سیستمی سەرمایەداری سڕینەوەی بەها مرۆییەکانە ، ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەر ٣ سەرکردەکەی پەکەکە بە نموونە

لەلایەن ستاندار Posted on 1363 جار بینراوە

سیستمی سەرمایەداری سڕینەوەی بەها مرۆییەکانە ، ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەر ٣ سەرکردەکەی پەکەکە بە نموونەب

بڕوا ستار

کە باس لە سیستمی سەرمایەداری دەکرێت هەموو ئاراستەکان بەریخۆیان لە سیستمی سیاسی و خواستی سیاسی ئەمریکا دەکەن ، بەو پێیەی ئەم وڵاتە پێشەنگی مۆدێرنێتەی سەرمایەداری هاوچەرخە و دەیان ساڵ تێکۆشانی بۆ ئەوە کردووە کە ئەم کاڵایە لە بازاڕی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا گرانبەهاترین بکات ، بە واتایەکی تر ئەمریکا نمایندەی بلۆکی سەرمایەداری دەکات و تاکو ڕۆژی ئەمڕۆشمان لە پێشەنگایەتی پلە یەکدایە .

ئەم هەوڵ و تێکۆشانەی ئەمریکا بە دریژایی دەیان ساڵ بۆ چەسپاندنی ئەم سیستەمە بێ تەنگ و چەڵەمە نەبووە ، ئەگەر وردتر ڕوانین بۆ سیاسەتی ئەم وڵاتە بکەین لە چەندین وێستگەدا ڕووبەڕووی ناڕەحەتی بووەتەوە ، ئەمانەش لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووەم کە ڕووبەڕووی سیستەمی سۆشیالیزم بە هەموو ئاراستەکانیەوە بووەوە ، هەر لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆریای باکووری ئێستا و جەنگی ڤێتنام و هێرشەکانی سەر کوبا و شەڕی سارد تاکو دوای ڕوخانی بلۆکی سۆسیالیزم بە پێشەنگایەتی یەکێتی سۆڤیەت ، کە هەموویشیان لە رووی ئاراستەی سیاسی و ئایدۆلۆژییەوە سەر بە یەک ڕێگە و ڕێبازن ئەویش سۆسیالیزمە .

دوای ڕووخانی سۆڤیەت و لاوازبوونی بلۆکی سۆسیالیزم و بەهێز بوونی بلۆکی سەرمایەداری بە پێشەنگایەتی ئەمریکا ، ئیتر تاکە هێز کە مابێت و دژی خواستی سیستمی سەرمایەداری بێت لە ڕۆژهەڵات بە گشتی و بە تایبەتتریش رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پارتی کریکارانی کوردستان بووە ، ڕەنگە خوێنەر بپرسێت چۆن پارتی کرێکارانی کوردستان بەم هێزە کەمەی ئەتوانێت پێشەنگایەتی ئەم رەوتە سیاسییە جیهانەییە بکات ؟

پارتی کرێکارانی کوردستان جیا لە هەموو گروپ و پارتە سۆشیالستەکانی جهیان خاوەن هێزێکی شۆڕشگێری تۆکمە و ڕاهێندراوە بە پەروەردەی ئایدۆلۆژی و ئارتەشی شۆڕشگێڕی ، بەو پێیەی لە ئێستادا زۆرینەی گرووپ و پارتە سۆشیالیستەکانی جیهان یان لە دەستەڵاتن یان لە ڕێڕەوە سەرەکیەکەی خۆیان لایانداوە کە شۆڕشگێڕییە و بوون بە کاڵایەکی بازاڕی ئازاد یاخود پەرتەوازە بوون جا چ بە هۆی هۆکاری خودی خۆیانەوە یان هۆکاری پلانگێڕی ولاتانی سەرمایەدار بێت ، ئەمە جیا لەو هێزە مەعریفی و ئایدۆلۆژییەی کە بزوێنەری ئەم شۆڕشە فیکری و ئارتەشییەن ، لە ماوەی ئەم ٤٠ ساڵەی کەوا ئەو پارتە درووست بووە ، تاکە هیزێکە کە توانیوییەتی ، لە بەرامبەر چەندین پرسدا یەک لایەنە و یەکانگیرانە تیکۆشان بکات و دەیان و سەدان بەربەست و ڕیگری تێپەڕێنێت جا ئەم بەربەستانە ناوخۆیی بێت یان هەرێمی و نێودەوڵەتی ، لەوانە لە سەرەتای شۆڕشدا چەندین پێشەنگ و سەرکردەی بە توانا و خاوەن مەعریفەی باڵای لە دەستداوە (مەزڵوم دۆغان ، کەمال پیر ، حەقی قەرار ، عاگیف یەڵماز ، محەمەد خەیری درومش ، عەلی چیچەک و دەیانی تر لە پێشەنگە بالاکانی پەکەکە) ، لە هەمووشی تاڵتر ئەو پلانە نێودەلەتییەی کە ئەنجامدرا بە پێشەنگایەتی رۆژئاوا بۆ دەستگیرکردنی (ڕیبەر ئۆجەلان) و رادەستکردنەوەی بە دەولەتی داگیرکەری تورکیا .

دوای دەستگیرکردنی ڕێبەر ئۆجەلان ، چەندین پلانی هەرێمی و نێودەوڵەتی پێشخراوە بۆ لاوازکردن و لەناوبردنی پارتی کرێکارانی کوردستان ، لەوانە یارمەتیدانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەلایەن وڵاتانی ئیمپریالیزم لە ڕووی مادی و سەربازییەوە و ڕافاندن و تیرۆرکردنی پێشەنگەکانی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و درووستکردنی تۆری سیخوری و هەواڵگری و هەوڵی داخستنی کەناڵ و دەزگا ڕاگەیاندنە نزیکەکانی پەکەکە و سنووردارکردنی کار و چالاکی مەدەنی و بە تیرۆریست ناساندنی ئەم پارتە لەلایەن وڵاتە بە ناو دیموکراتخوزەکان .

ئەگەر سەرەنج بخەینەسەر مێژووی پارتی سیاسی لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد و هەموو گەلانی تری ناوچەکە دەبینین هیچ پارت و گروپێک نەبووە هێندەی پەکەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پلانگێڕی لەدژ کرابێت ، ئەمەش دەرخەری ئەو راستیەیە کە پەکەکە بە هۆی ئەوەی جۆرێکی تری سیستەمی سیاسی و کۆمەلایەتی تایبەتی دارشتووە و دژی بنەمای سیستەمی سەرمایەدارییە و هەوڵی جەسپاندنی ئەم سیستەمەی خۆی ئەدات ، وڵاتانی پێشەنگی سەرمایەداری ئەترسن لە جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە لە رۆژهەڵاتدا ، ئەگینا خۆ لە جیهاندا هاوشانی ئۆجەلان زۆر کەسایەتی و بیرمەندی تر هەیە کە دژی بنەماکانی سیستەمی سەرمایەدارین و لە گوڵ زیاتریان پێ ناوترێت و ئازادن ، بەڵام ئەوەی جیاوازییە لەنێوان ئۆجەلان و بیرمەندە سۆسیالیستەکانی تر ئەوەیە ئۆجەلان بە ئەندازەی تیۆر پراکتیکی پێشخستووە بەڵام ئەوانی تر تەنها لە ڕووی تیۆرییەوە پەرە بە بیر و هیزرەکانیان ئەدەن ، واتە لە چوارچێوەی تیۆرەوە فەلسەفەکانیان پێش دەخەن ، کە ئەمەش لە راستیدا بۆ دوەلی سەرمایەداری شتێکی ئاساییە ، بەڵام ئەوەی ئۆجەلان بەلایانەوە ترسناکە لەبەر ئەوەی ئۆجەلان بە پراکتیزەکردنی تیۆرەکانی ئەتوانێت واقعێکی دژە سیستەمی دەستەلاداریەتی سەرمایەداری ئاوا بکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، بۆیە لە ڕاستیدا پەکەکە تەنها شەڕی ئازادی کورد و گەلانی تورکیا ناکات بەڵکو لە بنەمادا شەڕی سیستەم پێش دەخات و رووبەڕووی زیهنیەتی دەستەلاداریەتی سەرمایەداری دەبێتەوە ، کە ئەمەش لە راستیدا بۆ وڵاتانی ئیپریالیزم و سەرمایەداری ترسناکە و وایان لێ دەکات مامەڵەی لەگەڵ نەکەن و بەلکو دژیشی بوەستنەوە .

بۆیە ئاساییە وڵاتێکی وەک ئەمریکا کە هەرەمی سیستەمی سەرمایەدارییە هەموو سیاسەتەکانی بببەستێتەوە بە بەرژەوەندی ئابووری وڵاتەکەی ئەگەر لەسەر بنەمای بێ ڕەوشتی و چاوداخستنیش بێت لە ئاست پرسە مرۆییە نێودەڵەتییەکان ، نابێت ئەوەش بشارینەوە بابەتێکی ئاساییە ئەمریکا پێشەنگەکانی پەکەکە بە تیرۆریست بناسێنێت و بانگەشەی پێدانی پارەی زۆر بکات بۆ ئەوانەی کە سەرکردەکانی پەکەکەیان پێ نیشان دەدەن .

دەتوانین جیا لە ڕوانینە نەرێنیەکەوە خاڵێکی ئەرێنی لەم ھەڵوێستەی ئەمریکا بوروژێنین و باسی بکەین ، ئەویش مەسەلەی پرسی ڕۆژئاوا و باکووری سوریایە ، کە ئەمریکا دەخوازێت بە ھەر نرخێک بێت باکووری سوریا وەک دیفاکتۆیێکی ھەرێمی بناسێنێت و بە وڵاتان بڵێت ئێمە جیاوازی دەکەین لەنێوان پەیەدە و پەکەکە ، ئەمە لە کاتێکدایە پەیەدە ھەمان ئاراستەی فیکری و سیاسی پەکەکەی ھەیە ، ئەمریکا ئەو ڕاستیە ئەزانێت ، بەڵام نایەوێت دانیپێدابنێت ، چونکە لە ڕاستیدا وەک باسمان کرد وڵاتێکی بەرژەوندخوازە و بە کۆتاییھاتنی پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژئاوادا لە شەڕی ٦ ساڵەی بە وەکالەت لەگەڵ ڕوسیا تووشی دۆڕان دەبێتەوە لە سوریادا و ھیچ ھەژموونێکی بەسەر ئەو وڵاتەوە نامێنێت لە بەرامبەر ڕوسیا ، بۆیە ناچار بۆ ئەوەی بە تورکیا بڵێت واز لە ڕۆژئاوا و باکووری سوریا بھێنە ، دەبێت لە بەرامبەریشدا دڵی تورکیا بە باتێکی تر ڕازی بکات ، ئەویش مەسەلەی پشتیوانیکردنی تورکیایە لە دژی پەکەکە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.