نیشتمان و مانگا و کاھین

لەلایەن ستاندار Posted on 299 جار بینراوە 0 سەرنج
kamaran zrare

نوسینی : جلال الجاك
وەرگێڕانی لە عەرەبیەوە بە کەمەک دەستکاری: کامەران

لەسەردەمی قوڕەیش کاھین بە بابای بتپەرستی دەگۆت: خواوەندەکەمان داوای مانگایەکتان لێدەکا ھەتا داواکاریەکانتان جێبەجێکا!!
ئەڵبەت بتەکە قسانناکا، ئەوەشی مانگای دەوێ و لێی سودمەندە کاھینەکەیە، خۆ ئەگەر کاھینەکە بیگۆتبا ئەمن مانگایەکم دەوێ کەس مریشکەکیشی نەدەدایێ، لۆیێ فرتوفێرەکە بە دانانی بتەک دەبی، کە خەرک بیپەرستن و پیرۆزیکەن و بە مەزنی بزانن و لەڕێی وی بمرن.
پێش جەنگی دووەمی جیھانی، ھێتلەر لە وتارەکیدا گۆتی کەوا ئەو خودایەک لۆ گەلی ئەڵمان دروستدەکا، لە زەوی بیپەرستن بەدەر لە خوا، ئەویش وڵاتی ئەڵمانەکانە.. لە پێناوی دەمرن و لەڕێی بەرزی و شەکاوەیی ئاڵایەکەی قوربانیدەدەن.

ئەڵبەت وڵاتیش بتێکە دەپەرسترێ .. نایێتە گۆ، ئەوانەشی بەناوی ئەوەوە قساندەکەن سیاسیەکانن، ڕۆڵی کاھینەکە دەبینن لە بتپەرستیەکە.
کاتێکیش داوا لە وڵاتییان دەکەن لەپێناو نیشتمان قوربانیبدەن، مەبەستیان قوربانیدان لەپێناو خۆیان و دەسەڵاتەکەیان و ئاغایەتیەکانە.
وڵاتییانی نیشتمانپەرستیش کەیفخۆشن..
لەپێناو نیشتمان دەمری و کوێخایەکان ناوی(شەھیدی نیشتمان)ـی لێدەنێن، لە کاتێک کوێخایەکان لەپێناوی نیشتمان نامرن واناکەن کوڕەکانیشیان لەپێناوی نیشتمان بمرن.
چونکە نیشتمان بریتیە لەوان
وڵاتپەرستانیش لەپێناوی ئەوان دەمرن.

ھەردەم وشەی گەورەگەورەت گوێلێدەبی وەک ( خەزێنەی دەوڵەت، موڵکی دەوڵەت، زەویەکانی دەوڵەت، شکۆی دەوڵەت، سەرۆکی دەوڵەت)
ھەمووان دەمرن تا وڵات نەکەوی.. وڵات .. وڵات .. وڵات.
کەسیش نیە بپرسی: ئەرێ وڵات چیە؟! ئەو ناولێنراوە ئیعتباریە پیرۆزە چیە کە ھەموو شتەکی دەدەنە پار؟
کە مافی ئەوەشی ھەیە ھەموو شتەکتان لێ زەفتکا، گیانتان، کەڕامەتتان، لوقمە نانەکەتان!!
ئەو بتە پیرۆزە چیە کە داوا لە وڵاتییان دەکەن
برسی بن ھەتا ئەو تێر بی
زگیان ھەرگوشن ھەتا ئەو خۆشگوزەران بی
بمرن ھەتا ئەو بژی
ئیھانە بکرێن ھەتا ئەو شکۆدار بی
لە ڕاستیدا :
دەوڵەت (بتە وەھمیەکە)ـیە
چەقی ھێزە تاغووتیەکان بوونی دەوڵەت دەخوازی، ئەوانەی خەریکی بەکۆیلەکردنی مرۆڤن و لەژێر ناوی خوا و نیشتمان خۆ پەنھاندەدەن، لە کاتێک لەکنەوان دەوڵەت ھیچ نیە جگە لە دەسەڵاتەکەیان و چەقی ھێزەکەیان.
لۆ ئەوەی وڵاتییان بیرۆکەی ملکەچبوون و گوێڕایەلیش قەبولکەن، ئەوان ھەردەم بانگەشەی ئەوەی دەکەن: ھەموو ئەو تشتانەی کە دەیکەن بێگومان لۆخۆیان و خانەوادەکەیان نیە، بەڵکو لەپێناو وڵات و بەرژەوەندی نیشتمانە.
سامانت زەفتدەکەن، مافەکانت دەدزن پاشان بانگەشەی ئەوەی دەکەن لەبەرئەوەی بووە ھەتا ھەندەک پارەی لۆ دەوڵەت و بەرژەوەندی نیشتمان خڕکەنەوە.
بە توندترین شێوە ئیھانەت دەکەن و خوینت حەلالدەکەن دوایێ بانگەشەی ئەوەی دەکەن لەپێناو شکۆی دەوڵەت و بەرژەوەندی نیشتمان بووە.
سەربازەکان لەپێناو کورسیەکەیان بەکاردەینن و مەیدانەکانی مەرگیان پێ تەیدەکەن، دوایێ دەرێن بێگومان ئەمە دەوڵەت و نیشتمان دەپارێزین.
خۆ ئەگەر ڕاشکاوانە برێن: ئەمە دەتانکوژین ئیھانەتاندەکەین سامانتان زەفتدەکەین لەپێناو دەسەڵاتەکەمان) ھیچ کەسەک قەبولینەدەکرد.

لۆ نمونە لە مسر وا لەگەلەکەی دەکەن ئەو دروشمانەیان لەدوو برێتەوە:
دەمرین، دەمرین، ھەر بژی مسڕ
ئەمە قوربانی مسڕین
بژی مسڕ بە ئازادی
ئەگەر پێویست بی خەرک بمرن ھەتا مسڕ بژی، دەبی بپرسین مسڕ چیە کە پێویستە گەلەکەی لە پێناوی بمرن و بەندکرێن و ئیھانەکرێن؟!
کەواتە مسڕ بریتی نەبوو لە گەلەکەی، ئەدی چیە دەبی زەویەکەی بی؟
ئەگەر زەویەکەیە، کێ سنوورەکەی دیاریکرد؟ کە ئەویش بە دێژایی مێژوو لە گۆڕاندایە، ئەوەی جێگیرە تەنھا ناوەکەیتی
بگرە زۆربەی سنوورەکانی وڵاتانی ئێستا لە ڕاستیدا ئیستعماری ئینگلیزی و فەڕەنسی دایاننا نەک باپیری من و بابی تو!
باشە، وا دانێ کە لەسەر سنووری خاکەکەی ڕێککەتین، ئایا خاک ئەوەیە خاوندارێتی خەرکی بکا یان خەرک خاوەنی بن؟
بەڕێزان لە ڕاستیدا زۆربەتان خاوەنی ئەو کونجە خانیەش نینە کە تێیدانە، ئەوەشی خاوەنیتی دەبی باج و ڕسوماتی بداتە دەوڵەت وەک ئەوەی لە سەرۆکی وڵات و حیزبەکەی و حکومەتەکەی بەکرێیگرتبی!
بەڵکو دەبی پارەی ئەو قەبرەش بدەین کە تێیدا دەشاردرێینەوە.
کەوابوو ئەدی کا ئەو زەویەی لە ڕێی بەرگریکردن لێی دەمرن؟
بەڕاستی ئەویش زەوی دەوڵەتە نەک زەوی گەل.
ئەو زەویانەی کاھینی دەوڵەت(سەرۆکی وڵات) بەسەر دارودەستە و نێزیەکانی دابەشیدەکا ھەتا ئینتمایان لۆخی پێ بکڕی، دەیداتە بازرگانە گەندەڵەکان و وەبەرھێنەرە بێگانەکان ھەتا خۆی و دەستوپێوەندی لە خێروبێری بخۆن ھەروەک کاھینەکەی قوڕەیش کوو لە مانگایەکەی سودمەند دەبوو
کەواتە دەوڵەت یان نیشتمان خاکەکەش نەبوو
ئەدی چەمکی دەوڵەت چی تێماوە ھەتا خەرک لە ڕێی پاراستنی بمرن؟
لە ڕاستیدا ئەوەی دەمینێتەوە، تەنھا خاوەن دەسەڵاتەکان و سەنتەری ھێزەکانن

ئەتوش داواتلێدەکرێ برسی بی، سووکایەتی قەبولکەی، بمری تەنھا لەپێناو مانەوەی دەسەڵاتەکەیان و ڕژێمەکەیان، لەپێناو بەرژەوەندیەکانیان بە بەردەوامی فەرمانڕەواییەکەیان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *