راپۆرتێکی گرنگ سەبارەت بە روداوەکانی فەرەنسا…

لەلایەن ستاندار Posted on 325 جار بینراوە

نیاز حامد

ئەفڵاتون لە ئەسیناوە بۆ پاریس ، ٢٤٠٠ سالە باسی عەدالەتی کۆمەلایەتی دەکات!
لە شەممەی داهاتودا ،ماکرۆن وئیدوارد فلیپ دڵیان لەدەستیاندایە..بۆچی ؟!
کۆماری پێنجەمی فەرەنسا لەبەردەم رووخاندایە!.
ئەو سیستەمەی ئێستای حوکمڕانی فەرەنسا ، درێژکراوەی حوکمڕانی دیگۆلە کە لە ساڵی ١٩٥٨ دەستیپێکردووە.

ئەم سیستەمە کە نوێنەرایەتی سەرمایەداری فەرەنسی دەکات ، تووشی ئالانگاری گەورە و سەخت بووە ، هەموو جارێ بە ئیستقالەی سەرۆکی حکومەت یا چەند وەزیرێک توانیویەتی خۆی نوێ بکاتەوە.
کاتێ مانوێل ماکرۆن هات و حزبی ،بەرەو کۆماری، تەرحکرد و بەشدار بوو لە هەڵبژاردن و بردییەوە ، بەڵێنیدا ئەو نوخبە سیاسییەی کە حاکم بوونە لە فەرەنسا بێکاریگەر دەکات، بەمانیەکی دیکە ئافراندنی کۆماری شەشەمی فەرەنسا، لێ رووداوەکان و چاودێریکردنی نزمی حوکمڕانی بۆ ماوەی دوو ساڵێک دەبێت گەیشتمە ئەو باوەڕییە کە ئەوەی پێ نەکرا.
ئەوەتا دەرئەنجامەکەشی دەبینین ، دەتوانین بە درێژکراوەی مۆدێلی پێشووی بحەسبێنین.
راستە لە سەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە، مانوێل ماکرۆن هەنگاوی بوێرانەی ناوە ، لی لە ناوخۆ شکستی گەورەی هێناوە.
زیادکردنی باج لەسەر وزە کە ناسراوە بە باجی کاربۆن ، ئەو پووشە بوو پشتی وشترەکەی شکاند، هەر ئەو باج زیادکردنە نە بوو ، ئەو نارەزایەتی فرەوانەی بەرهەم هێنا ، بەڵکو تەنگژەکانی فەرەنسا لە واری ئابوری و کۆمەڵایەتی هێچگار گەورەن ، بە پینەو پەڕۆ چارە نابن ، تەنگژەی بێچارەی سیستەمی سەرمایەداریی ، کە زۆرجار لە بەردەمیدا ئەو سیستەمە بێ چارە دەمێنێتەوە، بۆیە من وای بۆ دەبینم ئەگەر بە زوویی چارەسەر نەکرێت یا ئەلتەرناتیڤێک نەدۆزرێتەوە بۆ چارەسەریی ، دوور نییە تەواوی سیستەمەکە بەرەو داڕوخان و فەوزا بڕوات.
هێلەگ زەردەکان کە بزاڤێکی جەماوەریی بێسەرە ، لە هەموو چین وتوێژە هەژار ومام ناوەندەکانی جڤاکی فەرەنسان ، داخوازییەکانیان تەنها لە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری باجی کاربۆن قەتیس نامێنێت، چونکە ئەوەتا سەرۆکی حکومەت بەتەواوی بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە ، کەچی هێشتا هێلەگ زەردەکان ناوەستن ودەڵێن: ئێمە ناوەستین بەرەو کۆشکی شانزلێزێ دەچین بۆ هێنانە خوارەوەی ماکرۆن!.
کێشەی نەبوونی عەدالەتی کۆمەڵایەتی سەرچاوەی تەنگژەکانە.
دەیەها کێشەی ریشەدار لەناو جڤاکی فەرەنسا هەیە و هێشتا دەوڵەت بەلایدا نەڕۆیشتوە.بەشێکیشی دەوڵەت بۆ خۆی هاوکار بووە لە قوڵبونەوەی ، هەر بۆ نمونە: ماکرۆن دوای دەستبەکار بوونی باجی ژێرەوسەری لەسەر ملیاردێرەکان راگرت ، لە کاتێکدا لەسەر هەژار وچینی مام ناوەند بەردەوامە.ئەمە هەڵەیەکی هەرە گەورەی ماکرۆن بوو ، کە پێموایە ئەگەر زوو چارەسەریی نەکات ، چاکەت زەرەکانی بۆ وەستاوە !.
چەندین میدیای فەرەنسیو ناوەندی راپرسی ، راپرسییەکیان ئەنجامداوە ، کە ئایا توندوتیژیی بە چارەسەر دادەنێن؟ پێش بڕیاری حکومەت بۆ هەڵوەشاندنەوەی باجی کاربۆن ، زۆرینەی خەڵک توندوتیژیان بە چارەسەر دانەدەنا ، لێ دوای بڕایری حکومەت تەواو ئەنجامەکان پێچەوانەبۆوە ، خەڵکی فەرەنسا گەیشتونەتە ئەوەی کە توندو تیژیی چارەسەرە، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاشتی کۆمەلایەتی وتەنانەت بوون ومانەوەی کۆماری پێنجەم لەسەر پێێان.
رۆژی شەممەی داهاتوو ، هەموو چاوەڕێین لە فەرەنسا چی دەگوزەرێت ، چونکە هێلەگ زەردەکان بە ئیسرارن دووبارە بێنەوە سەر شەقام و خۆپیشاندان بەردەوامی پێ بدەن..ماکرۆن و حکومەتی ئیدوارد فلیپ لە بەردەم رەشەبا و زریانێکی توند دان ..با چاوەڕی بکەین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.