ئەمریكا چی بۆ دەسەڵات كردوەو چی بۆ ئۆپۆزسیۆن دەكات؟

لەلایەن ستاندار Posted on 308 جار بینراوە

پ.ی.د.رعد رفعە

پێش وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستە چەند بنەمایەكی پەیوەست بە پرسیارەكە شیبكەینەوە. ئەوانیش:

ئامانجی ئەمریكا:

ووڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دوای جەنگی جیهانی یەكەم وەكو زلهێزێكی جیهانی سەریهەڵدا. ئەم ووڵاتە هەوڵیدا پێگە نوێیەكەی بۆ دارشتننی سیسەتەمێكی جیهانی نوێ بەكاربێنێ لە دروستكردنی عوصبەتولئومەم وبەدەستهێنانی سەربەخۆیی بۆ هەندێ گەلی ناو ئیمبراتۆریەتی نەمساوی وعوسمانی ورەخساندنی بازاڕی ئازاد وبانگەشەكردن بۆ لیبرالیەتی كۆمەڵایەتی ودیموكراتیەتی سیاسی.

هەربۆیە ئەمریكا لە سیاسەتی دەرەوەی دوو ئامانجی هەیە، یەكەمیان سەرەكی دووەمیان لاوەكیە. ئەویش:

یەكەمی سەرەكی: پاراستن وبەهێزكردنی پێگەی سیاسی وسەربازی وئابوری ئەمریكا لە نەخشەی نوێی جیهان ولەناو ئەم ئامانجەش پاراستنی دەوڵەتی ئیسرائیلە لەنەیارەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست.

دووەمی لاوەكی: بڵاوكردنەوەو پشتگیریكردنی مافەكانی مرۆڤ ودیموكراتیەت لە ووڵاتە نادیموكراتەكان لەرێگای پاڵپشتیكردنی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ومیدیا وچڵاكوانان وفشارخستنەسەر دەوڵەتە نادیموكراتەكان بەراپۆرتی نێودەوڵەتی و وەزارەتی دەرەوە و ئابوری ودیپلۆماسی وتەنانەت سەربازیش.

پێویستە بگوترێ: مەرج نیە هەموو كاتێك ئامانجە سەرەكی ولاوەكیەكە دژیەك بن، جاری واهەیە پەیوەندیەكی ئەوتۆیان لەنێوان نیە یان هەر تەواوكەری یەكتر دەبن. جاریواش هەیە ئامانجە سەرەكی ولاوەكیەكە دەكەونە بەرامبەر یەك، ئەگەر ئەمەش رویدا ئەوا ئەمریكا هەردەم ئامانجی یەكەمی پێشخستوەو بگرە زۆر جاریش ئامانجە لاوەكیەكەی كردۆتە پاساو بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە سەرەكیەكەی. پاڵپشتی ئەمریكا لە شۆرشی پرتەقاڵی ئۆكرانیا لە رێگای رێكخراوی “یۆرا” ورێكخراوی “كمارا” لە شۆرشی گوڵی جۆرجیا نمونەی زیندون بۆ بچوكردنەوەی روسیا وسنورداركردنی دەسەڵاتە سیاسی وئابوریەكەیەتی.

ئەمریكا مامەڵە لەگەڵ خاوەن كورسی دەسەڵات دەكات:

هەڵەیەكی زۆر باو هەیە لەناو میللەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوایە فڵانە سەرۆك یان سەركردەی سیاسی پیاوی ئەمریكایەو ئەو حزبە عەمیلی ئیسرائیل وئەمریكایەو بەكەس ناتوانرێ بڕوخێنرێن وبەرژەوەندی ئەمریكا دەپارێزێ لە ناوچەكەو هتد…

پێچەوانەكەشی هەر راستە؛ زۆر جار دەسەڵاتداران پروپاگەندەی دژ بە سەركردەو حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان بڵاودەكەنەوە گوایە ئەمریكا مامەڵەیان لەگەڵ ناكات وئەمریكا بەچاوی نەیار سەیریان دەكات وئەمریكا ورۆژئاوا تەنها مامەڵە لەگەڵ حزبەكانی دەسەڵات دەكەن چونكە بەرژەوەندیەكانیان دەپارێزێ.

بەڵام دوای شیكردنەوەیەكی زانستیانەو مێژوییانە بۆمان دەردەكەوێ ئەم دەستەواژەیە سەرتاپای هەڵەیە وبگرە زۆرجار لەلایەن سەركردەو حزبە دیكتاتۆر وگەندەڵەكان بەكارهێنراوەو بڵاوكراوەتەو برەوی پێدراوە بەمەبەستی ترساندنی خەڵكانی سادەو بگرە سەركردەو حزبە سیاسیەكانیش بۆ ئەوەی بێ هیوایان بكەن لە گۆڕانكاری وتەسلیمی واقعە تاڵەكە بن.

من لێرەدا چەند نمونەیەكی زیندوو لە مێژووی نوێدا دەهێنمەوە بۆ تێگەیشتن لەوەی ئەمریكا مامەڵە لەگەڵ خاوەن كورسی دەسەڵات دەكات هەر كێ بێت بێ گوێدانە ئایدیۆلۆژیا وبۆچون ورابردوی بەمەرجێك دژی بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا مامەڵە نەكات. لەو نمونانە :

شای ئێران: ئەمریكا ناوزەندی دەركرد بە “پۆلیسی كەنداو” وتەنانەت جیمی كارەتەر سەرۆكی ئەوسای ئەمریكا لە ساڵی 1977 وەسفی ئێرانی كرد بە “مێرگێك لە ئەمن وئاسایش لە دەریایەكی شڵەژاوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست”. بەڵام تەنها دوو ساڵ تێپەردەبێ بەسەر ئەو وەسفە لە سەروبەندی شۆرشی ئێران، ئەمریكا داوا لە شا دەكات واز لە كورسی حوكم بهێنێ وتەنانەت مافی پەنابەرێتیشی پێ رەوانەبینی.

سەدام حوسێن: ئەم دیكتاتۆرە هەڵەبجەی كیمیا بارانكرد وكوردی ئەنفال كرد بەڵام ئەمریكا تەنانەت بە ووشەیەكیش سەرزەنشتی رژێمەكەی نەكرد؛ چونكە پێویستی پێ هەبوو بۆ رێگریكردن لە ئێران. بەڵام كاتێك رژێمی سەدام بووە هەڕەشە بۆسەر ئیسرائیل وكوێت و ووڵاتانی كەنداو، ئەوا ئەمریكا هیچ حسابێكی بۆ رابردوەكەی نەكرد ورژێمەكەی روخاند.

حوسنی وموبارەك: لەسەروبەندی شۆڕشی گەلی میسری لە 25ی كانونی دووەمی 2011، هیلاری كلنتن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گوتی: بارودۆخی میسر ئاساییەو تەنها پێویستی بە چەند چاكسازیەك هەیە، بەڵام تەنها دوای هەفتەیەك كاتێك خۆپیشاندانەكان بەرفراوان وگەورەتربوون ئەمریكا بە راستەوخۆ داوای لاچوونی موبارەكی كرد وئەفسانەی عەمالەتی موبارەك بۆ ئەمریكای تێكشكاند.

پەروێز موشەرەف: لە ساڵی 2008 جۆرج بۆش سەرۆكی ئەمریكا پشتی لە موشەرەف كرد كە رۆڵی بەرچاوی هەبوو لە دژایەتیكردنی تیرۆر لە پاكستان وئەفغانستان.

فریناند ماركۆس: ئەمریكا پاڵپشتیەكی گەورەی ماركۆسی كرد لە ساڵی 1965 بۆ هاتنە سەر كورسی سەرۆكایەتی فلیپین، بەڵام كاتێك شۆرشی گەل دژی سەریهەڵدا لە ساڵی 1986 ستیفن بوزورس وەزیری دەرەوەی ئەمریكا داوای لە ماركۆس كرد ووڵات جێبهێڵێ، ئەوە بوو خۆی وخێزانەكەی فلیپینیان جێهێشت بۆ هایتی.

مانۆیل نۆریگا: ئەمریكا هاوپەیمانیەتی بەهێزی جەنەراڵ مانۆیل نۆریگای حاكمی راستەقینەی پەنەما لەساڵی 1969 تا 1989 بوو. ئەم جەنەراڵە رۆڵێكی گرنگی هەبوو لە دژایەتی كردنی تەوژمی شیوعیەكان. ئەمریكا بە فەرمی تۆمەتباریكرد بە فرۆشتنی مادە هۆشبەرەكان لە ئەمریكا و لە ساڵی 1989یەكەیەكی سەربازی ئەمریكی نۆریگای دەستبەسەركرد ولە ئەمریكا زیندانی كرا.

ئۆردوگان: هەرجەندە ئۆردوگان وحزبەكەی پاشخانی ئیسلامیان هەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوشدا ئەمریكا پشتیكرد لە هاوپەیمانیە علمانیە مێژوویەكانی لە توركیا ورێگریەكی ئەوتۆی نەكرد لە ئۆرردوگان بۆ هاتنە سەر كورسی دەسەڵات.

نیگەرانی ئەمریكا لە ئۆردوگان ئەوكاتە دەستی پێكرد كە چەند نیشانە ولێدوانێكی ئۆردوگانی دەبینی دژی ئیسرائیل ودەستێوەردانی لە سوریا ونزیكبونەوەی لە ئێران وروسیا.

ئەمریكا چی بۆ پارتی ویەكێتی كردوەو چی بۆ ئۆپۆزسیۆن دەكات؟

لەوەی پێشەوە بۆمان دەردەكەوێ ئەمریكا پاڵپشتی هیچ كەس وگروپێك نیە بەتایبەت، بەڵكو تەنها بەرژەوەندیەكانی خۆی دەپارێزێ لەگەڵ ئەو كەس وگروپانەی كورسی دەسەڵاتیان لەدەستە.

كەواتە ئەو پڕوپاگەندانەی گوایە پارتی ویەكێتی ئەجێنداكانی ئەمریكا لەهەرێم وعێراق وناوچەكە دەقاودەق جێبەجێدەكەن وبنەماڵەی بارزانی وتاڵەبانی عەمیلی CIA ی ئەمریكی ومۆسادی ئیسرائیلین ود.بەرهەم صاڵح پیاوی ئەمریكایە هەمووی دەكەوێتە بواری هەڵخەڵەتاندنی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان وگەوجاندنی جەماوەر.

ئەگەر ئەو پڕوپاگەندانە راستبوایە؛ مەسعود بارزانی دژی ئیرادەو سیاسەتی ئەمریكا ریفراندۆمی ئەنجام نەدەدا وئەمریكاش لەكورسی سەرۆكایەتی هەرێم نەیدەخست!

ئەگەر راستە یەكێتی عەمیلی ئەمریكاو ئێران بێت لەهەمان كاتدا؛ چۆن یەكێتی بەبێ رەزامەندی هەردوكیان ریفراندۆمی ئەنجامدا! چۆن ئەمریكاو ئێران فشاریان خستە سەر یەكێتی بۆ كشانەوەی كاندیدەكەی بۆ سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بۆ بەرژەوەندی كاندیدەكەی پارتی! ئەگەر بەرهەم صاڵح پیاوی ئەمریكایە چۆن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تەنها 2 كورسی بەدەستدێنێت ویەكێتی بە ساختە دەنگەكانی كەم دەكات!

لەكۆتاییدا دەڵێم ئەمریكا هیچ شتێكی تایبەتی بۆ پارتی ویەكێتی نەكردوە بۆ مانەوەیان لەسەر كورسی دەسەڵاتی هەرێم. بەهەمان شێوە هیچ شتێكی تایبەت بۆ حزبەكانی ئۆپۆزسیۆنیش ناكات بۆ ئەوەی دەستیان بگرێت وبیانكاتە سەر كورسی دەسەڵاتی هەرێم. ئەوە كارو پلان وقوربانیدانی جەماوەر وحزبەكانە دەتوانێ كورسی دەسەڵات لە ژێر پارتی ویەكێتی دەربێنێ وئەو كەس وحزبە لەسەری دابنیشێت كە دەتوانێ بەهێزەوە بێتە گۆڕەپانی ململانێیە جەماوەری وسیاسی وئەمریكاش پیرۆزبایی لێ دەكات بە مەرجێ بەرژەوەندیەكانی لە ناوچەكە بپارێزێ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.