جیمس ماتیسەکانی ئێمە کەی دەستلەکار دەکێشنەوە!

لەلایەن ستاندار Posted on 325 جار بینراوە

دەشتی عبدالرحمان

لە وڵاتی ئێمە و بە درێژایی ئەزموونی حوکمڕانیەمان؍چەندین بڕیاری هەڵەو چەندین ناهەقی لە لایەن حزب و حکومەتەوە دەرهەق بە هاوڵاتیان کراوە؍کەچی زۆر بە دەگمەن کاربەدەستێکمان بینی هەڵوێست وەرگرێ و نیازپاکی خۆی پێشانی هاوڵاتیان بداو دەست لەکار بکێشێتەوە.بۆیە هەم حزبەکان و هەمیش حکومەتەکەمان سات لە دوای سات گەندەڵتر و بێ باکتر دەبێ لە ئەنجامدانی کاری هەڵەو تاوان!

(جیمس ماتیس)وەزیری گەورەترین و کاریگەرتریت وەزارەتی باڵاترین وڵاتی دونیایە؍کەچی ئامادە نیە بیراوباوەڕو تێڕوانینی سیاسی خۆی بکا بە قوربانی ئەو پلەو پێگە گەورەیە کە پێی دراوە؍بۆیە دەست لەکار دەکێشێتەوەو لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی ئەمەریکا؍هۆکاری سەرەکی دەست لەکارکێشانەوەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ جیاوازی بیروبۆچونیان لەگەڵ(دۆناڵد ترامپ)ی سەرۆکی وڵاتەکەی.

ئەگەر چی(جیمس ماتیس)ڕاستەوخۆ ئاماژەی بە هۆکاری بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا نەداوە لە لایەن تڕامپەوە؍بەڵام زۆربەی چاودێران پێیان وایە هۆکارو پاڵنەری سەرەکی دەست لەکارکێشانەوەکەی ماتیس بۆ ئەو بڕیارە خێرایەی تڕامپ دەگەڕێتەوە.

لێرەدا ئەگەر وای دابنێین هۆکاری دەست لەکار کێشانەوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی بیرو بۆچوون و لە ناویاندا بڕیاری کێشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا؍پێویستە جیاوازیەک بکەین لە نێوان کاربەدەستانی ئێمەو ئەوان و پێویستە بڵێین:

یەکەم/بەداخەوە لە وڵاتی ئێمە کاتێک کەسێک دەبێ بە وەزیر؍لە بەرئەوەی ئەولەویەت لای پۆست و پلەو ئیمتیازە؍ئەوەی بیری لێ ناکاتەوە جیاوازی و تێڕوانی سیاسی خۆیی و دەوڵەتمەدارە؍ بۆ ئەوەی خوانەخواستە ڕۆژێک لە ڕۆژان جورئەت نەیگرێ و بیری بەلای هەڵوێست وەرگرتن و دەست لەکارکێشانەوە نەچێت!

دووەم/جیمس ماتیس وێڕای جیاوازی بیرو بۆچوونەکانی لەگەڵ سەرۆک؍پێ دەچێ سومعەی سیاسی خۆیی و حزبەکەیی و وڵاتەکەی بەلاوە گرنگ بێ و بیربکاتەوەو بڵێ:ناکرێ ناو و ناوبانگی خۆم و حزبەکەم (کۆماریەکان) و وڵاتەکەم بە هۆی بڕیارە خێراو هەڵەشەکانی ترامپەوە لەکەدار بێ؍بۆیە ئەم بڕیارەی لە لایەن ئەندامانی حزبەکەیی و گەلی ئەمریکاشەوە بەرزدەنرخێندرێت و کەس جورئەتی ئەوە ناکات تۆمەتی ناپاکی بداتە پاڵ.بەڵام لای ئێمە ئەگەر لە ڕوانگەی دڵسۆزی و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی پاراستنی شکۆو مێژووی حزبەکەت ڕەخنە لە کارو بڕیارێکی هەڵەی حزبەکەت بگری؍لە لایەن زۆربەی ئەندامانی حزبەکەت دەکەویە بەر شاڵاوی ڕەخنەو بە ناپاک و نمەک بە حەرام لە قەڵەم دەدرێیت!

سێیەم/ماتیس لەو سەری دونیایەوە؍هەست بە شەرمەزاری دەکات کاتێک وڵاتەکەی گەلێکی قارەمان و ستەمدیدەی وەک کورد لە سوریا بێ ساحێب جێ دێڵێ و وەک هەڵوێستێک دەست لەکار دەکێشێتەوە؍کەچی لای ئێمە حزبێکی کوردی بە نوێژی نیوەڕۆ خەندەق بە ڕووی هەمان گەلی براو هاو نەتەوەو هاو زمانی خۆی لێدەدا بە نیەتی تەفروتونا بونیان؍کەچی کەس هەست بە شەرمەزاری ناکاو بچوکترین ئەندامی ئەو حزبە نوزەی لێوە نایەت!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.