سەبارەت بە پارەی پەرەلەمانتاران

لەلایەن ستاندار Posted on 349 جار بینراوە

مه‌ریوان وریا قانع

ھەموومان دەزانین پەرلەمانی کوردستان لە ڕۆژی دروستبوونییەوە ھەرگیز تیپی یەکەمی سیاسەتکردن نەبووە لە ھەرێمدا. ھەموو کەسایەتیی و گروپە خاوەن دەسەڵاتەکانی ناو ھەرێم بەردەوام لەدەرەوەی پەرلەمان و زۆربەی جاریش لەدەرەوەی حکومەتەدا بوون. بەڵکو بەشێکبوون لە ”دەسەڵاتێکی تەریب“ کە ھیچ کەس و لایەنێکی فەرمیی نەتوانێت لێیان بپرسێتەوە، مەکتەبی سیاسییەکان وەک نموونە. ھەرزوو ئەم مۆدێلە سیاسییە دۆخێکی دروستکرد تیایدا پەرلەمان ببێت بە جۆرێک لە ”دیکۆری سیاسیی“ و کاری سەرەکیی ئەوەبێت ڕەوایەتییەکی درۆزنانە بە ھێز و دەسەڵاتی ھەموو ئەوانە بدات کە دەسەڵاتدارانی ڕاستەقینەی ھەرێمەکە بوون، بە تایبەتی دەسەڵاتی دوو بنەماڵە سوڵتانییەکە و مەکتەبی سیاسییەکان و ھەندێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی دوو پارتە حوکمڕانەکە. جگە لەمە پەرلەمان وێنەیەکی بە جیھانی دەرەوە نیشانئەدا کە سیستمە سوڵتانییەکەی وەک سیستمێکی پەرلەمانی پلورال نمایشدەکرد. بۆ ھەموو ئەمانەش پەرلەمانتاران ھەم مووچەیەکی زۆر بەرز و ھەم کۆمەڵێک ئیمتیازاتی زۆری تریان بۆ دابینکرا.
لەگەڵ دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان و ھاتنەکایەی ئۆپۆزسیۆندا گۆڕانێک بەسەر ڕۆڵ و ئەرکی پەرلەماندا ھات. ئەگەرچی گۆڕانیش تیمێکی بۆ پەرلەمان نارد کە تیمی یەکەمی سیاسەتکردنی نەبوو، بەڵام ئەندام پەرلەمانەکانی ئەم ھێزە و ئەوانی ئۆپۆزسیۆنیش، لە درێژەی کارکردنی ڕۆژانەی خۆیاندا، توانیان پەرلەمان لە ”دیکۆرێکی سیاسیی“ەوە بگۆڕن بۆ ”ھێزێکی پەراوێزیی“ خاوەن ”دەسەڵاتێکی پەراوێزیی“. کێشەکە لەوەدایە ئەو سیستمە سوڵتانییەی دەسەڵاتادارانی ھەرێم لەسەر پێگەی خراپ بەکارھێنانێکی بەردەوامیی دەسەڵات و گەندەڵییەکی کەموێنە و قۆرخکردنێکی ترسناکی دەسەڵاتەکان دروستیانکردوە، بەرگەی ھیچ میکانیزمێکی سیاسیی کۆنترۆڵنەکراو و ھیچ شێوازێک لە چاودێریی و لێپرسینەوەی یاسایی ڕاستەقینە ناگرێت. ئەمە وایکردن بۆشاییەک لەنێوان دەسەڵات و پەرلەماندا دروستببێت کە پڕکردنەوەی ھەمیشە ئاسان نەبێت. پەرلەمان زۆرجار لە پێگەی پەراوێزیی خۆیەوە دەیتوانی کێشە و قەیرانی گەورە بۆ سیستمە سیاسییەکە و بۆ پەیوەندییە باڵاکانی دەسەڵات، دروستبکات. تا ئەو سنوورەی لە ھەندێک ساتدا سیستمە سیاسییەکە گیری بە دەستی ئەو دەسەڵاتە پەراوێزییەی پەرلەمانەوە دەخوارد، تا کار گەیشتە ئەوەی مەسعود بارزانی، بەرزترین سێنتەری دەسەڵات لە ناو سیستمەکەدا، لەسەر یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم، کە پەیوەندیی بە کورسییەکەی خۆیەوە ھەبوو، دەرگاکەی دابخات و پەرلەمانتارەکان بنێرێتەوە ماڵەوە.
لەدوای داخستنی پەرلەمانیشەوە دەسەڵاتدارانی ھەرێم، بەتایبەتی پارتی، کەوتنە پرۆسەی بێنرخ و ناشیرنینکردنێکی سیستماتیک و بەرفراوانی پەرلەمانەوە، بەسەدان شێوە کەوتنە گاڵتەپێکردن و شکاندنی پەرلەمان و پەرلەمانتاران. لوتکەی ئەم بێنرخکردن و شکاندنە لە دواھەمین ھەڵبژاردندا لە کاندیدکردنی چەندەھا کەسدا دەردەکەوێت، کە ھیچ سیفەتێکی وایان تێدا نییە ببنە ئەندامی دەزگایەکی سیاسیی وا گرنگەوە. مەسەلەی ئەم ملیۆنەھا دینارەی ئێستاش ھەڵقەیەکی ترە لە شکاندنی شکۆی تەواوەتی پەرلەمان وەک دەزگایەک و پەرلەمانتاریش وەک بکەرێکی سیاسیی بەرپرسیار و خاوەن کەسایەتیی. کێشەکە لەوەدایە ئەمجارە زۆرینەی ھەرە زۆری پەرلەمانتارکان خۆیان، بەوانەی ئۆپۆزیسیۆنیشەوە، بەشدارن لەم بێنرخکردنەی خۆیان و دەزگاکەیان. لە ئێستادا دۆخێک لە ھەرێمدا دروستبووە تیایدا لە چاوی ھاوڵاتیانەوە پەرلەمان بووە بە سوکترین دەزگای سیاسیی ناو مێژووی سیاسیی ئێمە و پەرلەمانتارانیش بە سوکترین کەسایەتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی. ئێستا پەرلەمان لەوە کەوتوە کە ڕۆڵێکی دیکۆریش بگێڕێت، بەڵکو بووە بە دەزگایەک ناشیرنتر لە دەزگا سیاسییەکانی تر. ئەوەی دەسەڵات چاوەڕوان بوو بیکەن، پەرلەمانتارەکان لەو چاوەڕوانییانە زیاتر دەکەن و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشدارن لە سوکایەتیکردنێکی ڕەھادا، ھەم بەخۆیان و ھەم بە پەرلەمانەکەیان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.