میدیای ئازاد دۆزەخی ترامپ دەبێت

لەلایەن ستاندار Posted on 469 جار بینراوە

نیاز عەبدوڵا

پرسیارەکەی رۆژنامەنووسی کەناڵی CNN جیم ئاکوستا لە دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەبارەی بەکارھێنانی کۆچبەران لە رێکلامی ھەڵبژاردنەکان کە بە سەر دیواردا سەردەکەون، لە کاتێکدا ئەو کۆچبەرانە سەدان کیلۆمەتر لە سنوورەکانی ئەمریکا دوورن.

توڕەبوون و کاردانەوە و داواکردنی دۆناڵد ترامپ-ی لە جیم ئاکوستا بۆ دانانی مایک لێکەوتەوە، بەڵام جیم لە پرسیاری دووەم نەوەستا سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی دەستتێوەردانەکانی روسیا، ئەمەش ترامپ-ی توڕەتر کرد و وتی “دەبێت CNN شەرم لە خۆی بکات تۆ کاری بۆ دەکەیت، تۆ کەسێکی بێ رێز و خراپیت، نەشیاوە تۆ بۆ CNN کاربکەیت”.

دوای پشتیوانیکردنی رۆژنامەنووس پیتەر ئالێکساندەر لە کەناڵی NBC

لە رۆژنامەنووسەکەی CNN بەوەی ئاکوستا مرۆڤێکی باش و بەڕێزە، ترامپ ئەویشی تۆمەتبارکرد بە بڵاوکردنەوەی ھەواڵی ساختە و دوژمنی خەڵک.

کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی کۆشکی سپی لە دوای ھەڵبژاردنەکانی ئەندامانی کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیران و لە دەستدانی پێگەی پێشووی کۆمارییەکان، نیوەی یەکەمی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی دۆناڵد ترامپ-ی زیاتر خستە ژێر پرسیارەوە، بەتایبەت ناوبراو بەردەوام وەک کەسێکی نەتەوەیی خۆی ناساندووە، بەڵام لە لایەن دیموکراتەکان و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ وەک کەسێکی راسیست و دژ بە میدیای ئازاد رەخنەی تووندی ئاراستە کراوە.

ئەو رەفتاری بەرەنگاربوونەوەیەی ترامپ بۆ ھەردوو رۆژنامەنووسەکە و سوکایەتی پێکردنیان بە ئاسانی بەسەریدا تێنەپەڕی، دەزگا راگەیاندنە ئەمریکییەکان و نێودەوڵەتییەکان پانتاییەکی زۆریان بۆ ئەم بابەتە تەرخانکردووە، لەم پرسەدا بەتەواوی یەکیانگرتووە بۆ رەخنەگرتنی توند لێی، لە رێگای ئەم رووداوەوە کۆی کارەکانی دوو ساڵی رابردووی سەرۆکی ئەمریکا خراوەتە ژێر پرسیار و مەترسی بەردەوامبوونی سیاسەتەکانی لەسەر داھاتووی ئەمریکا بە روونی باس دەکرێت.

بە تایبەت رەفتارە ناشرین و بێڕێزەکانی پێشووی لەگەڵ میدیاکانی وڵاتەکەی بەردەوام نمایش دەکرێتەوە و پەیوەندی بەرگریکارانەی NBC لە CNNیش بۆتە مایەی سەرنج و سیمبولی رێزگرتن لە ھاوپیشەیی رۆژنامەوانی.

سەرەڕای ھێرشە پێشینەکانی بۆسەر میدیاکان، بەڵام ئەو رەفتارەی سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە راگەیاندنی فەرمی جەنگ بوو لەگەڵ میدیاکانی وڵاتەکەی، بەپێی دۆخی رابردوو و ئێستاشی، نیوەی دووەمی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی قورسترین دەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی و میدیای ئازاد دەبێتە دۆزەخی سیاسەتەکانی، لەبەرامبەردا وەڵامەکانی ئەویش لە رێگای ژمارەی تویتەرەوە ئەگەری ھەیە تووندتربن بۆ میدیاکان.

لەم رووداوەدا گرنگی رۆڵی رۆژنامەنووسانی ئەمریکی و بەرگریکردنیان لە بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی لە ئاستێکی بەرزی ئەو بەرپرسیارێتییە دایە کە میدیای سەردەم دەیخوازێت. بۆیە لە دوایین وتاریدا رۆژنامەنووس تۆماس فریدمان نووسیبووی “ھەست دەکەم وڵاتەکەمان لە مەترسیدایە” بەھۆی سەرۆک ترامپ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.