«مجتمع الکراھیە»

لەلایەن ستاندار Posted on 401 جار بینراوە

بەھرۆز جەعفەر

ھەریەکە لە نیۆرک تایمز و حوڕییەت و ڕۆیتەرز ھەواڵێکیان لە دەیلی سەباح وەرگرتووە (دەیلی سەباح: نزیکە لە ئەردۆگان و لەسەر ئەو حیسابە). گوایە جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبونەوەیدا لە ئەنقەرە باسی لە بەتیرۆریست ناساندنی سێ سەرکردەی پەکەکە کردووەو، (١٢) ملیۆن دۆلاریش بۆ دەستگیرکردنی ھەر سێکیان تەرخان ئەکات!.
یەکەم: ئەو ھەواڵە جارێ سەرچاوەیەکی فەرمی نیە (ھەرچەندە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تورکیا ئاماژەیەکیشی پێکردووە).
دووەم: مەینەتباری گەلێکی سەرلێشێواو دەرئەخات، کە سەرقاڵن بە پاسکیلەکەی جەلال پەرێشان و وێنەی خێزانەکەی کاوە گەرمیانییەوە لە پەرلەمان.!.
سێھەم: کورد ٢٧ ساڵە لەدەرەوە یەک ئۆفیسی نییە، یەک کێڵگەی بەیاری نەکێڵاوە. لەگەڵ دوو توێژەری بیانی چوینە لای دوو لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم ھەردوکیان ئەیانگوت «وامانزانی بارزانی لە دەرەوە ھەموو شتێکی بڕاندۆتەوە، ویستمان لە ناوەوە ھاوکاری بین، لەسەر ئەو بنەمایەش خەڵک دەنگی پێداین!». لەبەرئەوە لە ھەر کاتێکدا لەتوانادا ھەیە بە دوو پەرەگراف ھەموو سیاسەتێکی ئابوریی و نێوخۆیی گەلی کورد تێکو پێک بشکێنرێ.
چوارەم: لە دونیادا ئەوە ساخ نەبۆتەوە ئایا گروپە نەتەوەییە چەکدارەکان تیرۆریستن؟. ئەمە ئەرگیۆمێنتێکە ئەکرێت کورد بەدەم لۆبی کردنەوە لەدەرەوەی خۆی ئیشی لەسەر بکات، ئەگەر وایە ئایا بزوتنەوەی رزگاریخوازی فەلەستین PLO و بەرەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانی جەزائیری و گروپەکانی تر لە ئەمریکای لاتین و ئەوانەی کۆماری مۆز و فەنزەوییللیەکانی سەردەمی شاڤێز، حیزبی شیوعی ڤێتنامی و، یەکێتی نیشتیمانی ئەفریکی لە زیمبابۆی و…ھەتادوایی… ھەموو ئەمانە تیرۆرستن؟. کام تیۆرە پاڵپشتی ئەمەیە؟. ئایا ئەوەی سۆراخی ناسنامەکەی بکات تیرۆریستە؟. ھەموان ئەڵێن نەخێر. ئەی بۆ تورکیا پاڵپشتی خالید مەشعەل ئەکاو لە زارگەلی و ڕۆبۆسکی کورد ئەکوژێت بە بیانوی پەکەکەوە؟. کەواتە لێرەدا تیرۆری دەوڵەت ھەیە…ئا ئەمەیە کورد ئەبێت لە ڕێگەی دروستکردنی ئەکتەری نا- دەوڵەتیەوە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا کاری لەسەر بکات…
پێنجەم: خەڵکی کورد سەریلێشێوێندراوە، بەھۆی بونی باکگراوەندێکی عەقائیدی ناوچەیی لە ململانێکاندا، ئەوە لە ئاینی عەلەوییەکاندا ھاتووە کە «دوو کوێر» دەرئەکەون لە باکورو باشوری سوریاوە شەڕێکی کاولکاری دروست ئەبێت!. ساڵی (١٩٦٧) کاتێک «ئەمین حافز» سەرۆکی سوریابو، لە ئیسرائیل «موشیە دایان» وەزیری بەگری بو، کە موشیەدایان پیاوێک بو یەک لە چاوەکانی کوێر بو، یەکسەر سەرۆکی سوریا «جۆلان» ڕادەستی ئیسرائیل ئەکا ئەڵێ بەخوا ئەمە پیاوە کوێرەکەیە کە لە باکورەوە دێت!. ئینجا ئەوکاتانە «سەعد جومعە» سەرۆکوەزیرانی ئەردەن ئەبێت کتێبێکی نوسیوە بەناونیشانی «مجتمع الکراھیە» واتە کۆمەڵگای خراپەکار یان پڕ ڕق و کینە، زۆر بە کۆمیدی باسی ئەم کۆمەڵگانەو بڕیارەکەی سەرۆکی سوریا ئەکات.
ئەوجا ئەو میللەتی کوردە سەری لێشێوێنراوە، نازانێ کێ دوژمنیەتی، ڕۆژێ بەغدا دوژمنە، ڕۆژێ داعش، ڕۆژێ حەشدی شەعبی، ڕۆژێ ئەڵێ خۆمانین، ڕۆژێ ئێرانە، ئینجا ئەڵێ دونیاکە خۆی خراپە.
ئێ بێگومان دونیاکە خراپە، ئەفسەرێکی ئاسایش بە لۆری پارە کۆبکاتەوە و خۆی سەربەخۆیانە بۆڕی کون بکاو نەوت بفرۆشێ، پەرلەمان پڕ بکرێ لە ھەڕەج و مەڕەج، بێگومان دونیاکە خراپە میللەتێ ئۆقیانوسێک خوێنی ڕشتووە بۆ سەربەخۆیی کەچی کێبڕکێیانە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە باوەشی دوژمنەکەیان!. ھەمویان گەندەڵی ئەکەن و ھەموشیان ھاوپەیمانی ئەبەستن بۆ بەگژاچوونەوەی گەندەڵی و داوای بنبڕکردنی ئەکەن…ھەروا ئەبێت چ نییە.!.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.