ئامادەکردنی / سه‌نگه‌ر رسول*
كالیفۆرنیا – ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا
یه‌كه‌م: هه‌ڵبژاردنه ناوه‌ندییه‌كانی (Midterm elections ) ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا چییه؟
هه‌موو چوار ساڵ جارێك، دوو ساڵی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكی ئه‌مریكا، هه‌ڵبژاردنه ناوه‌ندییه‌كانی ئه‌و وڵاته به‌رێوه‌ده‌چێت بۆ هه‌ڵبژاردنی ته‌واوی ئه‌ندامی كۆنگرێس (نوێنه‌ران) و یه‌ك له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی سینات (ئه‌نجومه‌نی پیران)، هه‌ڵده‌بژێردرێن. بۆ نموونه: له‌ساڵی 2016 هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا به‌رێوه‌چوو كه دۆناڵد ترامپ بووه سه‌رۆك و له‌مساڵیشدا له 2018 هه‌ڵبژاردنه ناوه‌ندییه‌كان ده‌كرێت.
دووه‌م: چۆنییه‌تی جیاوازییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و سینات
دوو ساڵ جارێك هه‌ڵبژاردن بۆ ته‌واوی 435 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و یه‌ك له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی سینات (ئه‌نجومه‌نی پیران) كه له 100 ئه‌ندام پێكهاتووه ده‌كرێن، به‌شێوه‌یه‌ك كه ماوه‌ی خولی هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی سینات بۆ 6 ساڵه‌و ته‌مه‌نی یاساییان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران درێژتره. ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و سینات پێكه‌وه كۆنگرێس پێكدێنن؛ واتا كۆنگرێس له‌هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نه‌كه پێكهاتووه.
سێیه‌م: بۆچی بۆ سینات یه‌ك له‌سه‌ر سێیه؟!
له‌به‌رئه‌وه‌ی دووساڵ جارێك هه‌ڵبژاردن له‌ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌رێوه ده‌چێت و ته‌مه‌نی خولی یاسایی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران دوو ساڵه‌و بۆیه هه‌ڵبژاردنی ته‌واوی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌یه‌كه‌وه ده‌بێت، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی خولی یاسایی ئه‌ندامانی سینات 6 ساڵه، بۆیه بۆ رێكخستنی ماوه‌ی هه‌ڵبژاردن، ئه‌ندامانی سینات دابه‌شكراون بۆ سه‌ر سێ كلاسی یه‌كه‌م تا سێیه‌م و هه‌ر كلاسێك ماوه‌ی هه‌ڵبژاردنی ته‌واو بێت له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه ناوه‌ندییه‌كان یاخود سه‌رۆكایه‌تی به‌پێی كلاسی خۆی هه‌ڵبژاردن ده‌كرێته‌وه. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر سیناتۆرێك له 2016 هه‌ڵبژێردرابێت ئه‌وا له 2022 دا هه‌ڵبژاردن بۆ كورسییه‌كه‌ی ده‌كرێت و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌گه‌ر له 2012 هه‌ڵبژێردرابێت ئه‌وا له‌م هه‌ڵبژاردنه كورسییه‌ك ده‌كه‌وێته ژێر بریاری ده‌نگده‌ران.
چواره‌م: جیاوازی ده‌سه‌ڵاته‌كانی نێوان ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و سینات (ئه‌نجومه‌نی پیران)؟
ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران (په‌رله‌مان)،
1)بۆ ماوه‌ی دووساڵ (هه‌ر ولایه‌تێك رێژه‌یه‌ك كورسی بۆ دانراوه: بۆ نموونه؛ كالیفۆرنیا 53، دیلاوه‌ر 1 و جۆرجیا 14) له‌و ده‌زگایه نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و خه‌ڵكی ده‌كه‌ن.
2) گفتوگۆ سنووردار له‌باره‌ی پرۆژه‌كانه‌وه ده‌كرێت
3)ده‌سه‌ڵاتی جووڵاندنی لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی له‌سه‌رۆكی هه‌یه.
4) ده‌بێت سه‌رجه‌م پرۆژه‌كانی په‌یوه‌ست به داراییه‌وه لێره‌وه له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران سه‌رچاوه بگرێت. هه‌روها ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران زۆرجار به (Lower House) ناو ده‌برێت .
5)هه‌روه‌ها په‌سه‌ندكردنی پرۆژه یاساكانیش له‌رێگه‌ی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌وه ده‌بێت كه سه‌رۆكێكی هه‌یه.
له‌باره‌ی ئه‌نجومه‌نی سینات، ئه‌ندامانی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه كه:
1) بۆ ماوه‌ی 6 ساڵ هه‌ڵده‌بژێردرێن (به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، هه‌ر ولایه‌تێك و دوو ئه‌ندامی سینات نوێنه‌رایه‌تی ده‌كرێن)، له‌و ده‌زگایه زیاتر به‌نوێنه‌رایه‌تی فیدراڵی ناسراوه.
2) لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی له‌سه‌رۆك ده‌گرێته‌به‌ر.
3) كاندیدادانی دادوه‌ركان و ئه‌ندامانی كابینه‌ی وزاری و باڵیۆز.
4) هه‌روه‌ها گفتوگۆی كراوه (به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كه سنوورداربوو) له‌سه‌ر كه‌یسه‌كان.
5) هه‌روه‌ها په‌سندكردنی رێككه‌وتنه‌كان به 2/3 ده‌نگی ئه‌ندامان. جگه له‌وه‌ش ئه‌م ئه‌نجومه‌نه له‌لایه‌ن جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكاو چاودێری ده‌كرێت كه مافی ده‌نگدانی نییه ته‌نها له‌هه‌ندێك حاڵه‌تی زۆرتایبه‌ت كه ده‌نگه‌كان وه‌كو یه‌ك یه‌كسان بن بۆی هه‌یه پرسه‌كه یه‌كلا بكاته‌وه. هه‌روها سینات زۆرجار به (Upper House) ناو ده‌برێت
پێنجه‌م: بۆچی هه‌ڵبژاردنه ناوه‌ندییه‌كانی ئه‌مساڵ 2018 گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه؟!
له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك هه‌ڵبژاردنه ناوه‌ندییه‌كانی ئه‌مساڵ 2018 ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه؛ یه‌كێك له‌هۆكاره‌كان ئه‌وه‌یه كه له‌یه‌كه‌م خولی سه‌رۆكایه‌تی دۆناڵد ترامپ و دوای یه‌كه‌م دووساڵی ئۆفیس به 40% ره‌زامه‌ندی خه‌ڵكییه‌وه پارتی كۆمارییه‌كانی سه‌رۆك ده‌كه‌وێـته به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌خته‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌م هه‌ڵبژاردنه به‌هۆی ئه‌وه‌ی چاوه‌روانی سه‌ركه‌وتن و گه‌رانه‌وه‌ی دیموكراته‌كان ده‌كرێت به‌هۆی سیاسه‌ته‌كانی ترامپه‌وه ناونراوه به شه‌پۆلی شین(Blue Wave).
له‌حاڵه‌تی بردنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و سیناتی كۆنگرێس له‌لایه‌ن دیموكراته‌كانه‌وه ئه‌وا دۆناڵد ترامپ رووبه‌رووی سه‌ختی و دژواری ده‌بێته‌وه بۆ سه‌رخستنی سیاسه‌ته دارایی و ناوخۆییه‌كانی و له‌وه‌ش خراپتر چاوه‌رێی ده‌كات ئه‌ویش ئه‌گه‌ر هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نه‌كه بكه‌وێته ژێر كۆنترۆڵییان، ئه‌وا دیموكراته‌كان لێكۆڵینه‌وه‌كانی تایبه‌ت به‌پرسی رووسیاو دستدرێژییه سێكسییه‌كان و مه‌له‌فه ئابوورییه‌كان دژ به‌ترامپ ده‌جوڵێنن كه پرسی لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی له‌چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نه‌كه دایه.
له‌ئێستادا هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و سینات له‌ژێر كۆنترۆڵی كۆمارییه‌كاندایه‌و دوای 6ی نۆڤێمبه‌ر ئه‌و هاوكێشه‌ی چاوه‌روانی گۆرانی لێده‌كرێت كه له‌ئێستادا 236 كۆماری و 193 دیموكرات له‌گه‌ڵ شه‌ش كورسی به‌تاڵ نه‌خشه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران پێكدێنن و له‌سینات-یش به 1 كورسی كۆمارییه‌كان له‌پێشه‌وه‌ن و پێشبینیش ده‌كرێت به به‌ده‌ستهێنانی 24 كورسی دیموكراته‌كان ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان یه‌كلا بكه‌نه‌وه‌و بۆ سیناتیش یه‌ك كورسی هاوكێشه‌كه پێچه‌وانه ده‌كاته‌وه.
*سه‌نگه‌ر رسول (ماسته‌ر له‌په‌یوه‌ندییه سیاسییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان)_ له‌سه‌ر ئاستی عیراق ئێستا له‌چوارچێوه‌ی پرۆگرامی (Foreign Press Tour) وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كه نوێنه‌رانی 25 وڵات به‌شداری ئه‌و پرۆگرامه‌یان كردووه، له‌هه‌ردوو ویلایه‌تی كالیفۆرنیاو نیڤادا روماڵی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌و وڵاته ده‌كات