ڕزگار علی
بەشی یەکەم
١. . لەناو شاری ھەولێر پڕبوونەوەی ھۆڵی شانۆ، کە تەنانەت ھۆڵێکی گەورەش بووە، ئەو پێشوازییە گەورەیە بۆ کارێکی شانۆیی والێکدەدرێتەوە ئەم خەڵکە حەزێکی یەکجار گەورەی ھەیە بۆ حەیەوێتی ژیان، بۆ ھونەر، بۆ شانۆ، موزیک ، فیلم، تەواوی ئەو شتانەی کە ئینسان بە زیندوویی دەھێڵنەوە و نایەڵێت بمرێت، ئەم شارە لە سەردەمی حوکمەتی بەعس چالاکی ھەمەجۆری ھەبوو، شانۆی بەردەوام ، فیلم، ئەو فیلمانەی تا ئێستاش لەناو زاکیرەی ھەولێرێکانەوە ماونەتەوە، بێ لەوەی حەیەوێتی زانکۆ و ئاکادیمیا و عیشقی زۆریان بۆ مەعریفە، چالاکیی خۆپیشاندان دژی بەعس، بە کورتی فەزای گشتی ئەم شارە بوونێکی ئەکتیڤی ھەبوو، بڕبووە لە چالاکی زیندوو، فەزای گشتی تێکەڵیەک بووە لە چالاکی و خەون و یۆتۆپیا، خەونی ئەوەی یورگن ھابرماس پێی دەلێیت: (دامەزراندنی خەیاڵی کۆمەڵگە). واتە ئەو کات و لە سەردەمی بەعس شتێک ھەبوو لەناو شاری ھەولێر کە خەیاڵی کۆمەڵگە بوو، ھیچ کۆمەڵگەیەک بێ ئەو خەیاڵە و ئەو ئەکتیڤییەتە کۆمەڵگە ناتوانێت بژیت، ناتوانێت ھاوڕێی مەرگ نەبێت، وەلێ دوای ڕاپەڕین و کارەساتی شەڕی ناوخۆ و کوشتن و بڕینی یەکتر و تەسفییە حساباتی ھێزە کوردییەکان لەم شارە، تا ئێستاش ئەم شارە نەک ئەکتیڤێتی ژیان و حەیەوێتی ژیانی لێ سەنراوەتەوە، وەلێ شتێکیش نەماوەتەوە ناوی خەیاڵی کۆمەڵگە بێت، ھەموو چالاکییەکی زانکۆ و موئسسسات و شانۆ و فیلم و موزیک و کۆڕو کۆبوونەوەی جەماوەری و ئاڕای جیاواز و نەک بەشێک نین لە عەقڵی بەڕیوبردنی حوکمڕانییانی ئەم شارە، بەڵکو کوشتەی ئەمانە و خەیاڵی حەیەوێـتی ژیان و دامەزراندنی خەیاڵآ کۆمەڵگە بەشێک لەو عەقَلەَ مینیتالێتی حیزبییە، کە درێژکراوەی بەعس و شەڕی ناوخۆیە، کارەساتەکە ئەوەیە ھەڵگرانی دۆخی ڕزگاریش بە ھەمان ئەو مینتالێتی حیزبییە ئیش دەکەن کە خەیاڵی کۆمەڵگەی کوشتووە، دەیانەوێت لە ڕێگەی مەرگەوە ژیانیان پێ ببەخشنەوە، ئەگەر ئیشکردنێکی دۆخی ڕزگاری ئەم شارە ھەبێت دەبێت لە ڕێگەی ھەمان کەرەستەوە بێت، ناکرێت لە رێگەی عەقَڵێتی حیزبییەوە کەلتور ڕزگار بکرێت،دوایش بڵێیت دۆخی ڕزگاریم ھەڵگرتووە و خەڵک پێشوازیم لێ ناکات(خۆشم چەندین جار لەناو ئەو ھەڵەیەدا بووم) بەڵکو ئیشکردنی کەلتوری جدی وەکو ئەم شاکارەی (گوێچەکانمان قسە دەکەن) دۆخی ڕزگاری دەھێنێتە کایەوە، خەیاڵی کۆمەڵگە دادەمەزرێنێتەوە. دامەزارندنی خەیاڵی کۆمەڵگە دەبێت لە خوارەوە ی کۆمەڵگە و دۆخی سۆسۆلۆژییەوە دەست پێ بکات، نەک پەلاماردان بۆ گۆڕینی سەرەوە و گۆڕینی دیکاتۆر بە چەپڵە.
٢. سەرەتای ناوھێنانی شانۆکە، سەرەتایەکی پرسیارھەڵگرە، ئایا گوێچکە بۆ گوێگرتنە؟ بۆچی لێرەدا دەیەوێت قسە بکات؟ ئاماژەی گۆێچکە بۆ قسەکردن دەمانباتەوە ناو کارئەکتەری نێو شانۆیەکە، کە ئەویش ژنێکە، یان باشترە لەم مەملەکەتە کاتێک دەلێین ژنێکە بڵیین قوربانییەکە، کەڤێ ھەڵگری ڕۆحی ژنانە لەم مەملەکەتە، ھەڵگری ئازارەکان و مەینەتەییەکانە، ھەڵگری تراژیدیای ژنبوونە، کەڤَێ دوای ئەوەی ئامرازی قسەکردنی ماندووبووە، ھاوار و واوەیلا شەکەتیکردووە، لە دەست دەسەڵاتی پارتریاک، لە دەست دەسەڵاتی مینیتالێتی خێل، لە دەست فەنتامیتالیزمی ئاینی، لە دەست ئەو گوێیانەی کە بۆ گوێگرتن وەلێ گوێ ناگرن، گوێ ئەگەر تەنیا ئەرکی ئەنتۆلۆژی خۆی بەجیبھێنێت دەتوانێت دونیای ژن بگۆڕێت، وەلێ لەم مەملەکەتە ئامرازە خواوییەکانیش لەکارخراون، چیدیکە گوێ بۆ گوێگرتن و دەست بۆ تەوقەکردن نین. کەڤێ کاتێک ئامرازی قسەکردن و گریان و تێگەیشتنی کە دەمە لەکارخراوە و گوێیەک نییە بیبیستێ، نایەوێت مەرگ ھەلبژێرێت، زۆرن ئەو ژنانەی کاتێک گوێیەک نییە ببیسترێ بۆیە مەرگ ھەڵدەبژێرن، بەڵکو کەڤێ ژنە و ژیان ھەڵدەبژێرێت، کەڤێ بەرەنگاری ھەڵدەبژێرێت، کەڤێ لە ڕێگەی گوێچکەکانەوە دێتە گۆ، کەڤێ ئەو گوێچەکانەی کە بۆ گوێگرتن و گوێ ناگرن، لە رێگەی ھەمان ئامارازەوە کە مەحکومی لەناوبردنی دەکەنەوە کە نەبیستنی گوێچکیە بەرەنگاری لەناو خۆیدا دەچێنێت، بە گوێچکە ھاوار بەسەر گوێێچکەکان دەکات، کە ئێوە بۆ بیستن و دەبێت ئازار و تراژیدیای ئێمە ببیستن.