کەی مافەکانی پێشمەرگەی دێرین ئەدرێن؟

لەلایەن ستاندار Posted on 358 جار بینراوە

ئەحمەد رەجەب

لەم نووسینەدا باسی زەوی بۆ پێشمەرگەی دێرینەو بە ھوێ بازرگانی و گەندەڵییەوە پێشمەرگەی دێرین کراوە بە دوو بەش، بەشێکیان بێبەشن و زوییان نییەو ئەو بەشەکەی تریان شانسی ھەیە لە جیاتی یەک پارچە زەوی، دوو پارچەی زەویان پێدراوە.
کاتێک رۆڵەکانی گەڵ وازیان لە خۆشی ژیانی لاوێتی و، کارو بژێوی خێزانەکانیان ھەڵگرت و، روویانکردە شاخە سەرکەشەکانی کوردستان و، بوونە پێشمەرگەو چەکیان دژ بە رژیمە دیکتاتۆرییە خوێنمژەکان کردە شان، بە ھیچ شێوەیەک بیری ئەوەیان نەکرد پاشەرۆژ بە بۆنەی ئەم چەک ھەڵگرتنە ببنە خاوەن موچەو زەوی و تەلارو باخ و تۆتۆمبێل.
پێشمەرگە: ناوێکی بەرزو پێرۆزەو، ھەموو کات لەپێناو بیرو باوەرو نیشتمان و گەلدا خۆی بەخت کردووەو، دژ بە رژێمە دیکتاتۆرییەکان و بیری شۆڤەنیستی و رەگەزپەرستی دەسەلاتە داگیرکەرەکانی نیشتمان جەنگاوەو، بەوەش سەربەرزی بۆ خاک و گەلەکەی تۆمارکردووەو، رۆژانە ناوی پێشمەرگە ئەبیسترێت و، زۆربەی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان و ئەو کەسانەی لە پێناو ئازادی و ئاواتە پیرۆزەکانی گەلدا تێکۆشاون باسی پێشمەرگە و رۆژانی سەختی پێشمەرگایەتی ئەکەن و، بە چاویرێزو شانازییەوە ئەرواننە ئەو مێژووە پر سەروەرییە،‌ ئەمە لە لایەکەوەو، لە لایەکی ترەوە ھەندێ لە بەرپرسانی دەسەلاتی کوردستان پێشمەرگەیان کردووەتە وێردی سەر زبانیان و، لە بەشەکانی راگەیاندن ئەوە دەرئەخەن کە (ھەموو) داخوازییەکانی پێشمەرگەیان دابینکردووەو، ھیچی تر نەماوە بۆیان بکەن و، بۆ چەواشەکردنی جەماوەری گەل و بۆ داپۆشینی تاوان و گەندەڵییەکانیان، ، دەستئەکەنە لاف وگەزافی درۆو دەلەسە.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە، تاکەی پێشمەرگە دێرینەکان بێدەنگ بن، تاکەی مافەکانیان زەوت بکرێن، تاکەی مافەکانیان بدرێن بە کەسانی تر، تاکەی بەرپرسانی کوردستان تەنھا خۆیان بە پێشمەرگە بزانن و مافەکانی پێشمەرگە ‌پێشێل بکەن و، بۆ خۆیان و کەسوکارو خزم و دەستوپەیوەندەکانیان ھەموو شتێک دابین بکەن و، وەک بڵێت کوردستان تەنھاو تەنھا ولاتی ئەوانەو، ئەبێ ھەموو (خەیرو بەرکەتی) ھەر بۆ ئەوان بێت، تا کەی گەندەڵی ریسوا نەکرێت، تاکەی رێزی جاش بگیرێت و، پێشمەرگە فەرامۆش بکرێت، تاکەی رێز لە راپۆرت نووسەکانی رژێمی بەعسی فاشی بگیرێت.
ئەمرۆ لە سایەی ناوی پێشمەرگە چەندان تاقم و دەیان ھەزار کەس بوونەتە خاوەن موچەی بەرزو، خاوەن ئەرزو کۆشک و تەلارو، دیارە تەنھا پێشمەرگە مافی خۆیەتی بە ناوی پێشمەرگەی دێرینەوە خانەنشینی بکرێت و، زەوی وەربگرێت، بەلام ئەمرۆ لە سایەی میرەکانی کوردستان گاڵتە بە ناوی پیرۆزی پێشمەرگەوە ئەکەن و، پارەو ئەرزە ئەبارێن و ئەیبەخشن و ئەیدەن بە باوک و دایک و خوشک و برا و خزم و، دراوسێی و کاسەلێس و دەستوپەیوندەکانیان و،
لە کوردستان ژمارەیەک لە پیشمەرگە زەوی وەرگرتووە و، ژمارەکەی تر چاوەروانە بەڵام سەرۆک جاش و جەیش شەعبی و موختاری راپۆرت نووس و خاوەن فایلەکان کە سیخورییان بۆ حزبی بەعس و رژێمەکەی بەغدا ئەکرد زەوییان وەردەگرتووەو،
کار بەوەش نەوەستاوە ھەندێک لەو سەرۆک جاش و موختار راپۆرت نووسانە بوونەتە دەمراستی بەرپرسە گەورەکان و، سەرەرای ئەوەی کە لە بنچینەوە زەوییان ھەیە، زەوی تریشیان وەرگرتووە، دیارە کوردستان تاپۆی ئەو جۆرە کەسانەیەو، تا سەرۆک جاش و خاوەن فایەل ماوە پێشمەرگەی دێرین بێ بەشە.‌.
ھێزو پارتە کوردستانییەکان و حزبی شیوعی پێشمەرگەیان ھەبوو، ھەریەک لەمانە لە سەنگەری گەلدا دژ بە داگیرکەرانی کوردستان خەباتیان ئەکردو، ھیچ کات بەرامبەر بە دوژمنی دیکتاتوری فاشی سارد نەبووەو، پێشمەرگەکانی زۆر کارامەو گورجوگۆڵ بوون لە پەلامارداندان دژ بە دوژمنیان و، ئەگەر لە پێشمەرگەی لایەنەکانی تریان زۆرتر نەکردبێت، قەت کەمتریان نەکردووە.
خۆێنی پێشمەرگە شیوعییەکان لە گەڵ خۆێنی پیشمەرگەی لایەنەکانی تری سەر گۆرەپانی تێکۆشان لە چەندان شەرو داستاندا ئاوێتەو تێکلاوی یەکتر بوو ، بۆ نموونە لە داستانی سۆێلەمیشدا خۆێنی پێشمەرگەی حزبی سۆشیالیستی کوردستان تێکلاوی خۆێنی پێشمەرگە نەمرەکانی حزبی شیوعی بوو، ھەروا لەگەڵ پێشمەرگە دلێرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گرتنی شارۆچکەی قەرەداغ و، پێشمەرگە ئازاکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە داکۆکی کردن لە خاکی پیرۆزی کوردستان لە دێی تازە شارو وئاوایی شێخ حەمیدو بناری گلدا دژ بە پرۆسەی چەپەڵی ئەنفال و، لە دەیان شەرو داستانی تردا.
لە سلیمانی بە ھەوڵ و کۆششی ھاورێیانی حزبی شیوعی و برادەرانی یەکێتی نیشتمانی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان دامەزراو دیارە ئەو کارەش، کارێکی باش و پۆزەتیڤانەیە بۆ داکۆکی کردن لە مافی رەوای پێشمەرگە دێرینەکان و، ھەوڵیان داوە پێشمەرگەی ھەموو لایەنەکان لە دەوری خۆیاندا کۆ بکەنەوەو، بەلام خواستیان تا ئێستا نەھاتووەتە دی و، پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دوورەپەرێزن و، نایانەوێ خۆیان بەو کۆمەڵەیە گرێ بدەن.
من وەک سەدان وھەزاران پێشمەرگە لە ولاتەکەم مافم خوراوەو، بستێک (زەوی) یم پێنەدراوەو، زۆربەی ناسیاوەکانم باوەر ناکەن و، ھەندێکیان سویند بەخواو بە پێغەمبەرو بە (موقەدەسات) و تەلاق ئەخۆن کە زەویم وەرگرتووەو ، بۆیە بێدەنگم.‌.
من تا ئێستا (یەک بست زەوی) یم وەرنەگرتووەو، ھیچ کات بێدەنگ نەبووم و، لە زۆر بواردا باسم لێیکردووەو، ھەمیشە وتوومە ناسیاوەکانم (ھەقیان) ە باوەرم پێ ناکەن و، روو بە روو پێم ئەڵێن : ئەگەر زەوی بە (تۆ) ی خاوەن تێکۆشانێکی زۆر نەدرابێت، ئەی بە کێ دراوەو، بە کێی ئەدەن؟؟

ولامدانەوەی ئەو بەرێزانە ئاسان نییەو، بگرە زۆر سەختەو، ئەبی بڵێم : راستە زەوی بە بەشێک پێشمەرگە دراوەو، ئەوەش مافی خۆیانەو، جێی دڵخۆشی ئێمەی پێشمەرگەو ئەو کەسانەیە کە دڵسۆزی گەل و نیشتمانن و، من لێرەدا ناچارم بە (راشکاوی) ئاماژە بەو کەسانە بدەم کە لە ریزی بەعسی دیکتاتۆری کاریان کردووە وەک سیخور، راپۆرت نووس، جاش و موستەشارو کارمەندی پایە بەرزی دامودەزگاکانی رژێمی گۆر بە گۆرو، ئەمرۆش ھەر ئەوان لە ریزی پێشەوەن و، بوونەتە خاوەن ماف لە ئەرز وەرگرتن، مووچەی باش وپلەوپایەی بەرزو نایاب و ئەندامی پارلەمان و موستەشاری سەروکەکان و ھتـــــد..
من داوا لە وەزارەتی پێشمەرگە و، وەزارەتی دارایی ئەکەم مافی ھەموو لایەک وەک یەک بپارێزن و، جیاوازی لەنێوان پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی وپارتی و یەکیتی و سۆسیالیست و زەحمەتکیشان نەکرێت و، بە یەک چاو سەیری ھەمووان بکرێت و، ھەوڵبدرێت یارمەتی تەنھا بۆ حزبەکانی دەسەڵات نەبێت و، بچن بە ھانای پێشمەرگە دێرینەکان کە ساڵانە ژمارەیەکیان کۆچ ئەکەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.