بەسەر هاتێکی سەرنجڕاکێشی نەخۆشێک لە شاری سلێمانی

لەلایەن ستاندار Posted on 364 جار بینراوە

ستاندەر/ تایبەت
(ڕێحان محمد امین) هاوڵاتییەکی دانیشتووی شاری سلێمانییە ولە ماوەی چوار مانگدا بەسەرهاتێکی سەرنجڕاکێش و بەئازار ڕووی تێکردبوو، بە وتەی کەس و کارەکەی بەهۆی نەزانین و کەمزانستی چەند پزیشکێکەوە بووە کە بەشێوەیەکی درووست یان نەبونی ئامێری پێویست ئەو هاوڵاتییە توشی ناڕەحەتییەکی زۆرلەئازار و قەلەقی و دڵەڕاوکێ بووە.
دەستپێکی ڕوداوەکە لە پۆستی کوڕێکی نەخۆشەکەوە کە تایبەت بۆ دەزگای ستاندەری ناردووە:
له‌ سه‌ره‌تای مانگی حه‌وتی ئەم ساڵ له‌ شه‌ودا دایکم تووشی خوێن به‌ربوونی لوت بوو، وە توانیمان به‌ ئاو وسه‌هۆڵ خوێن به‌ربوونه‌که‌ی دایکم بگیرسێنینە‌وه‌، زۆری پێ نەچوو له‌ به‌ره‌به‌یاندا دووبارە توشی هەمان حاڵەت بوویەوە‌ که‌ ئه‌مه‌یان خوێن به‌ربوونێکی تا ڕادەیەک زۆر بوو، وە ئێمە بە پێویستمان زانی کە دایکمان ببەین بۆ نەخۆشخانە و بردمان بۆ بەشی طه‌واری سلێمانی، له‌ طه‌واری دکتۆرەکان چوار پڵیته‌یان (له‌فاف) کردبووه‌ نێو لوتیه‌وه‌ کە بەو هۆیەوە توشی ئازاری زۆر ببوو.
ئاگادارکرابووینەوە کە دەبێت ئەو پڵیتانە بۆ ماوەیەک لەنێو لوتیدا بمێنێتەوە، دوای ماوه‌ی 15 ڕۆژ له‌ به‌رواری 15ی مانگی حه‌وت بردمانه‌وه‌ بۆ بەشی طه‌واری سلێمانی بۆ ده‌رهێنانه‌وه‌ی پڵیته‌کان، لەم کاتەدا دکتۆرێکی ئافرەت ئیشەکەی بۆ کردین، ئەوەی کە زۆر سەرنج ڕاکێش بوو بە لای ئێمەوە ئەم دکتۆرە تەنها (سێ) پڵیته‌ی لە لوتی دایکمدا ده‌رهێنا، وە ئێمە بۆمان دەرنەکەوت کە ئەو دکتۆرە نەیزانیبوو یان دڵنیا بوویەوە لەوەی کە هیچی تر لە پڵیتە لە لوتیدا نەماوە، پاشان ئەو دکتۆرە یه‌ک دوو پارجه‌ حه‌ب و مه‌رهه‌مێکی بۆ نووسی و چووینەوە ماڵەوە.
دوای 3 ڕۆژ، له‌ به‌رواری 18ی مانگی حه‌وت باری ته‌ندروستی دایکم هیچ باش نه‌بوو، ڕوو لە خراپی دەکرد و وه‌ به‌رده‌وام ئاو له‌ لووتی ئه‌هات. ئه‌مجاره‌ بڕیارمان دا بیبه‌ین بۆ نه‌خۆشخانه‌ی عه‌لی که‌مال، دکتۆری نه‌خۆشخانه‌ی عه‌لی که‌مالیش وتی: هیچ نییه‌ و حاڵەتێکی وەها نییە، وە ته‌نها مه‌رهه‌مێکی بۆ نووسی، وە ئەم دکتۆرە پێی وتین کە دوای پینج ڕۆژی تر بیهێنینه‌وه‌. دوای پێنج ڕۆژی تر له‌به‌رواری 23ی مانگی حه‌وت دایکممان برده‌وه‌ بۆ لای دکتۆری نه‌خۆشخانه‌ی عه‌لی که‌مال، دووباره‌ دکتۆره‌که‌ وتی: هیچی نییه‌ و دووبارە هه‌مان مه‌رهه‌می بۆ نووسییه‌وه‌.
باری ته‌ندروستی دایکم ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبوو، ماوه‌یه‌کی زۆر ئازار بەرۆکی دایکمی بەرنەدەدا. له‌دوای نزیکه‌ی دوو مانگ وبه‌دیاری کراوی له‌ 18 ی مانگی (نۆ) دایکممان برد بۆ نۆرینگه‌ی دکتۆر (ی)، ئه‌م دکتۆره‌ش وتی: ته‌نها ئیلتیهابی کردووه‌ وچه‌ند پارچه‌ حه‌بێکی بۆ نووسی. دیسان به‌هه‌مان شێوه‌کانی پێشوو بێ سوود بوو. دایکم تا ده‌هات ئازاری زیاتر دەبوو.
کۆتا جار بڕیارماندا بیبه‌ین بۆ نه‌خۆشخانه‌ی به‌خشین له‌ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌به‌رواری 17 ی مانگی (ده‌)، دکتۆرێکی لێ بوو کە‌ به‌ دایکمی ووتبوو: پێویستت به‌ تیشکی MRI هه‌یه‌. ئەوەشمان جێبەجێ کرد، هیچ نیشانەیەک دەرنەکەوت. پاشان دکتۆره‌که‌ پێی وتبوو: پیویستت به‌ ناظۆره‌، لێرەدا دایکم ئاماده‌ نه‌بوو ناظۆر بکات چونکه‌ به‌ شتێکی ترسناک هاتبووه‌ پێش چاوی.
دواتر توانیمان قه‌ناعه‌تی پێ بکه‌ین وله‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ له‌ به‌رواری 27ی مانگی (ده)‌ بردمانه‌وه‌ بۆ لای هه‌مان دکتۆر بۆ ئه‌وه‌ی ناظۆری بۆ بکات. له‌ دوای کردنی فه‌حصی ناظۆر ده‌رکه‌وتبوو که‌ له‌فافێک له‌ لوتی دایکمدا جێ ماوه‌ و پێشوتر له‌ نه‌خۆشخانه‌ی طه‌واری ده‌ریان نه‌هێنابوو.
دکتۆری نه‌خۆشخانه‌ی به‌خشین وتبووی: بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و له‌فافه‌ ده‌ربهێنین پیویسته‌ عه‌مه‌لیانتی بۆ بکرێ. پاشان ئه‌م دکتۆره‌ به‌ڕێزه‌ به‌سه‌رکه‌وتووی عه‌مه‌لیاته‌که‌ی کرد و دایکمی له‌و میحنه‌ته و ئازاره‌ بە یەکجاری ڕزگار کرد.
ئەم ڕوداوە بۆ ماوەی چوار مانگ دایکم و کەسوکارەکەمی توشی ئازار و دڵەڕاوکێ کرد، چوون و هاتن، ئەم عیادە و ئەو عیادە، کاتێکی زۆر و قەلەقی، لە کۆتاییدا هەمووی بەهۆی نەزانین و نەشارەزاییەوە بوو، وە بە داخەوە کە چەندین نەخۆشی تری ئەم کوردستانە بەم شێوەیە و ڕەنگە زیاتریش توشی هەمان کێشە و دەردەسەری بووبن، خوازیارم کە دکتۆرەکان بە جدی و ئەوپەڕی لێپرسراوێتییەوە و هەستێکی مرۆڤایەتییەوە ئەرک و ئیش و کارەکانی خۆیان بکەن، وە هیوادارم کە لێپرسینه‌وه‌ هه‌بێت له‌دکتۆره‌کان ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌کی کوشنده‌یان لەم جۆرە کرد.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.