پاشەکشە لە ریفراندۆم و ١٦ ئۆکتۆبەر دوو فەزاحەتی پڕ لە نهێنی نەوتراو!

لەلایەن ستاندار Posted on 472 جار بینراوە

received_547168349058671

راپۆرتی: سەلمان کۆچەری
لە کاردانەوە هەرە مەترسیەکانی دوای ڕیفراندۆم و شکستپێهینانی, پلانێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی ژوری هاوبەشی نێوان ئیران, تورکیا و عیراق بوو بەڕەزامەندی ئەمریکا کە تێیدا لە ١٦ ئۆکتۆبەر هێرش کرایە سەر کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان ئەو چەکانەی ناتۆ کە بەرامبەر بەکورد بەکارهاتن پێشووتریش بەرامبەر داعش بەکارهێنرابوون.
سعدی احمد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت ” دوو رۆژ بەر لە ئەنجامدان ڕیفراندۆم قاسم سلێمانی دێتە لای کاک. مسعود بارزانی و پێیدەڵێت وەرە ئاڵای کوردستان لە (جبل حمرین ) هەڵبدە بەڵام ریفراندۆم ئەنجام نەدەن چونکە کەرکوکیش لەدەست دەدەن”. لە لایەکی ترەوە بارزانی بۆ کەناڵی جەزیرە وتوویەتی ” وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێیوتووم گەر ڕیفراندۆم ئەنجام بدەن ئەوا ناوچە ئازادکراوەکان تاکو سنورەکانی ساڵی ٢٠٠٣ لەدەست دەدەن و پاشەکشەو پێدەکرێت”.
هەڵەکانی ریفراندۆم شیوازەکانی بوون کە بە رێکاری قانونی و پشتیوانی نێودەولی ئەنجام نەدرا بەڵکو زیاتر کاردانەوەی بارزانی بووە بەرامبەر بە بەغدا, وڵاتانی دۆستی کورد و کەسایەتیە کاریگەرە سیاسیەکان زۆر هەوڵ و تەقەلایاندا کاک. مسعود لە بڕیاری ریفراندۆم شیوان بکەنەوە بەڵام هەوڵەکان بێ کاریگەر بوون, گەورەترین دەرفەت لەبەردەم دەسەڵاتی کوردیدا هەبوو لەوەی نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تیلرسن قبوڵ بکەن چونکە بۆ کورد گەرەنتی تر هەبوو هەروەک چاودێری سیاسی مسعود عبدالخالق دەڵێت ” بەڵێنی بەلفۆر ٣٦ وشە بوو لە چوارچێوەی نامەیەکدا هاوکات ئەو نامەیەی تلرسن گۆرانکاریەکی وەچەرخانی بوو بۆ کورد کە لەسەدەی ٢١ یەکەم جار بوو ئەمریکا تێروانینی بۆ کورد بخاتە دەرەوەی چوارچێوەی عیراق”. وەزیری دەرەوە لە ئەمریکا نامەی شەخسی نیە, نامەکەی تلرسن پەیامێکی گرنگ بوو بۆ کورد لەوەی ئەمریکا دانی بە مافەکانی کوردا نابوو لەدەرەوەی دەوڵەتی عیراقدا, نامەیەکی تسدیقکراوی سیادی ئەمریکا بوو بۆیە بەجێبەجێکردنی داخوازیەکانی نامەکەی تلرسن و داواکەی قاسم سلێمانی دەسەڵاتی کوردی پێگەی فراوانتر دەبوو, وە کارتەکانی کوردیش بەرامبەر بەغدا بەهێزتر دەبوون.
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە دەسەڵاتی کوردی و سەرکردەکانی دوای ریفراندۆم تووشی ترس هاتن تا ئاستی ئەوەی بۆ بەغداو وڵاتان چەمانەوە, لەجێی ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم سوربن لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هەر زوو کەوتنە پاڕانەوەو لەگەڵ دەرچوونی بریاری دادگای باڵای فیدراڵی عیراق دەسەڵاتی کوردی رایانگەیاند کەوا ئەنجامی ریفراندۆم سڕ دەکەن, دواتر وتیان ڕێز لە بڕیارەکانی دادگا دەگرین, لە هەمووی مەترسیدارتر پابەندبوونی دەسەڵاتی کوردی بوو بە بڕیارەکانی دادگای باڵای عێراق کە ریفراندۆمی بەرەوە سوتان برد.
مسعود عبدالخالق دەڵێت: پابەندبوونی دەسەڵاتی کوردی بە بریارەکانی دادگای فیدڕاڵی سووتاندنی ئەنجامی ڕیفراندۆم بوو ئەوەش وایکرد قوەی ریفراندۆم نەمێنێت. بەبڕوای شارەزایانی سیاسی و قانونی هێشتا استفتاء (راپرسی) ساڵی ٢٠٠٥ کە کورد بڕیاری فیراڵی دا لە ریفراندۆمەکەی ٢٥ ی ئەیلول بەهێزترە چونکە ئەو راپرسیە رەتنەکراوەتەوە.
خراپترین دۆخ کە لەسەدەی ٢١ روبەروی کورد بوویەوە روداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر بوو کە: رەنج و خەباتی ١٠٠ ساڵەی گەلی کوردی بەرەو داڕوخان برد, لە % ٥٠ خاکی هەرێمی کوردستان لەدەست چوو, بە ئەنفال, کیمیاباران و کۆڕەو ئیرادەی کوردی تێکنەشكا بەڵام روداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر و پاشەکشەکردن لە ڕیفراندۆم سایکۆلۆژیەتی کوردی بەرەو ڕوخان و بێ ئومێدی برد, وەلائی نیشتیمانی لای هاونیشتیمانیانی لاواز کرد…. دەوترێت کورد لە عەفرین ٥٦ رۆژ مقاوەمەی دەوڵەتانی ناتۆ و تورکیایا کردو بەهەموو جیهانیان سەلماند کورد کۆلنادات بەڵام ئەو دەسەڵاتەی هەرێم کە تووشی ترس هاتبوون ٥٦ سەعات مقاوەمەی جەیشی عیراقیان نەکرد کە ئەوە هەموو کوردی توڕە و یاخی کرد لە پارتی و یەکێتی بۆیەشە لە %٦٠ خەڵکی هەرێم بەشداریان لە هەڵبژاردنەکان نەکرد.
بەپێی زانیاریەکان رۆژێک بەر لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە قەزای دووکان ئەمریکا دووبارە پەیامی داوەتە بارزانی لەوەی گەر ریفراندۆمیش ئەنجام دەدەن لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان ئەنجامی نەدەن, پارتی داواکەی ئەمریکای رەتکردۆتەوە, بەشێکی یەکێتی لەکەرکوک ویستویانە بە بەیانێک ڕایگەێنن کە ریفراندۆم لەکەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان ئەنجام نادەن بەڵام لەلایەن هێزێکی زیرەڤانی و کۆسرەت رسول رێگریان لێدەکرێت.
دەست بەرداربوون لە ئەنجامی ڕیفراندۆم و هەڵە گەورەکەی ١٦ ئۆکتۆبەر بە چۆلکردنی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان گەورەترین و کوشندەترین هەڵەن لەمێژووی نوێدا, کورد زۆرینەی دەرفەتەکانی لەدەستدا, مەترسیەکان تا ٣٠ ساڵی دیکەش کاریگەری نەرێیان لەسەر پێگەی کورد لە ناوچەکەدا دەمێنێت, بەرپرسیاریەتی ئەو هەڵە کوشندانەش دەکەوێتە ئەستۆی پارتی, یەکێتی و حیزبەکانی تری کوردستان جگە لە کۆمەڵ, بزووتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ کە دەسەڵاتی کوردیان لە مەترسیەکانی ٢٥ ئەیلول و روداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر ئاگادار کردبوویەوە, وە ناکرێت ئەو دۆزانە ئاوا بەبێ لێپرسینەوە و بە سزادانی هەڵەکاران تێپەڕ ببێت, بۆچی کەرکوک چۆڵ کرا, بۆ لە %٥٠ خاکی ئازادکراوی کوردستان درایەوە دەستی دوژمنان, ئایا نەدەکرا ئەنجامی ریفراندۆم نەسوتێنرێت و داوای دادگای فیدڕاڵی رەتکرێتەوە, کێ بوون پابەندبوونی خۆیان بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی دەربڕی لە پێناو چی و بۆ, بۆچی هیچ فەرماندەیەکی هەڵاتوو سزا نەدرا, بۆ ڕێگەدرا سوکایەتی بە زمان و ئاڵای کوردی بکرێت؟ بۆ وەڵام و ئەنجامی ئەو پرسیارانەو سەدان پرسیاری تر پێویست دەکات دەیان جەلسەی یاسایی و دادوەری ببەسترێت و سەرە داوەکان, نهێنیەکان, تاوان و هەڵەو بکەرانی ئاشکرا بکرێن و سزا بدرێن.
Salmankochary@yahoo.com

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.