حزبی شیوعی بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوونی دا

لەلایەن ستاندار Posted on 372 جار بینراوە

ستاندەر

راگەینراوی كۆبونەوەی كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان

كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی : “بۆ چوارساڵی داهاتوو رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەبینین و چەندین بریاریش وەرگرا لە چوارچێوەی خۆئامادەكردن بۆ رۆڵبینینی كاریگەر وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی چەپی دیموكرات “.

لە بەرواری 12ی تشرینی دووەمی 2018، كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان كۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و گفتوگۆیەكی چڕو پڕی بە گیانێكی شۆرشگێرانە و هاورێیانە ئەنجامدا لە بارەی هەڵومەرج و گۆرانكاری سیاسی لە ئاستی ناوخۆیی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و هەڵسەنگاندنی پرۆسەی هەڵبژادنی پەرلەمانی كوردستان بە پاڵپشت بە راپۆرتە ئامادەكراوەكان .

ئەمانەی خوارەوە هەڵوێستی حزبی شیوعی كوردستانە :

لە بارەی هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەتی عێراقدا ئەوەی لەم بوارەدا رووبەرووی حزبمان دەبێتەوە جەختكردنە لەسەر ئەوەی كە ئەو حكومەتانەی لە سەر بنەمای بەشبەشێنە و مەرجەكانی مەرجعیەتی ئاینی و دەستێوەردانی ئێران و ئەمریكا پێك دەهێنرێت، توانای چارەسەركردنی كیشەكانی خەڵك و دابینكردنی سادەترین پێداویستەكانی ژیانی پڕ كەرامەت بۆ خەڵكی زەحمەتكیش نییە. لە هەمان كاتدا كێشەی عێراق قەیرانی بنیات وهیكەلیەتی دەوڵەتە و كێشەكانی هەولێر و بەغدا لە بازنەیەكی داخراودا دەسورێتەوە، و پرسیاری گەورەش پەیوەندی بە شوناسی ئەم دەوڵەتە هەیە كە هاوكاتە كە لەگەڵ بنبەستی ئەو پرۆسە سیاسییەی كە لە 2003وە دوای روخاندنی رژیمی فاشی بەعس دەستی پێكردوە و دوای زیاتر لە پانزە ساڵ ، عێراق نەبۆتە دیموكراسی و نە فدرالیەتی حەقیقی جێبەجێ كراوە، ئەمە جگە لەوەی لەرەوتی دەوڵەتی مەدەنیش لایداوە.

لەبارەی وەزعی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی ، ناكۆكی نێوان ئێران و ئەمریكا بەردەوامە و چاوەڕی دەكرێ لە داهاتودا گوشاری ئابوری لەسەر ئیران و سزاكان زیاد بكرێت كە پێمان وایە لێكەوتی خراپی لەسەر ژیانی كرێكاران و هاوڵاتیانی دانیشتوی ئێران دەبێت . ئەم سزا ئابورییانەی ئێستا هەڵبەتە قورسترە لە وانەی پێشوو تر و نرخی تومەنی ئێجگار دابەزیەوە بەڵام لە بواری سیاسی هەموو ئەگەرێك لە ئارادایە بە ئەگەری سازشبوونی ئێران و ئەمەریكا.

حكومەتی ئۆردوگان قەشە ئەمەریكیەكەی ئازاد كرد بەڵام تا ئێستا پەیوەندییەكانی ئەمریكا و توركیا لە حالەتێكی باش دا نییە. هەندێ گۆرانكاری لە سر نرخی لیرە دەبێت بەڵام وەكو جاران توانای خۆی بدەس ناهێنێتەوە. ئۆردگان قەیرانە ناوخۆییەكانی ئاراستەی دەرەوە دەكات. مەسەلی كورد لە توركی لە جێگای چارەسەركردن زیندان و گرتوخانەكان لە توركیا پڕ بوونە لە خەڵك. هەرەشەكانی ئۆردۆگان بۆ كوردانی رۆژئاوا بەردەوامە و ئەمەریكا بوونی خۆی لە رۆژهەڵاتی فورات سەقامگیر كردوە و بە وێستگەیەكی چارەنوسازی خۆی دادەنێت بۆ ئەوەی بەشداری لە سەر چارەسەری سیاسی وەزعی سوریا بێت.

ناكۆكی نێوان توركیا و پەیەدە زیادیكردوە. توركیا هەرەشە لە رۆژهەڵاتی فورات دەكات. تا ئێستاش ئەمریكا و روسیا نەگەیشتونەتە رێكەوتنێك سەبارەت بەم ناوچەیە. پەیەدە بە هۆی هەڕەشەی توركیا شاڵاوی سەربازی لە دیرالزور ڕاگرت.، هاوكات كۆمیتەی ناوەندی حزب ، بەهەستیارییەوە دەڕوانێتە گۆڕانكاریی لە دۆسیەكانی بەرژەوەندی ئەمریكا لەناوچەكەداو یەكێك لەنیشانەكانی ئەم گۆڕانكارییانەش ، چاوپۆشیە لەدەستێوەردان‌و تۆپبارانی توركیایە بۆسەر رۆژئاوای كوردستان و هەورەها بریاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكایە بەدانانی بەخششی پارە بۆ سیخوڕیكردن لەسەر سەركردەكانی پەكەكەیە واتای ئەوەیە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا جیاوازی ناكات لە نێوان تێكۆشان بۆ رزگاری و سەربەخۆیی لەگەڵ كاری تیرۆری ئیسلامی سیاسی توندرەو، كۆمیتەی ناوەندی بەتوندی ئیدانەی ئەو سیاسەتەی ئەمریكا دەكات .

لە بارەی بارودۆخی سیاسی و هەڵبژادنی پەرلەمانی كوردستاندا سەبارت بە دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا دوای دواكەواتێكی زۆر كە بەپێچەوانەی یاسا و رێنماییەكانی هەڵبژاردنە، كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی، ئەنجامە گشتییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیاند، و ئەمەی خوارەوە هەڵوێستی حزبی شیوعی كوردستانە:

حزبی شیوعی كوردستان لەم هەڵبژاردنەدا یەك كورسی بەدەست هێناوە. هەڵبەتە ئەم دەرئەنجامەش بە بەراوورد كردن لەگەڵ تێكۆشانی شیوعییەكان و قوربانیدانیان، ئێجگار كەمە. لێرەدا سەڕەڕای هۆكاری بابەتی پەیوەست بە توانا و یەكسانی فرسەتەكان لە نێو كۆمەڵدا، و ئەو بابەتانەی پەیوەندی بە بەرێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە هەیە كە تێكرای ئەم حاڵەتانە ڕێگرە لە بەردەم كاراكردنی وزە و توانای حزبمان، هۆكاری سەرەكی كەمی دەنگەكانمان بۆ كەمەكوڕی خودی كارو چالاكی حزبیمان و ئەدای سەركردایەتی و پەیوەندی رۆژانەی بە جەماوەر دەگەرێتەوە. بۆیە یەكەمین كار كە وەكو ئەركێك رووبەرووی حزب دەبێتەوە كاراكردنی چالاكی حزبی و سەرجەم ئۆرگانەكانی حزبە و چارەسەركردنی كەموكورییەكانی ژیانی حزبیمانە، و گەیاندنی ڕوون و ڕاستەوخۆی گوتاری سیاسی حزبە و لەو بارەیەشەوە بریاری پێویست وەرگیرا .

لیستی ئازادی لەم هەڵبژاردنە یەك كورسی بەدەست هێناوە، و ئەمەش بە هەوڵ و كۆششی ئەندام و رێكخراوەكانی حزب و سەرجەم كاندیدەكانی لیستەكەیە كە بە كۆ، و بەگیانی لە خۆبردووییان توانرا ئەم كورسییە مسۆگەر بكرێ. لە هەمان كاتدا دۆست و لایەنگرانی حزب و چەندین لایەن و كەسایەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی لەم هەڵبژاردنە پشتگیری لیستی ئازادی بوون. حزبمان سوپاسی ئەو دەنگانە دەكات كە بوونە هۆی بوونی لیستی ئازادی لە پەرلەماندا. هەر بۆیە پەرلەمانتاری لیستی ئازادی لە پەرلەماندا دەنگی ڕەسن و ڕاستەقینەی خەڵكی زەحمەتكێشی كوردستان، دەنگی هێزە چەپەكانی كوردستان دەبێت، و حزب تێكۆشانی پەرلەمانی بە تێكۆشانی جەماوەری و تێكۆشانی شەقام گرێ دەدات، و سەرجەم هەڵوێستە سیاسییەكانی لە چوارچێوەی ئیلتزامكردن بە بەرنامەی لیستی ئازادییەوە دەبێت.

پێش ئەنجامدانی پرۆسەی هەلبژاردن و لە كاتی پرۆسەكەشدا كۆمەلێك پێشلكاری گەورە ڕوویان دا كە سەرجەمیان پیشێلكردنی دیموكراسییە و بەشێكە لەو گزی و تەزویرە كە بەداخەوە لە سەرجەم هەڵبژاردنەكاندا ئەنجام دەدرێن. هەر لەسەرەتاوە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە سەر بنەمای بەشبەشێنە حزبی نێوان پێنچ لایەنی حزبی دابەشكرا، و خولیای حزبی لەسەرجەم كارەكان و هەڵوێست و بریارەرەكانی رەنگی دایەوە. هەرچەندە كۆمسیۆن دەنگەكانی 98 بنكەی دەنگدان كە دەگاتە 119 هەزار دەنگ پووچەڵكردەوە، بەڵام دیاردەكانی تزویر كە پێشوەخت ئامادەكاری بۆ كرابوو، دیاردەیەكی زەقی ئەم هەڵبژاردنە بوو، و لە كۆتاییشدا ئەنجومەنی كۆمسیاران بە زۆربەی پێنج بەرامبەر چوار دەنگ ئەنجامەكانیان ڕاگەیاند .

بۆ چوارساڵی داهاتووی كارمان ، كۆمیتەی ناوەندی بریاری دا بەشداری كابینەی تازەی نەكاتن و دەنگی پێ‌ نەدات بەهۆی جیاوازی دیدمان دژ بە پەیرەوكردنی سیاسەتی نیولیبرالیزمی سەرمایەداری هێزە براوەكان، پێمان وایە توانای چارەسەركردنی كێشەكانی هەژاری وبێكاری و بەشداری سیاسی و چین و توێژە پەراوێزخراوەكانی نابێت. بەشدارینەكردن لە حكومەتی هەرێم مانای ئەوەیە كە خۆمان وەك حزبێكی بەرهەڵستكار ڕادەگەیەنین، بەڵام بەرهەڵستكارێك لە روانگەی بەرنامەیەكی چەپی نیشتمانی دیمەكراتیخواز . حزبمان تێكۆشانی پەرلەمانی وەك ئامرازێك بەكاردەهێنێت بۆ جەختكردنەوە لەسەر هەڵویستی خۆی سەبارەت بە داكۆكیكردن لە مەسەلە نیشتمانییەكوردستانییەكان، و مەسەلەی داواكاری ڕەوای جەماوەر لە دابینكردنی بژێوییەكی پڕ كەرامەت، دەكاتەوە، و سەرلەنوێ جەخت لەسەر هەڵوێستی خۆی بۆ دژایەتیكردنی سیاسەتی ئابوری، و ئاراستەی بەتایبەتكردنی چالاكی ئابوری دەكاتەوە، لە هۆڵی پەرلەماندا دژ و بەو جۆرە سیاسەتانە دەبێت كە خزمەتی بۆرژوای بیروكرات و مشەخۆر دەكات .

لە كۆتایی كۆبونەوەكەدا چەندین بریاری پێویست بۆ چاككردنی دۆخی ناوەخۆیی و حزب وەرگیرا لە ئاستە جیاجاكانی ژیانی حزبی لە بەستنی كۆنفرانسی تایبەت و هەڵبژاردنەوە و گۆرانكاریكردن لە دەستە باڵاكانی حزبی لە چوار چێوەی خۆ ئامادەكردن بۆ رۆڵبینینی كاریگەر وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی چەپی دیموكرات .

كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان
12ی تشرینی دووەمی 2018

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.