تورکیای ئەردۆگان ، دەبێتە بارمتەی روسیای پۆتین!

لەلایەن ستاندار Posted on 389 جار بینراوە

نیاز حەمید

ئەم بابەتە گرنگە ، لە میدیای کوردیدا کەم لای لێکراوەتەوە ،لە کاتێکدا راستەخۆ پەیوەندی بە ژیانی تاک بەتاکی خەڵکی کوردستان و گەلانی ناوچەکە هەیە.
پێرێ پۆتین سەرۆکی روسیا ، پرۆژەی گواستنەوەی گازی سروشتی لە روسیاوە بۆ تورکیا بە ئامادەبوونی ئەردۆگان کردەوە . ئەم پرۆژە پێکهاتووە لە دوو بۆڕی گواستنەوە ، بۆڕییەک پێیدەوترێت تورکیش ستریم کە نزیکەی ساڵانە ١٥،٧٥ ملیار مەتر سێجا گازی سروستی بۆ تورکیا دەگوازێتەوە ، ئەوەی دیکە پێی دەترێت نۆرث ستریم کە بڕیارە گازی سروشتی بە هەمان قەوارە بگوازێتەوە بۆ وڵاتی باشور و باشوری رۆژهەڵاتی ئەوروپا.
ئەم پرۆژەیە گرنگە لە رووی ئابورییەوە بۆ روسیا و تورکیا ، لێ لێدانێکی گەورە دەبێت بۆ ئابوری ئەمەریکا ، چونکە بەم پێیە نرخی یەکەی گازی سروشتی ئەم بۆڕییە بۆ ئەوروپییەکان لە ٢٠٪ کەمتر دەبێت لەوەی ئەمەریکا.
ئەم پرۆژەی ناکۆکییەکانی تورکیا وئەمەریکا ، روسیا وئەمەریکا قوڵتر دەکاتەوە. روسیا دەیەوێت بەم پرۆژەیە و پرۆژەی ئاکیۆ بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بە کارلێکی ناوەکی لە مێرسین، دەستبەسەر وزەی تەواوی تورکیا دا بگرێت ، لەوێشەوە دەست بەسەر ئیرادەی سیاسی ئەردۆگان یا حکومەتی ئایندەی تورکیا دابگرێت وکۆنترۆڵی بکات. سیاسەتی ستراتیژیی پۆتین گەیشتن بە ئاوی گەرمە لە رێگای سوریا وتورکیا ، ئەمەسی لە پێناو ئەوەی بتوانێت دژایەتی گواستنەوەی دەسەڵاتی ئەمەریکا بکات لە رۆژئاواوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوین ودوورتر(زۆرجار قسەمان لەسەر ئەو بابەتە کردووە کە زۆر گرنگە).
بەم دوو پرۆژەیە ، روسیا دەیەوێت تورکیا بەتەواوی لە ناو ناتۆ دابیببرێنێت و دووری بخاتەوە و ئەردۆگان جڵەو بکات .
چاوەشئۆغلو دوێنێ لە واشنتۆن دووپاتیکردەوە کە ئیدی مەنزومەی S400 بڕاوەتەوە لەگەڵ روسیا .ئەمەش ئالینکارییەکی دیکەی تورکیایە بەرامبەر ئەمەریکا .
کاتێ لە پرسی ئیدلب دەڕوانین ، دەبێت ئەو ستراتیژیەی روسیاس ببینین .ئەوەتا دەبینین چەندە روسیا نەرمە لەگەڵ تورکیا کە پشتیوانی لە تیرۆریستانی ئەلقاعیدە دەکات . روسیا پیلانی بۆ تورکیا داناوە ، بەیەکەوە ئەو تیرۆریستانە بەکارببەن بۆ دژایەتی ئەمەریکا وکورد لە سوریا، بەتابەتی ئەمەریکا لە ناوچەکە.
بەدەستواڵاهاتنەوەی چاوەشئۆغلو دوێنی لە ئەمەریکا ، بەڵگەیەکە کە ئیدی ئەمەریکا ،تورکیا بەدۆست نازانێت وەک نەیارێک سەیری دەکات.
ئەمەریکا پێخۆشحاڵ دەبوو ئەگەر تورکیا پاشەکشەی بکردایە لە خۆهاویشتنە باوەشی روسیا ، لێ باش دەزانێت ، رۆژ بەدوای رۆژ روسیا زیاتر ئەردۆگان جڵەو دەکات و ئیرادەی سیاسی لێدەسێنێتەوە.
ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا وسعودیە لەسەر رێبەرایەتیکردنی جیهانی ئیسلامی ، خاڵێکی دیکەی ناکۆکیەکانی نێوان ئەمەریکا وتورکیایە ، هەرچەندە تورکیا بەڵگەی زۆری بە ئەمەریکا دا سەبارەت بە کوشتنی ئیخوانی جەمال خاشوقچی لە کۆنسوڵخانەی سعودیە لە ئەستانبۆڵ ، بەلام ئەمەریکا هیچ سزایەکی ئەوتۆی سعودیەی نەدا جگە لە سزاخستنەسەر ١٧ کەس کە بەو کارە هەڵسابوون.تورکیا دەیویست بە دەستی ئەمەریکا سعودیە لاواز بکات ، لێ ئەمەریکا ئەو کارەی بۆ نەکرد، دوێنی ترامپ گوتی :باشترین پەیوەندی ستراتیژیمان لە گەڵ سعودیە هەیە.
ئەردۆگان دەیەوێت لە رێگای بەرەی روسیا وئێران ، کە دوو دەوڵەتی دیکتاتۆری ونادیموکراسین هاوکوفی خۆین ، بەلاوازکردنی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست ، ناوچەکە لەنێو خۆیاندا دابەش بکەنەوە و سەرلەنوێ دیزانی رۆژهەلاتی ناوەراست بکەنەوە.
ئەم جۆرە پیلانە چەپەڵە بۆ تەڤگەری ئازادی کوردان وخودی گەلی کورد وگەلانی ناوچەکە مەترسیدارە ، پێویستە زیاتر لە جاران جوڵەکانی ئەردۆگان-پۆتین-رۆحانی نرخاندنی بۆ بکەینەوە ولەسەر ئەو ئەساسەش کاردانەوەی توند هەبیت .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.