ئەوەی بایەخی نییە لای سەرکردایەتی کورد …..

لەلایەن ستاندار Posted on 444 جار بینراوە

ئارام چۆمانی

( ناوەندەکانی لێکۆڵینەو توێژینەوە ) لە دونیای ئەمڕۆی سیاسەت دا بۆتە بەدیلی دەزگاو دامەزراوە موخابەڕاتی و ھەواڵگریەکان ، بۆ ئێمەی کورد ئەوەی تاکو ئێستا ھیچ بایەخی پێنەدراوە و یان بەگرنگ نەزانراوە ، ئەو ناوەندە گرنگانەن کە ئێستا بوونەتە بنەمای داڕشتن و دیزاینی سیاسەتی نوێی پێشکەوتن و تەنانت مل پێکەچکردنی بەرامبەرەکان ..

کورد لەباشووری کوردستان لە مفاوەزاتی ١٩٧٤ ەوە تاکو پرۆسەی ڕیفراندۆم ، جگە لە نوخبەیەکی دیاریکراوی سیاسی کێ و کام دامەزراوەی ھاوشێوەی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە بەژداری پێکراوە ، ئایا کورد لە مفاوەزاتی ١٩٨٤ دا چەند سوودی لە مفاوەزاتی ١٩٧٤ وەرگرتووە ، بۆ پرۆسەی ڕیفراندۆم کام لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی کردە بنەمای بڕیاردان ، ئایا خاڵە بەھێزەکانی زیاتر بوون یان لاوازەکانی …..

یەکێک لەبەرپرسەکانی موخابەڕاتی عێراق بە یەکێک لەسەرکردەکانی کورد دەڵێت کە دەرفەتێکی زێڕینتان بۆ ھاتۆتە پێش بەوەی کە عێراق لەجەنگە لەگەڵ ئێران ، پێویستی بە ئێوەیە ، کورد لەبەر ئەوەی ھیچ لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیەکی لەبەردەست دا نەبوو ، ئیتر عاتیفەو کەم ئەزموونی کاریگەری بەسەر بڕیاردانی سەرکردایەتی کورد دەبێت ، بۆیە ئەمە ڕەت دەکەنەوە بێ ئەوەی بیر لەو ھەموو پشتوانیەیی غەرەب بکەنەوە بۆ عێراق لە دژی ئێران ، دەرئەنجام عێراق ئێرانی بردەوە سنورەکانی خۆی و ناچاری شەڕ ڕاگرتنی کرد ، خومەینی خۆی دەڵێت ، بەناچاری ئەو جامە ژەھرە دەخۆمەوە ، ئیتر کورد لەدوای ئەو ڕێککەوتنە بایەخی پێشووی نەما ، عێراق و ئێران ڕێککەوتن ، کورد لەھەردوو دیوی پێش ڕێککەوتن و دوای ڕێککەوتن بەدەستی بەتاڵ لێی دەرھات ، کاتێک ڕێککەوتن روودەدات ئیتر کورد دەکەویتە لۆمە و ھاوار کە گەلەکۆمەی لێدەکرێ و پیلانی لەدژ ئەنجام دەدرێت ، کاتێک خۆت خاوەنی پڕۆژە نابیت بۆ رووداوەکان ، ڕووداوەکان لەسەر تۆ ناوەستن ، ئەمە تەنھا کاتێک ڕێککەوتنێکی ئیقلیمی روودەدات ئەنجامەکان بۆ کورد وامەترسیدار دەبێت ، باشە لەوە مەترسیدارتر ئەوەی ئێستایە کەلەکاتێک دا ڕێککەوتنی ئیقلیمی ھاوتەریب دەبیت لەگەڵ بەرژەوەندی نێودەوڵەتی ، سەرکردایەتی کورد ( نوخبەیەکی دیاریکراو ) بریاڕ لە پرۆسەیەکی وەک ریفراندۆم دەدات ، بێ ئەوەی گوێ بەو پڕۆژە و گەڵاڵەنامانە بدات کە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەراست دا ھەن ، ئەمەش لەئەنجامی بۆشای و نەبوونی ناوەندێکی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەییە ، لەلایەکی تر سەرکێشی و لەخۆبایی بوونی سەرکردایەتی کورد ھۆکارێکی ترە …

کورد لە ڕۆژھەڵاتی ناوەراست بەھۆی کۆمەڵێک گۆڕانکاری ، بەتایبەت لە رووبەڕووبونەوەی دژ بە داعش دا چاوی دونیای کەوتە سەر ، تەنانەت لە مامەڵەیەکی ئینسانییەوە چووە نێو مامەڵەیەکی سەربازی کە ئەم مامەڵەیە دوا ئاستی پەرەپێدان و پەیوەندی نێودەوڵەتیە ، ( ئەم بایەخە زیاتر ھەڵەکانی دەوروبەر دروستیان کردووە کەمتر کورد دەستی تیا ھەبووە ، لەوانە ھەڵەی پەلاماردانی کوێت لەلایەن سەدام حسین ، داخستنی بنکەی ئەنجەلنیک بە رووی ھێزەکانی ھاوپەیمانان ، ھاتنە پێشەوی ئیسلامییە توندڕەوەکان لەناوچەکەدا…..ھتد ) ، ئەو بەرەو پێشوەچونەی گەلی کورد ( وەک نەتەوە نەک دەستەڵات ) ، خرابایە ژێر لێکۆڵینەوە و توێژینەوە بۆ ئەوەی خاڵە ئیجابیەکان بدۆزینەوە و خاڵە سلبیەکانیش خۆی لێبپارێزین ، بەڵام ئەم دەستکەوتانە کراوەتە قوربانی ململانییەکی بەرژەوەندیخوازی حیزبیانە و پیشاندانی پرۆسەیەکی ناتەندروستی حوکمڕانی و کەلەو سەر بەو پەڕی پەرتەوازەیی و دابەشکراوی لێی ھاتونەتەدەر ، تەنانەت ھەر وەفدێک سەردانی ھەرێم بکا ، ئەبێت سەرێکی لەھەولێر بێت ، سەرێکیش لەسلێمانی…

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.