سیاسەتی ئەمریکا، ڕۆمانسیەت و جەهالەتی فکری ئێمە

لەلایەن ستاندار Posted on 417 جار بینراوە

هیوا خۆشناو

مرۆڤ بەقەد ئەوەی خەفەت لە ڕۆمانسیەتی کوردایەتی مرۆڤی ئێمە ئەخوا، نیوئەوەندە بیر لە ترسی ئەمریکا/ئینگلیز و هەژمونگەرایی جیهانی ناکاتەوە. کێشە و ترسی ئێمە لە ناوەڕۆکدا، تورکیا و ئێران و فڵان و فیسار نیە، بەڵکو کێشەی مردنی فکر و مەعریفە و زاڵبوونی عاطیفەیەکی کوێرانەیە. ئیتر چۆن جاشایەتی و گەندەڵی کوردایەتی باشوور وەک زیرەکی و بەئاقڵی دەبیندرێ. ڕۆمانسیەت و مەشروعکردنی پیلانگێڕی بەرەی هەژمونگەرایی لە لایەن کوردایەتی باکوریش “بەلایەنگرانیان لە باشوور و ڕۆژهەڵاتیشەوە” هەمان واتا دەگەیەنێ.

تەماشاکە ئەو هەموو موحەلیلە ڕۆمانسیەی کورد هەر لە تاراوگەوە تا دەگاتە هەرچوار بەشی کوردستان و لەوێشەوە تا دەگاتە دامودەزگاکانیان بکە:
-ئەمریکا فێڵ لە تورکیا دەکات!
-ئەمریکا دڵنەوایی دەداتە ئەردۆغان!
-ئەمریکا داوای ئازادکردنی سڵاحەدین دەمیرتاش دەکات و …هتد. چ جۆرە دڵسافی و نابیناییەک یەخەی گرتوون.

ئاخر ئەگەر تۆ لایەنگری بزووتنەوەیەکی سیاسی بیت و بڕوات پێی هەبێ، ئەبێ سەرەتا سەرکردە و ئێدۆلۆگەکانی بخوێنیەوە و هەرسی بکەیت. موحەلیلە سەیرو سەمەرەکانی کوردایەتی باکوور، کە زۆربەیان شەڕیانە لەسەر کێ لە ئەوی دیکەیان زیاتر خەمخۆری ئۆجالانە، بەبێ ئەوەی بەیەک ووشە بۆ ئەو لایەنە بچێ، بەسەری بازدەدات و ئەو بنێشتە کۆنە دەجوێتەوە.

پارادیگمای ئۆجالان، پارادیگمای کۆمەڵگەی سروشتی، زانستی کۆمەڵایەتی، ژینگە و ژنە. واتە دژ بە شارستانیەتە کە تیایدا ژن دەکرێ بە ژن و لە کەسایەتی ژندا پیاوی سمێڵ زل و تەواوی کۆمەڵگە ئەکرێ بەژن. ئەو شارستانیەی کە هەزاران ساڵە لەسەر بنەمای کەڵەکەکردنی دەستەڵات و سەرمایە لەسەر حیسابی کۆمەڵگە ئاواکراوە و ئێستاش شەڕەکە لەسەر ئەو یەکەیە.

ئەگەر مرۆڤ بیهەوێ لەوە تێبگات پێویستی بە دوشتە:
-خۆڕزگارکردن لە شارستانیەت، کە هەموو لایەنەکانی دەستەڵات، سەرمایە، زانستگەرایی سەرمایەداری و ڕژێمی پیشەسازی، دەوڵەت و نەتەوەی سەردەست، تا دەگاتە ئایینی دەستەڵاتخواز ئەگرێتەوە.
-خۆڕزگارکردن لەو چەمک و بنچینە ئێدۆلۆژیانەی مارکسیزم و سۆسیالیزمی ڕیال لە لایەک و بەرەی “دژە ئیمپریالیزمی ئیسلامی” کە هەژموونگەرایی ئینگلیز، لۆبی جولەکە و ئەمریکا ڕۆڵی مامانی بۆ دەگێڕێ. ئەوەی دووەم کە پکک لە شیوعیەکان جیادەکاتەوە بریتیە لەوەی خۆت لە بلۆکبەندی بپارێزی، بچیتە ناو سیستێم و ئەوەندە بەهێز و کارابیت ڕێگای قوتدانت دابخەیت.

مانەوەی ئۆجالان و هەرشتێک بەناوی پکک لە زیندان و بەناوکردنی وەک تێرۆریست، پەیوەندی بەو پارادێگمایەوە هەیە.

ئەمریکا لەو ڕۆژەی هاتە ڕۆژئاوا خۆ دەیزانی “پەیەدە” و باڵە سەربازیەکەی کێن و لە کوێ هاتوون، بەڵام ئەوان لەسەر ئەو بنچینەیە هاتوون ئەو لایەنە وەکو ئەوان دەیانهەوێ بخەسێنن و لە ڕەگەکەی دووری کەنەوە. ئەو سیاسەتە نوێ نیە و کۆنە، دروشمەکانیشی لە ڕابردو بریتی بوون لەوانە:
-بەڵێ بۆ کورد، نا بۆ پکک
-بەڵێ بۆ باشوور، نا بۆ باکوور
-بەڵێ بۆ باکوور، نا بۆ پکک
-بەڵێ بۆ پکک نا بۆ ئاپۆ
ئێستاکەش بەڵێ بۆ “جەنەڕاڵ مەزڵوم کۆبانێ” نا بۆ بایک، کاڵکان و قەرەییلان. لە هەمووشی ئاکتوێلتر:
-١٢ ملیۆن بۆ کەلە سەری بایک، کاڵکان و قەرەییلان، بەڵێ بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش!!
ئیتر هەڵپەڕین بۆ ئەمریکا لە پێناوی ئەوەی داوای ئازادی دەمیرتاش دەکات، مەشروعکردنی کوشتنی مامۆستایەکانی ناوبراو نیە؟

ئۆجالان و هەڤاڵانی بەر لە دەسپێکردنی ئەیانزانی نوسینەوە و داڕشتنی سیاسەتی دژ بە هەژموونگەرایی، ئەگەری کوشتن و ڕزاندنەوەی لە زیانداندا لێ ئەکەوێتەوە. بەڵام لە تەواوی ناوچەکەدا ئەو جولانەوانەمان بینین کە چۆن لە غیابی فکر و هیچ خوێندنەوەیەک بۆ هەژموونگەرایی توانەوە. بزووتنەوەی گۆڕان بۆ نمونە. هاوکات بزووتنەوەی طاڵیبانیشمان بینی کە هەرچەند خۆشی دەستکردی ئەمریکا بێ، بەڵام بەهۆی ئەو تایبەتمەندیە ڕۆژهەڵاتیەی کە وایلێکردوە بە ئاسانی نەخزێتە ناو شارستانی و نەبێتە پارویەک بۆ هەژمونگەرایی، چۆن ئەمریکای بێچارە کردوە لە ئەڤغانستان.

بەکورتی: ئەمریکا شەش سەرکردەت لێ دەستێنێ و یەکت بۆ دەگەڕێنێتەوە. ئەگەر ئەو بڕیارە لایەنی تەکتیکی لەلایەنی جێبەجێکردنی لە پێشیش بێ، وەک ئەخلاق و مەعریفەی سیاسی دەبێ ڕەدبکرێتەوە و خەباتی بۆ بکرێ. ئەو بڕیارە ئەگەر بۆ دڵنەوایی و ڕازیکردنی تورکیا و دوورخستنەوەی لە بەرەی ڕوسیا و ئێرانیش بێ، لایەنە مەترسیدارەکەی ئەوەیە، لە ژێر ئەو بڕیارەدا دەتوانێ پشتت تێبکات و لەگەڵ تورکیا ڕێکبکەوێ، ئەگەر هاتو لە سوریا و عێراق لەوەی ئێستا تەنگەتاوتر بو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.