ماجەرای کۆبونەوەکانی یەکێتی و پارتی.

لەلایەن ستاندار Posted on 413 جار بینراوە

سەرتیپ جەوھەر

ئەوانەی ئەنجامی ھەڵبژاردنیان قەبوڵکرد، دەبێ ئێستا دەرئەنجامەکەیشی قەبوڵ بکەن! لەکۆبونەوەی چەند رۆژی رابردووی نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، نەک ھیچ رێککەوتنێک نەکراوە، بەڵکو پێشبینی دەکرێت پێکھێنانی حکومەت زۆر زەحمەت بێت و کەس چاوەڕێ نەکات لەم چەند مانگە پێکبھێنرێت!
لەکۆبونەوەی ئەمجارەدا، مەکتەبی سیاسی یەکێتی تەواو ھاوھەڵوێست بوون لەچۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ داھاتووی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان، وەفدەکەی یەکێتی داوا دەکات بەر لەپێکھێنانی حکومەت رێککەوتنێک بکرێت بۆ یەکلاییکردنەوەو ئیدارەدانی دۆسییەکانی (حکومەتی بەغداو پرسی کەرکوک و حکومەتی نوێی کوردستان) وەک یەک بوخچە (پاکج)، بەڵام پارتی پێیوایە دەبێ ھەر دۆسیەیەو بەجیا مامەڵەی لەگەڵ دا بکرێت، ئەمەش بەتەواوی لەلایەن یەکێتییەوە رەتکراوەتەوە.
پارتی دەیەوێت لەسەر بنەمای زۆرینەو کەمینەی پەرلەمان و بەتاک و تەنھا گفتوگۆی پێکھێنانی حکومەتی نوێ بکات، بەڵام یەکێتی ئەم پێشنیارەی رەتکردۆتەوەو بەروونی بە پارتیان راگەیاندووە پێویستە لەکوردستان شەریکی راستەقینەی حوکمڕانی بین، لەھەرسێ دۆسییەی (حکومەت و پەرلەمان) و ئابوریی (نەوت) و پەیوەندییەکانی ھەرێم بەشداری سەرەکی و بڕیاردەر بین نەک بەشداریپێکراو، ھەروەک شەریکی راستەقینە بین لەبڕیاردان و چیتر رازینابن بەمشێوەیە حوکمڕانی کوردستان بەردەوام بێت! بۆیە کۆبونەوەکە بەبێ ھیچ ئەنجامێک کۆتایی ھاتوە.
پێدەچێت پارتی لەژێر کاریگەری بارە دەرونییەکەی بەدەستنەھێنانی سەرۆکایەتی کۆمار مابێت و لەژێر کاریگەری ئەو ٤٥ کورسییەی پەرلەمان بێت کە ئەنجامەکەیان بۆ قبوڵکرا بەبێ لێکدانەوەی چارەنوس، دەیەوێت لەڕێی بزوتنەوەی گۆڕان یارییەکی نوێ بکات، بەڵام ئەم ھەڵوێست و جوڵەیە رەنگە درێژە نەکێشێت. کاربەدەستێکی باڵای پارتی لەکۆبونەوەکە بە ئەندامێکی یەکێتی وتبو “وەک گۆڕان دەبنە موعارەزە؟” لەوڵامدا وتبوی بەڵێ، بەڵام وەک گۆڕان لە پەرلەمان تەپڵتان بۆ لێدەین، موعارزەبونی ئێمە بۆخۆتان بەجێدەھێلین!
قسە زۆرە بیکەین، جارێ لێدەگەڕێین، بەڵام قبوڵکردنی ئەنجامەکان ھەر ئەوەی لێدەکەوێتەوە کەئێستا دەیبینین! وەک بارزانی بەبێ بونی ھیچ سیفەتێکی دەوڵەتیی و ئامادەبونی لەمەراسیمێکی رەسمیی لەزاخۆ ئامادەبوو، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ سیاسەتی پارتی و چۆنییەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ ھەموو لایەنەکان و حوکمڕانیی بەشێوەیەکی گشتیی! بۆیە ئەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردنی قەبوڵکرد، دەبێ دەرەنجامەکەیشی قەبوڵبکات، چونکە ھێشتا پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم و دەستوریش ماوە، بائەویش بێتەوە پەرلەمان، ئینجا دەزانن چی رویداوە.
بەپێی تێبینی ئەوانەی بەشداربوون لەکۆبونەوەکانی پارتی، چ لەبزوتنەوەی گۆڕان، چ لە یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان، ھەستدەکرێت نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت ئاستەنگ بۆ گەیشتن بۆ چارەسەری کێشەکانی پێکھێنانی حکومەت و رێککەوتنی لایەنەکان دروستبکات، ئەمەش رەنگە بۆ ئەوەبێت مەسرور بارزانی ئامۆزای نەتوانێت کابینەی نوێی حکومەت پێکبێنێت! بەڵام بیرمان نەچێت ئەو ستافەی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بەشدارن لە گفتوگۆی نێوان پارتی و لایەنەکانی دیکە، ئەوەندە بڕیار بەدەست نین، بۆیە ئەگەرێکی لاواز ھەیە لەکۆتاییدا مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی خۆیان بێنە نێو گفتوگۆکان و ئەو گرێیانە ھەڵگرن کە دێنە رێی پێکھێنانی حکومەتی نوێی ھەرێم، چونکە بارزانی مەبەستییەتی لەئێستاوە مەسروری کوڕی لەڕێی وەرگرتنی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، ئامادەبکات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئەمە خاڵی لێک جیابونەوەی ھەریەکە لە نێچیرڤان و مەسرور بارزانییە لەسەر خاوەندارێتی و خەلافەتی رێبەرایەتی پارتی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.