كێشەی دەستاودەستكردنی دەسەڵات لەهەرێمی كوردستاندا

لەلایەن ستاندار Posted on 418 جار بینراوە

كمال محمد

بێگومان ئەم رەوشەی لەهەرێمی كوردستان ئەگوزەرێ وەك قازانجێكی زیاتر و دەستكەوتێكی زیاتر بۆ دەسەڵاتی هەردو بنەماڵە دەگەرێتەوە كەماوەی زیاتر لەچارەكە سەدەیەكە ئەم هەرێمە بەرێوەدەبەن و ئامانجیان ئەوەیە لەگەورەترین گەمەی دیموكراسیدا باڵادەستی خۆیان بەسەرهێزە راستەقینەكانی كۆمەڵگای دیموكراتیدا بەدەست بێنن و ناوەرۆكی دیموكراسیش خاڵی بكەنەوە، كەگوزارشت لەقوڵترین دۆخی قەیرانی بونیادی دەكات و بەردەوامیدانی بەم جۆرە سیستەمەش گرنگترین هۆكاری فاكتەرەكانی داخستنی دەسەتاودەستكردنی دەسەڵاتە، هەرچی رێگای دەستاودەستی دەسەڵاتیشە كە رێگایەكە بۆ دیموكراتیزەبونی كۆمەڵگا لەلایەن ئەم دوهێزەوە وەك بینرا كەئاسایی نییەو بەپێویستیەكی نەبو لێی ئەڕوانن! بەم جۆرە لەهەڵبژاردنەكاندا بینرا كەدەستیان دایەگۆڕینی ئیرادەو دەنگی راستینەیی هاوڵاتیانەوە لەرێگەی ساختەكاری لەپرۆسەكەدا ئەمەش لەپێناو ئەوەی مەترسی گۆڕانكاری دەسەڵاتیانی تێدائەكرا !

ئەگەرتەماشای ئەزمونە مێژوییەكانیان و هەڵوێستی نزیكی ئەم دو لایەنە بكرێت بەشێوەیەكی روون دەبینرێت كەچۆن كۆمەڵگا لەبواری ئایدۆلۆژی و سیاسیەوە توێنراوەتەوەو جۆرێك لە لەدەستدانی ماهییەت بۆتەوە،ئەم راستییەش چی پیشان ئەدات؟زیادبونی قورسایی دەسەڵات وپاوانی سیاسی دو بنەماڵە بەدرێژایی ٢٧ ساڵ، راستتر بڵێین تەواوی ئەم ماوەیە كەڵەبونێكی چڕكراوەی تێكەڵبونی دەسەڵاتی هەردوكیانە، بۆیە كاتێك باس دێتە سەرگۆڕانكاری سیاسی و حكومڕانی كەخواست و پێویستی هاوڵاتی بوون دەرئەخات، وەكچۆن ئەم دوهێزە دەسەڵاتدارە دومەیلی دژی یەكترن لەبەدەستهێنانی زۆرترین پۆست و سەرمایە، بەهەمان ئەندازەش هەوڵی مایەپوچ بوون و بێكاریگەركردنی هەوڵەكان و رێگاكانی گۆڕانكاری ئەدەن و ئامادەی گرتنەبەری هەمو رێكارێكی نایاسایین لەژێر پرەنسینی ترس و تۆقاندن و خوارافاندنی هاوڵاتیانەوە هەرجارەو بە بیانویە، ئەگەر سەرنجێك لەم واقیعە سیاسی و ژیانییە بدەین لەم هەرێمەی ژێر دەسەڵاتی ئەم دو بنەماڵەیەدا، دەگەینە ئەوبڕوایەی كەدەرەنجامی تەواوی كێشەكان دەگەرێتەوە بۆكێشە لەپێشینەكەی بەرلە ئازادی و یەكسانی و دیموكراتیزە بوون، كێشەی دەستاودەست نەكردنی دەسەڵاتە كەهۆكارە بەهەبونی دیموكراتی لەژێرمەترسیدا، بۆیە ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەركی هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵاتە بەجێبەجێكردنی ئەركەكانی خۆیان لەگۆڕەپانی سیاسیدا كەخۆی لەئاواكردن و پەلهاویشتنی تۆڕەكانی سیاسەتێكی راستینەیی وهەڵوێستێكی رەهاببینێتەوە لەتەواوی كۆمەڵگادا كەوەڵامی تۆڕەكانی دەسەڵاتی ئەم دوهێزە بنەماڵەییە بداتەوە لەدانانی سنورێك بۆیان،كەئەمەش خاڵێكی گرنگ و مایەی تێگەیشتن خودی كۆمەڵگایە لەچۆنێتی روبەروبونەوەو ناساندنی ئەم دەسەڵاتە وەك خۆی كاتێك رێگاكانی خەباتی پەرلەمانیان لەوهێزانە ئەگرت و پەرلەمان و یاساشكێنی پەرلەمانیان كرد بەبەرگی مێژوی رەش و دەسەڵاتی داسەپاوی خۆیانداو بەجۆرێك لە جۆرەكان ئامادەی دەستاودەست كردنی دەسەڵات و تاقیكردنەوەی ئەزمونێكی نوێی حكومڕانی نەئەبون بۆئەوەی قۆناغی قەیراناوی بەرەو چارەسەربون نەڕوات و كۆمەڵگا وشیارنەبێت چون هەركات كۆمەڵگا وشیاربێت ئەوكات توانای چارەسەریشی زیاتر ئەبێت و كاریگەری لەسەردەسەڵاتیان ئەبێت،

كاتێك كەهیگڵ كەدەوڵەتی بەباشترین ئامرازی ئازادی دانابو، بەڵام دواتر ئاشكرابو كەئەم ئازادییە تەنیا بۆ بیرۆكراسی و چینەكانی دەوڵەت جێگای باسە، بەواتایەكی دیكە ئەوەی بۆپاوانەكانی دەسەڵات بەرزترین ئاستی ئازادییە بۆتەواوی چینەكانی دیكە هەموو جۆرە كۆیلایەتییەكە، ئەمەرێك لەگەڵ ئەم جۆرە سیستەمەی هەرێمی كوردستاندا گونجاوە كەدەسەڵاتدارانی ئەم دوبنەماڵەیە بۆمانەوەی خۆیان لەوئاستە بەرزەدا ئامادەی ئەوەن ژیانی هاوڵاتیان و تەنانەت خاكیش بكەنە قوربانی كورسی دەسەڵات و بەرژەوەندییە ئابورییەكانیان و رازیكردن و دەست خۆشییەكی وڵاتانی دراوسێ، بۆیە لەهەر كۆمەڵگایەك سیاسەتی دیموكراتیانەو دەستاودەستی دەسەڵاتیان تێداپەسەند و پێڕەو بكرێت، پەرەسەندنەكانی ئازادی و دیموكراسی و یەكسانی پشتبەستو بەجیاوازییەكان لەتەندروستانەترین ڕێگاوە بەدی دێت كەخودی ئەم ئاڵوگۆڕەیە، بۆیە ئازادی و یەكسانی و دیموكراسی تەنیا لەمیانی هێزی گفتوگۆو گۆڕانكارییەوە بەدیدێت كاتێك كەكۆمەڵگاو دەسەڵاتی سیاسی بەهێزی زهنییەت و ویژدانی خۆی بگات و ئەنجامی بدات، كەئەمەش لەهەر كۆمەڵگایەك و سیستەمی حكومڕانییەكدا گونجاوترین ئامراز و رێگای سیاسی دیموكراتییە كە چارەسەری بۆ كێشەكان دەهێنێتە ئاراوە لە میانی دەستاودەستكردنی شەفافانەی دەسەڵاتەوە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.