پێدەچێت لەدایکبونی حکومەتی ھەرێم پێویستی بەعەمەلیاتی قەیصەری بکات !!

لەلایەن ستاندار Posted on 364 جار بینراوە

نەوزادی موھەندیس

زیاد لە ٢ مانگی تەواوە کە ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە لە ٣٠/٩/٢٠١٨دا ،کە چی ھێشتا دیار نیە کەی دەستەی سەرۆکایەتی پەڕلەمان ھەڵدەبژێردرێت تا دەستبکرێت بە گفتوگۆی سیاسی لەنێوان ھێزە سیاسیەکاندا بۆ بەشداریکردن لەو حکومەتەی کەھەموان وەکو ((گۆدۆ))چاوەڕوانی دەکەین کە ھەر دەرناکەوێت، ھەموان بەپەرۆشەوە چاوەڕوانی دەستپێکردنی ئەو گفتوگۆیانەین چونکە ھەموان زۆر بەپەرۆشن بۆ بەشداریکردن تیایدا،بەڵام ئەوەی لێپرسراوێتی یەکەم و گەورەی دەکەوێتە ئەستۆ بریتیە لە لایەنی براوەی یەکەم،چونکە دەبێت ئەو دەستپێشخەر بێت بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان و ئاڵوگۆڕی بیروڕاکان و ئامادەکردنی ڕەشنوسی کار و بەرنامەی حکومەتی ئایندە و پلان و دیدگا و پڕەنسیپە سەرەکیەکانی تائەوانی تریش ڕای خۆیانی لەسەر دەرببڕن و دواتریش بیکەنە بەرنامەی ھەموان و کاری لەسەر بکەن لە حکومەتی ئایندە و ببێتە نەخشەڕێگاش بۆ حکومەت بۆ ٤ ساڵی ئایندە. بەڵام ئەوەی دەبینرێت و ھەستی پێدەکرێت ئەوەیە کە ئەو لایەنە بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست کاری جدی نەکردوە و نایکات،لەلایەک بەھۆی کێشە ناوخۆیەکانی خۆی و یەکلا نەکردنەوەی بەربژێری حیزبەکەی بۆ سەرۆکی حکومەت و لەلایەکی تریشەوە چاوەڕوانی یەکلاکردنەوەی حکومەتی بەغداد دەکات بۆ دانانی ئەو ٨ وەزیرەی کەماوە و بەدیاریکراویش گەرەکێتی بزانێت کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پۆستی وەزارەتێکی لەبەغداد بەردەکەوێت یان نا ،چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر ھەوڵدەدات و فشار و ھەڕەشەش دەکات کە نابێت یەکێتی ئەو پۆستەی بەربکەوێت لە بەغداد ، جا گەر ئەو پۆستە بەریەکێتی بکەوێت ئەوا ئاڕاستەی گفتوگۆکان لەھەرێم بە ئاڕٍاستەیەک دەبێت کە زیاتر خەمساردی و دواکەوتنی پێوەدەردەکەوێت و گەر بەو ئاڕاستەیەش بێت کە پارتی ھەوڵی بۆ دەدات ئەوا گفتوگۆکان گەرمتر و جدیانەتر دەستپێدەکەن و پارتی زیاتر ھەژموونی خۆی و مەرجەکانی خۆی دەسەپێنێت و بەبیانوی ھێزی یەکەم و توانستی بۆ پێکھێنانی حکومەت لە ڕووی ژمارەوە بەپشتیوانی کۆتاکان و لایەنی تریش گەرەکێتی فشار بخاتە سەر یەکێتی بۆ بەشداریکردن یان نەکردنی لەحکومەتی ئایندەدا،ھەرچەندە ڕایانگەیاندوە کە بەبێ یەکێتی ئەو حکومەتە پێکنایەت،چونکە یەکێتی بۆخۆشی ھێزی دووەمی کوردستانە و خاوەن نفوزی گەورەی جەماوەری و ئابوری و سیاسی و ئەمنیشە لە کوردستان و عێراق و ناوچەکەشدا و ناکرێت و کارێکی ژیرانەش نابێت کە یەکێتی نیشتیمانی پەراوێز بخرێت و وەکو شەریکێکی ڕاستەقینەش سەیر نەکرێت،چونکە بەشدارنەکردنی یەکێتی ھەموو دۆخە سیاسی و ئابوری و ئەمنی و کۆمەڵایەتیەکانیش بە ئاڕاستەیەکی خراپ و زیاتر لێکدوورکەوتنەوە دەبات و ھەرێمیش ڕووبەڕووی دووئیدارەیی نەخوازراو دەبات.
• بۆیە گەرەکە لەھەموان بەتایبەتیش پارتی و یەکێتی کە ھەوڵی جدی بدەن بۆ ھەرچی زووتر ھەیە بۆ یەکلایکردنەوەی ناکۆکی و ململانێکانیان لەسەر پۆست و پلەو ئیمتیازاتەکانیان و بەگیانێکی برایانە و کوردانە و لێپرسراوانەوە مامەڵە لەگەڵ یەکتردا بکەن چونکە قەدەری ئەم میلەت و ھەرێمە بەسراوتەوە بەئەوان و ھێزی ھەردوو پارتی و یەکێتی بە پلەی یەکەم و ئەوسا ئەوانیتریش. بۆیە ھیچ پێویست ناکات لەسەر پۆستێک یان ئیمتیازاتیکی کاتی کێشەکان قوڵتر بکەنەوە و باشتر وایە کە چاوەڕاونی لەدایکبونی حکومەتی بەغداد نەکەن و زوو بەزوو دەستبکەن بە یەکلاکردنەوەی گرێ کوێرەکانی پەڕلەمانی کوردستان و دواتریش حکومەتی ئایندەی ھەرێمی کوردستان،چونکە ناکرێت زیاد لە ٢ مانگ ئەم ھەرێمە بەبێ پەڕلەکان و حکومەتێکی کارا و ئاکتیڤ بمێنێتەوە ،بەتایبەتیش دۆخی ناوچەکە ڕوو لە لێکترازانی زیاتر و ھەڕەشەی جەنگ و توندبونەوەی ململانێکانی لێدەکرێت بەتایبەتیش لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا،
• بۆیە ھەق وایە کە ھەردوولا و ھەموانیش پێکەوە کاری جدی بکەن بۆ لەدایکبونێکی سروشتی حکومەتی ئایندەی کوردستان نەک دوابخرێت و پێوسیت بە عەمەلیاتێکی قەیێەری بەپەلە و کتوپڕ بکات کە ئەو کات زیانەکانی زیاتر دەبێت لە سوودەکانی چونکە پەلەپڕوزێی پێوەدیار دەبێت و ناکامڵ ونەبەکام و بێتواناش دەردەکەوێت. ((چونکە لە زانستی پزیشکیدا تەنھا ئەو کاتانە پەنادەبرێتە بەر عەمەلیاتی قه‌یصه‌ری کە لەدایکبونی ئاسایی گرفتی ھەبێت ومەترسی لەسەر کۆرپەکە و دایکەکەش دروستببێت بەھۆی ئاسایی نەبلونی پڕۆسەی لەدایکبونەکەوەوە)).بۆیە بەھەق لەئێستادا لەدایکبونی حکومەتی ھەرێم زۆر دواکەوتوە و ڕەنگە پێویست بەو عەمەلیاتە قەیێەریە بکات،جا ئەو عەمەلیاتەش پێویستی بە پزیشکی زانا و زیرەک و بەھیەمەت و دڵسۆز و خاوەن ئەزمون و شارەزایی تەواو ھەیە و بەھەموو پزیشکێک ناکرێت.
• بۆیە گەرەکە یەکێتی و پارتی بەئەزموون و شارەزایی خۆیان ئایندە و پێکھێنانی حکومەت یەکلابکەنەوە و بەحکومەتێکی بەھێز و ترکەمە و خاوەن بڕیارەوە پێ بنێنە ساڵی نوێی ٢٠١٩وە.کاربکەن بۆ ٤ ئایندە و کۆمەڵگا و ھەرێمەکەشمان بەئارامی و ئاشتی خۆشبەخت بکەن و ھەلی کار و بازاڕ دایینبکەن و ببوژێننەوە و خزمەتی زیاتر بەھەموان بکەن بەبێجیاوازی و کاری جدی بکەن بۆ کۆتایھێنان بەقەیرانی داراییو ھەڵگرتنی پاشکەوتی مووچەی فەرمانبەران و نەھێشتنی گەندەڵی و ڕاستکردنەوەی ھەڵەکانی ٢٧ ساڵی ڕابووردوو و دەستیشبکەن بە پڕۆسەیەکی چاکسازی لە سەرجەم ئۆرگانەکانی حکومەتدا و حکومەت بکەنە حکومەتی ھاوڵاتی و ماف و یەکسانی و دادپەروەری و سەروەری یاسا و دواتریش بەو حکومەتە بەھێزەوە مامەڵە لەگەڵ بەغداد بکەن و ببنە پارێزەر و ھەقسەندنەوەی مافە ڕەوا دەستوریەکانی کوردیش لە بەغداد . ئەمە کار و ئەرک و چاوەڕوانیەکانی ھەموانە لەو حکومەتەی کەھەموان چاوەڕوانیدەکەین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.