بەهانەهێنانەوە بۆ بەشداری لەکابینەی نوێدا، داخستنی ناڕاستەوخۆی دەرگاکەیە

لەلایەن ستاندار Posted on 475 جار بینراوە

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

دوای ئەوەی ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە( ٦-۱۱-۲۰۱۸) سوێندی یاساییان خواردو دەستبەکاربوون ، لەئێستادا چ بەنهێنی وچ بە ئاشکرا باس وخواسی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە . و لەو نێوەندەشدا لێرەولەوێ گوێمان لەوتەو لێدوانی پڕپڕ لە سەیروسەمەرە دەبێت لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەوپارتانەی زۆرینەی کورسی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە بۆپێکهێنانی حکومەتی نوێ ، ئەو وتانەش زیاتر ئاڕاستەکراون بۆئەو پارتانەی تر کە گەربەنیازبن بەشداری حکومەت وکابینەی تازەبکەن ، لەو لێدوانەسەیرانە ئەوەیە کە دەوترێت هەرحیزبێک بیەوێت بەشداربێت لەکابینەی حکومەت دەبێت گرەنتی ئەوەبدات کە کابینەکە جێنەهێڵێت تاکو کۆتایی بەکارەکانی دێت ، واتا لەنیوەدا پاشەکشەنەکەن لەکابینەکەدا ، بەڵام باسلەوە نەکراوە گەر وەزیرەکانی ئەوحیزبە ملیان نەدا بۆهەموو داواکارییەکی نابەجێ ئەوا ڕێگیرییان لێنەکرێت و لەکارەکانیان دوور نەخرێنەوە تاکۆتایی بەکارەکانی کابینەکە دێت .
یاخود دەیانەوێت گەر هەرپارتێکی سیاسی کەبەشدارە لەحکومەتدا نابێت وەک ئۆپۆزسیۆن بیربکاتەوە وڕەخنە لەکابینەی حکومەت بگرێت ، کەئەمەیان کورت وپوخت مەبەستیانە هەر پارتێک بەشداربێت لەکابینەی حکومەتدا دەبێت لەپەرلەمانیشدا بێدەنگ بێت ، چونکە بەبڕوای ئەوان کەلەکابینەی حکومەت بەشداربویت ئیتر نابێت فراکسیۆنەپەرلەمانیەکە ڕەخنەوسەرنج وتێبینی هەبێت لەسەر ئەدائی کاری حکومەت ودامەزراوەکانی ، کەئەمە هەم بیرکردنەوەیەکی زۆر نالۆژیکی وناسیاسی و بێ بەهایە ، هەمیش بێ هەیبەتکردنی زیاتری دامەزراوەی پەرلەمان وفراکسیۆن وخودی ئەندامانی پەرلەمانیشەو نابێت تەنانەت ئەندامانی فراکسیۆنەکانی پارتی ویەکێتیش ئەوەقبوڵبکەن چونکە ئەوان بەدەنگی خەڵک بونەتە پەرلەمانتار کەچی لەئاستی قەیرانەکانیشدا کە ڕووبەڕووی خەڵک دەبنەوە بێدەنگی هەڵبژێرن ، وە بیرکردنەوەیەکی نادروستەو کوشتنی هەوڵەکانی چاودێریکردن وبانگهێشتکردن و تەنانەت لێپرسینەوەو متمانەلێوەرگرتنەوەشە لەکابینەکەو وەزیرە بەشداربوەکانیشی ، کەیەکێکە لەکارە سەرەکیەکانی پەرلەمانی کوردستان لەوسێ ئەرکەی لەسەرشانیەتی .
لێدوانەکانی بەرپرسانی پارتی بەتایبەت زیاتر بۆنی ئەوەیان لێدێ کەبیانەوێت لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان حکومەتی نوێ پێکبهێنن بەڵام لەجیاتی (50 بە 50) کەی جاران پێدەچێت( 60 بە 40) یان (65 بە 35) بێت .
بۆیە ئەوجۆرە لێدوانانە دەرگا داخستنێکی ناڕاستەوخۆیە بەسەر هێزوپارتەسیاسیەکانی دەرەوەی پارتی ویەکێتی ، قبوڵکردنی هەرهێزێکیش بەهەربیانوو مەرجێکی پێشوەختە،و سەپاندنیان بەسەریدا ئەوا خۆکوشتنێکی گەورەی سیاسی پارتەکەیەو لادانیشە لەو پرەنسیپ و دروشمانەی کەهەڵیگرتوەو لەپێناویدا دامەزراوە .
چونکە ئاماژەکان پێماندەڵێن کەپارتی بەپلەی یەکەم ودواتریش یەکێتی نیشتمانی گەرەکیانە یان کابینەیەکی دوو قۆڵی پێکبهێنن یان کابینەیەکی فراوان وگشتگیروهەمەلایەنە بەڵام بەمەرجی بێدەنگبون و قڕوقەپکردن لەئاست هەموو قەیران ، ڕوداو ، پێشهات وگۆڕانکارییەکاندا لەناو حکومەت وپەرلەمانیشدا .
بۆیە بیانوو بەهانەی پێشوەختەبۆبەشداریکردن لەحکومەت داخستنی دەرگاکانە تاکو بەشداری کابینەت پێنەکرێت ، ئیتر نابێت جارێکی تر لە پەنجەرەو کڵاوڕۆژنەوە هەوڵی چونە ژوورەوە بدەیتەوە بۆناو کابینەیەکی لەوشێوەیە ، لەبەرئەوە بژاردەی سەغلەم وسەرکەوتوو بوون بەئۆپۆزسیۆنێکی کاریگەرە بەدروستکردنی بەرەیەکی تۆکمەوبەهێز لەگەڵ ئەولایەنانەی کەبڕیاری بون بەئۆپۆزسیۆنی دەدەن لەدواجاردا .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.