ئەگەر حوکمداری بۆ خەڵک دەکەن ھاوڕێی کۆمەڵەی نەوشیروان مستەفا جێبەجێ بکەن .

لەلایەن ستاندار Posted on 316 جار بینراوە

پێشڕەو بابەشێخ

دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان و لەسەروبەندی پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لێرەو لەوێ، لە کۆڕوکۆبونەوەکان و لە ڕاگەیاندن، باس و خواسی شەقام و گفتوگۆ سادەو دووقۆڵیەکان، تەنانەت دانیشتنی ئاسایی نێوان خێزانەکانیش باس باسی پێکھێنانی کابینەی نوێ و شێوازوپێکھاتەی ئەم کابینەو بەشداری ئەم لایەن و ئەو لایەنە لە کابینەکەدا .
ئەوەی لێرە من مەبەستمە قسەی لەسەر بکەم شێوازی کارکردنی حکومەت و کاربەدەستەکانێتی، ئیتر لەھەر لایەنێک بێت و کاندید و پێشنیازکراوی ھەر پارتێکی سیاسی بێت، چونکە لەدواجاردا لەسەرۆکی ئەنجومەنەکە تا فەرمانبەرێکی خوارەوە لە پێگەیەکدایە کە موڵکی گشتیە نەک ئەم و ئەو . خزمەتکردنی تاکی کورد و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەشێوەی یاسایی و بەپێی ڕێنمایی خزمەتکردنە بە کۆمەڵگا بە گشتی .
بۆ ھاوڵاتی خێرلەخۆنەدیوی کورد، کێ خزمەت دەکات گرنگ نیە ئەوەندەی چۆن خزمەت دەکات گرنگە، پێکھاتەی کابینە چۆنە و کێ پێکی دێنێت ئەوەندە گرنگ نیە تا ئەوەی چۆن خزمەت بە خەڵک دەگەیەنێت و چۆن یاسا پێشێل ناکات .

مەرج نیە ئەوەی کاربەدەستە یاسایی بێت، بەڵام مەرج بێت چۆن یاسا جێبەجێدەکات و پێشێلی یاسا ناکات . ئەگەر مەرج نیە کەسی کێن ئەوانەی حوکمداری دەکەن، بەڵام با مەرج بێت لە خزمەتکردن و دامەزراندن و کار ڕاییکردنی خەڵکدا جیاوازی کەسی نەکرێت جیاوازی و پلەداری بۆ ھاوڵاتی دروست نەکرێت . ئەگەر مەرج نیە خەڵکی ھەرشاروگوند و کوچەوکۆڵانێکی لە وەرگرتنی پلەی باڵای وەزیفی با مەرج بێت جیاوازی نەکرێت لە گەیاندنی خزمەتگوزاری و خزمەتکردن بۆ ھەر شارو کوچەو کۆڵانێک بە یەکسانی و بەپێی پێداویستی .

ئیتر تاکی کورد ماندوە، وەڕسە، لەھەموو کابینە یەک لەدوا یەکەکان، چونکە جگە لە نەھامەتی و ماڵوێرانی و برسیکردن و جیاوازی کردن و پشک پشکێنە ھیچی تری نەبینی . ئێستا کاتی ئەوە ھاتوە ئەم خەڵکە ماندوە قەرەبوو بکرێتەوە قەرەبویەک ژیانێکی سادەو ئارامی پێ ببەخشرێتەوە، قەرەبویەک ئەوەی لێی زەوت کراوە بۆی بگەڕێنرێتەوە، قەرەبویەک ئەوەی لێی بێبەشکراوە پێی بدرێتەوە، ھیچی زیادە پێشکەش مەکەن تەنھا مافە زەوت کراوەکانی بدرێتەوە . موچە زیاد مەکەن موچە خوراوەکان بدەنەوە بەخەڵک، موچەی نوێ موچە کۆنەکان بگێڕنەوە بۆ دۆخی خۆی . یاسا و ڕێنمایی نوێ دەرمەکەن تەنھا یاساکانی پێشوتر جێبەجێبکەن و پێشێلیان مەکەن، دزی نوێ مەدۆزنەوە تەنھا دزەکانی پێشوتر بدەنە دادگا، بەندیخانەکان خاڵی مەکەن دادگاکان سەربەخۆ بکەن .

گۆڕانکاری لە دەم و چاوەکان مەکەن، بەڵکو گۆڕانکاری لە بیرکردنەوە و شێوازی حوکمڕانیتان بکەن . ھێنانەدی یەکسانی بە گۆڕانکاری لەسیستەم و شێوازی بەڕێوەبردن دەبێت نەک ئەم و ئەو، گۆڕانکاری بە گۆڕینی شێوەی ژیانی خۆتان دەکرێت نەک بێ ئاگا بوون لە شێوەی ژیانی ھاوڵاتی، ئەگەر دەتانەوێت بۆ خەڵک بن و وەک خەڵک بن، شانازی بکەن و شەرمی ناوێت، یەکجار ڕەوشتی ھاوڕێی کۆمەڵەی کاک نەوشیروان بخوێننەوە و چەند خاڵێکی لێ ھەڵبژێرن و بیکەن بە پێوەر بۆ ژیانی ڕۆژانەی کارکردن و حوکمڕانیتان، بیکەن بە دەستپێکی شێوازی نوێی کارکردنتان، بیکەن بە شاڕێگەی شێوازی حوکمڕانیتان و فەرمانڕەواییتان و فەرمانەکانتان .
ئەگەر دەتانەوێت ئیتر ناھەمواریەکانی سەر خەڵک و گوزەرانی خەڵک دوبارە خراپ نەبێتەوە، ئەگەر دەتانەوێت ببن بە موڵکی گشتی و یەکسانی و دادپەروەری و وەک یەک ژیان بێتە کایەوە، ئەگەر دەتانەوێت جیاوازی چینایەتی نەمێنێت، ئەگەر ئارەزوتانە حوکمڕانیەکی دروست و تەندروست بێننە کایەوە بەو پەڕی شکۆوە ڕێنمایی سەرکردەیەک جێبەجێبکەن کەچەندین ساڵ بەر لە ئێستا بۆ ژیانی ھەر تاکێک و بۆ پارێزگاری لە نیشتمان و نەتەوە و ئاین و کلتورو خۆشبەختی و وەک یەکی لەنێوان ھەموان و نەھێشتنی جیاوازی دەسەڵاتدارێک و بێ دەسەڵاتێک لە ڕێگای ھاوڕێی کۆمەڵەوە خستۆتیە ڕوو .

ئەگەر دەتانەوێت ئیتر ئەرکی خۆتان جێبەجێبکەن و مافی خەڵک زەوت نەکەن، ئەگەر دەتانەوێت حوکمداری ڕاست و شۆڕشی خزمەتگوزاری بکەن، ئەگەر دەتانەوێت چیتر سەروەت و سامانی میلەت نەخۆن، ئەگەر دەتانەوێت ڕێز لە بیروڕاوئازادیە کەسیەکان بگرن، ئەگەر دەتانەوێت چیتر دەست بۆ سەروەت و سامانی ھەموان نەبەن یا چیتر لە خەڵک دانەبڕێن و خۆتان نەکەن بە مشەخۆری سەر قوتی خەڵک، ئەگەر دەتانەوێت بۆ ھەمیشە بێنەوە نێو خەڵک و ببن بە لانەیەک بۆ دروستکردنی ژیانێکی ئاسودە بڕۆن و جارێک ڕەوشتی ھاوڕێی کۆمەڵەی نەوشیروان مستەفا بخوێننەوە و جێبەجێی بکەن .ئەگەر دەتانەوێت گومانی خەڵک بڕەوێتەوەو بێگومانی لەنێوان دەسەڵات و جەماوەر دروستبێتەوە، یا دەتانەوێت حوکمداری ڕاستەقینە جێگای ھەڵخەڵەتاندن و دەستی دەستی بگرێتەوە ئیتر بڕۆن تەنھا و تەنھا بەشێک لە ھاوڕێی کۆمەڵە بخوێننەوە، ھیچی تر نا و واز لە ھەموو نوسین و وتار و بیرو باوەڕەکانی تری بھێنن، چونکە ئەوەندە بەسە بۆ ئەوەی ببن بە دەسەڵات بەدەستێکی خزمەتگوزار و یەکسان و دادپەروەر و دەست پاک و تاکێکی خۆ بەخش لە پێناو نەتەوەو نیشتمان و مرۆڤایەتی، ئەوەندە جێبەجێ بکەن و ببن بە فریاد ڕەسێک بۆ گەلێکی ستەم دیدە و ماندو و خێر لە خۆ نەدیو . ئەوەندە بەسە بۆ ئەوەی ئەرک و ماف ھاوتای یەکتر بن و دادی کۆمەڵایەتی بێتە دی .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.