیوە.
مرۆڤ کاتێک شۆکدەبێت دەتوانێت پرسیار بکات و گومان دروست بکات و ھەڵوێست وەربگرێت.

ئێمە لەبەردەم دەسەڵاتێک داین کە خەریکی دروستکردنی ڕووداوی درۆیینەیە و پەیوەندی خۆی و کۆمەڵگای کەرت کردووە، دەسەڵاتێکە بەردەوام خەریکی پیشەسازی درۆکردن و دروستکردنی ڕووداوی ناڕاستە، بەردەوام کۆمەڵگا بەرەو ڕووداوی تازەتر ئاڕاستەدەکات، لەم کۆمەڵگایانەدا دەسەڵات بۆمانەوەی خۆی درۆدەکات و ڕووداو دروستدەکات تا مەرامەکانی خۆی بپارێزێت.
کاتێک خیانەتی نیشتمانی دەکات یەکسەر ڕۆژنامەنوسێک تیرۆردەکات، کاتێ ڕۆژنامەنوسێک تیرۆر دەکات قەیرانێکی تر دەخوڵقێنێت. بەردەوام ڕووداوی درۆ دروستدەکات بۆ شاردنەوەی شکستەکانی و خافڵاندنی خەڵک، ئەمەش جۆرێکی دیماگۆجییەتە.

دەسەڵاتێک پیشەسازی درۆکردنی ھەیە و لەکۆمەڵگایەکیشدایە کە شۆکنابێت، ئەمە ترسناکترین کۆمەڵگایە. لەم جۆرە کۆمەڵگایەدا دەسەڵات خۆشبەختەو تەمەنی درێژە. دەسەڵاتێک ھیتلەر ئاسا بەردەوام درۆ دەکات و درۆدەکات، درۆ دەبێتە ڕاستی و کۆمەڵگاش شۆکنابێت.

ئێمە ڕووداوەکانی دوێنێ لەبیر دەکەین و دەسەڵاتیش کارگەی درۆکردن و ڕووداوی داناوە، قەیران بەقەیران دەشارێتەوە. کەی کۆمەڵگا شۆکبوو دەسەڵات تەمەنی کورت دەبێت و پیشەسازی درۆکردن دەروخێت، ئەگەرنا ئێمە بەدەست دەسەڵاتەوە یاریمان پێدەکرێت، لە ڕووداوێکەوە دەمانداتە دەست ڕووداوێکی تر. کاتێک ئەمە بوو بە کولتوور دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و کۆمەڵگایەکی مێگەلی دەچەسپێت.

لەڕووی سۆسیۆلۆژیای سیاسییەوە ئەم دەسەڵاتە دەبێتە دەسەڵاتێکی خۆسەپێن و یاری بەکۆمەڵگا دەکات، لەکۆتاییدا ھۆشیاریی سیاسیی بەھێزی کۆمەڵگا ئەم دەسەڵاتە دەوەستێنێت و کۆتایی بە پێشەسازی ڕووداوە درۆییەنەکانی دەھێنێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.