چۆن پارتی هەژموونی خۆی سەپاندوە لەسەر حزبەكان؟ راپۆرتێكی شیكاری یاسایی ده‌زگای ستاندەره‌

لەلایەن ستاندار Posted on 569 جار بینراوە

 

ستانده‌ر

له‌ راپۆرتێكی شیكاری یاسایی ده‌زگای ستاندەر كه‌ له‌لایه‌ن “پ.ی.د. رعد رفعه” سكرتێری ده‌زگای ستانده‌ر ئاماده‌كراوه‌ تیایدا ئه‌وه‌ ڕونكراوه‌ته‌وه‌ كە چۆن پارتی دیموكراتی كوردستان هەژموونی خۆی سەپاندوە بەسەر حزبەكانی بەشداربوو لە كابینە یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانی  حكومەتی هه‌رێم.

د.رعد رفعە پێیوایە پارتی دیموكراتی كوردستان لە چەندین ساڵی رابردوو توانویەتی فێڵێكی سیاسی لە حزبەكانی بەشداربوو لە حكومەت، وەكو یەكێتی وگۆڕان ویەكگرتوو وكۆمەڵ وشیوعی وسۆشیالیست بكات بەجۆرێك گشت دەسەڵاتەكانی حكومەت قۆرغبكات وكۆباكتەوە لەدەستی نێچیرڤان بارزانی بەسیفەتی سەرۆكی حكومەت، كەچی لە بنەڕتدا دەسەڵاتەكان بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی كوردستان لەلای ئەنجومەنی وەزیرانە بە زۆرینەی دەنگ نەك تەنها سەرۆكی حكومەت.

له‌ڕاپۆرته‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ پێویستە حزبەكان راستگۆبن لەگەڵ دەنگدەر وئەو بەرنامەی بانگەشەی كە لەپێش هەڵبژاردنەكان بەڵێن وگفتیان دەدا بە جەماوەرەكەیان بەجۆرێك ببێتە كارنامەی ئەو حكومەتەی كە بەنیازن تێیدا بەشداربن نەك تەنها داوای پۆست وپایە بۆ سەركردەو كادیرەكانیان بكەن. بەمانەیەكی تر، واتا دەبێ دانوستانی حزبەكان لەگەڵ پارتی كارنامەی حكومەت پێش وەرگرتنی پۆستەكان بكەوێت وبەپێی كارنامەو رێكەوتنی چاكسازیەكان لەگەڵ پارتی پۆست وەرگرن نەك داوای پۆست بكرێ وپاشان باسی چاكسازی بكرێ.

هەروەها له‌ڕاپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش كراوه‌ كه‌ ئێستا یەكێتی وگۆڕان شەرێكی بێ پاساو دەكەن لەسەر پۆستی جێگرێك ودوو جێگری سەرۆكی حكومەت. بەڵام بێئاگان لەوەی ئەم پۆستە خاڵیە لەهەر دەسەڵاتێكی جێبەجێكردنی یاسایی وراستەقینە؛ چونكە بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستان جێگری حكومەت هیچ دەسەڵاتێكی نیە جگە لەوەی سەرۆكی حكومەت پێی دەبەخشێ ودەتوانێ لەهەر كاتێك ئەو دەسەڵاتانەی لێبستێنێتەوە.

دەسەڵاتەكانی سەرۆكی حكومەت وجێگرەكەی

پ.ی.د.رعد رفعە محمد: سكرتێری ده‌زگای ستانده‌ر

ئێستا یەكێتی وگۆڕان شەرێكی بێ پاساو دەكەن لەسەر پۆستی جێگرێك ودوو جێگری سەرۆكی حكومەت. بەڵام بێئاگان لەوەی ئەم پۆستە خاڵیە لەهەر دەسەڵاتێكی جێبەجێكردنی یاسایی وراستەقینە؛ چونكە بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستان جێگری حكومەت هیچ دەسەڵاتێكی نیە جگە لەوەی سەرۆكی حكومەت پێی دەبەخشێ ودەتوانێ لەهەر كاتێك ئەو دەسەڵاتانەی لێبستێنێتەوە.

بەپێی یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان-عێراق ژمارە (1)ی ساڵی 1992 ویاسای  ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە(3)ی ساڵی 1992 هەمواركراوی ژمارە (3)ی ساڵی 1996 وهەمواركراوی ژمارە (16)ی ساڵی 1999 وهەمواركراوی ژمارە (26)ی ساڵی 2004 ویاسای سەرۆكایەتی هەرێم ژمارە (1)ی ساڵی 2005 و یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتی سەرۆكایەتی هەرێم بەسەر دامەزراوە دەستوریەكانی هەرێمی ژمارە (2)ی ساڵی 2017 ویاسای یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (10)ی ساڵی 2018 وپەیڕەوی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانی عێراق ژمارە (1)ی ساڵی 2006، ئەرك ودەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی وەزیران وسەرۆك وجێگرەكەی بەو شێوەی خوارەوەیە:

ئەرك ودەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی وەزیران بریتین لە:

  • ئەنجومەنی وەزیران باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنە پێكهاتووە لە سەرۆك وجێگرەكان و وەزیرەكانی كابینەكە.
  • لەلایەن پەرلەمانەوە متمانە دەبەخشرێتە تاك تاكی كابینەی حكومەتەوە لەسەر داوای ئەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران.
  • ئامادەكردنی سیاسەتی گشتی هەرێم وسەرپەرشتیكردنی جێبەجێكردنیەتی پاش رەزامەندی پەرلەمانی كوردستان.
  • پێشنیار وئامادەكردنی پڕۆژە یاساكان وبەرزكردنەوەی بۆ پەرلەمان بەمەبەستی دەركردنی یاسا.
  • ئامادەكردن ودەرچواندنی پڕۆژەی پەیڕەو ورێنماییەكان.
  • ئامادەكردنی ڕه‌شنوسی پڕۆژە یاسای بودجە.
  • وەرگرتنی قەرز بە رەزامەندی پەرلەمان.
  • رێنمایی وهەماهەنگس وسەرپەرشتی كاری وەزارەت ودامەزراوەكانی جێبەجێكردن.
  • دامەزراندن ودەركردن وخانەنشینكردنی فەرمانبەر وبەرێوەبەرەگشتی وپلە تایبەتەكان.
  • هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان.
  • دەركردنی بڕیار كە هێزی یاسای هەبێ بەهەماهەنگی سەرۆكی پەرلەمان.
  • پەسەندكردنی بڕیارەكانی لە سێدارەدان یان سوكردنی بۆ هەتاهەتای.
  • راگەیاندنی باری لەناكاو بە پێی یاسا.
  • بەرزكردنەوەی پلەی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگەو ناوخۆ وهەروەها دەركردن یان خانەنشینكردنیان بەپێی یاسا.

ئەرك ودەسەڵاتەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران:

  • بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لە هەرێم وبەناویەوە بڕیار وفەرمانەكان دەردەچن.
  • ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەدەبات وبانگەشەی كۆبونەوەی دەكات.
  • بەناوی هەرێمەوە قسە دەكات لە ناوەوە ودەرەوە وهەماهەنگی دەكات بۆ لە نێوان هەرێم وعێراقدا.
  • لەكاتی خاڵی بوونی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران یەكێك لە جیگرەكانی هەڵدەبژێردرێ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە.
  • راستەوخۆ جێگر وسەرۆكی دیوان وسكرتێر وسەرۆكی فەرمانگەكان وراوێژكارەكانی پێوە پەیوەستە.
  • پەرلەمانی كوردستان ناوی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەهێنێ بۆ راسپاردنی بە سەرۆكی حكومەت.
  • دەرچواندنی بڕیار ویاساكانی پەرلەمانی كوردستان لە ماوەی 15 رۆژدا ومافی تانەگرتنی هیە لە بەشێك یان هەموو یاساكە.
  • لێبوردنی تایبەت بەپێی یاسا.
  • رێپێدانی هێزەكانی عێراق بۆ هاتنە ناوەوەی هەرێمی كوردستان لەكاتی پێویست بە رەزامەندی پەرلەمان.
  • جوڵاندنی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ دەرەوەی هەرێم بەرەزامەندی پەرلەمان.
  • دانان ودەركردنی گەورە بەرپرسانی پلە تایبەت لەسەر پێشنیاری وەزارەتی پەیوەندیدار ورەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران.
  • بەخشینی نیشان بەپێی یاسا.

ئەرك ودەسەڵاتەكانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران:

  • كەسی دووەمە لە ئەنجومەن وهاوكاری سەرۆك دەبێت لە ئەركەكانی وشوێنی دەگرێ لە كاتی ئامادەنەبوونی
  • سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران چەند جێگرێكی دەبێت بەجۆرێك لە سێ زیاتر نەبێت.
  • سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بەپێی پێویست وبەئارەزووی خۆی چەند دەسەڵاتێكی دەبەخشێتە جێگرەكانی بە ئامادەبوونی خۆی یان لەكاتی گەشتكردندا.
  • دەكرێ جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتێك بەڕێوەببات.

حوكمە گشتیەكان:

  • ئەگەر سەرۆكی حكومەت یان زۆرینەی وەزیرەكان یان ئەگەر گشت وەزیەكانی لایەنێكی سەرەكی پێكهێنەری حكومەت دەستیان لەكاركێشاوە ئەوا كابینەكە بەدەست لەكاركێشراوە هەژماردەكرێ.
  • دەنگدانی ئەنجومەنی وەزیران نهێنیە وبڕیارەكانی بەزۆرینەی ئامادەبوانە.

لەكۆتاییدا پێویستە بگوترێ: پارتی دیموكراتی كوردستان لە چەندین ساڵی رابردوو توانویەتی فێڵێكی سیاسی لە حزبەكانی بەشداربوو لە حكومەت، وەكو یەكێتی وگۆڕان ویەكگرتوو وكۆمەڵ وشیوعی وسۆشیالیست بكات بەجۆرێك گشت دەسەڵاتەكانی حكومەت قۆرغبكات وكۆباكتەوە لەدەستی نێچیرڤان بارزانی بەسیفەتی سەرۆكی حكومەت، كەچی لە بنەڕتدا دەسەڵاتەكان بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی كوردستان لەلای ئەنجومەنی وەزیرانە بە زۆرینەی دەنگ نەك تەنها سەرۆكی حكومەت.

هەروەها پێویستە حزبەكان راستگۆبن لەگەڵ دەنگدەر وئەو بەرنامەی بانگەشەی كە لەپێش هەڵبژاردنەكان بەڵێن وگفتیان دەدا بە جەماوەرەكەیان بەجۆرێك ببێتە كارنامەی ئەو حكومەتەی كە بەنیازن تێیدا بەشداربن نەك تەنها داوای پۆست وپایە بۆ سەركردەو كادیرەكانیان بكەن. بەمانەیەكی تر، واتا دەبێ دانوستانی حزبەكان لەگەڵ پارتی كارنامەی حكومەت پێش وەرگرتنی پۆستەكان بكەوێت وبەپێی كارنامەو رێكەوتنی چاكسازیەكان لەگەڵ پارتی پۆست وەرگرن نەك داوای پۆست بكرێ وپاشان باسی چاكسازی بكرێ.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.