رای کاک نەوشیروان لەسەر چوونە ناو حکومەتەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 275 جار بینراوە

شێرزاد شێخانی

لەسەروبەندی دامەزراندنی کابینەی حەوتەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دوای ھەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٣ ، بەمەبەستی سەلامکردن سەردانی کاک نەوشیروان مستەفام کرد لەگردەکە . کاتێک سکرتێرەکەی خەبەری منی پێگەیاند گوتی بابێتە ژوورەوە . کە سەرمکرد بەژووەرە بینیم بەشێک لەسەرکردەیکانی گۆڕان لەگەڵی دانیشتون دیار بو باسی مەسەلەی ھەڵوێستی گۆڕانیان ئەکرد لەسەر بەشداریکردن یان نەکردن لەحکومەتی ھەرێمدا . کاک نەوە کە بینیمی یەکسەر وتی ” باشبو ھاتی ، وەرە دانیشە بابزانم رای تۆ چییە لەسەر ئەو مەسەلەی گفتوگۆی لەبارەوە ئەکەین . تۆ وەکو رۆشنبیرێک پێت باشە ئێمەی گۆڕان بچینە ناو حکومەتەوە یان نا “؟. بە بەرچاوی ئەو ھاوڕێیانەی لە کۆبونەوەکە دانیشتبون کە بەشێکیان ئێستاش لەسەرکردایەتی گۆڕاندان ، ئەگەر پێویست بکات ناویشیان ئەھێنم ، پێموت : کاک نەوە ئێوە وەکو بزووتنەوەی گۆڕان لەم ھەڵبژاردنەدا ٢٤ کورسی پەرلەمانتان ھێناوە . ئەگەر بەشداری حکومەت بکەن ئەوپەڕی چوار یان پێنج وەزارەتتان بەر ئەکەوێ .ئەو بەرنامەیەی لەھەڵبژاردنەکاندا خستوتانەتە روو و جەماوەرەکەتان دەنگی پێداوە بەم ژمارەی وەزارەتانەوە پێتان جێبەجێ ناکرێ .دوای ئەوەش سەرۆکی حکومەت لەپارتییە ، تەسەور مەکە ھاوکاری وەزیرەکانتان بێت بۆ ئەوەی لەکارەکانی وەزارەتەکانیان سەرکەوتوبن و ئەم دەسکەوتە بدات بە وەزیرەکانتان . بەڵکو بەپێچەوانەوە کێشەیان بۆ دروست ئەکات تاکو شکست بێنن و دواتر بڵین فەرمو ئەوەش وەزیرەکانی گۆڕان ھیچیان پێنەکرا . بۆیە بەشداریتان بەچوار پێنج وەزارەتەوە ھیچ لەوەزعەکە ناگۆڕێ . ئێوە پێشتر لەناو پەرلەمان ئۆپۆسزیۆنێکی کارا بوون و گۆڕانکاریەکی زۆر گەورەتان ھێنایە ئارا‌وە بەو رۆڵەی پەرلەمانتارەکانتان گێڕایان لەناو پەرلەماندا ، ھەستمان بە ئەکیتیفبونی ھێزی ئۆپۆسزیۆن کرد وکاریگەری بەسەر دەسەڵاتدا ، بۆیە مانەوەتان وەکو ھێزێکی کاریگەری ئۆپۆسزیۆن بۆ تەواوکردنی پەیامەکەتان زۆر باشترە لەوەی بچنە ناو حکومەتێکەوە کە ھیچ دەسەڵاتێکتان بەسەریەوە نابێت .بۆیە پێمباشە سەرۆکایەتی پەرلەمان وەربگرن و لەوێوە کاری خۆتان بکەن بۆ فشار خستنە سەر دەیسەڵات ، ئەمە جگە لەوەی پەرلەمان دەسەڵاتی یاسادانانیشی ھەیە بەمەش رێگری لەوە دەکەن حکومەت ھەمو شتێک بە کەیفی خۆی بکات . جیا لەوەش ئەتوانن بەکاری پەرلەمانی چاودێری کارەکانی حکومەتیش بکەن بێ ئەوەی ھیچ کەسێک بتوانێ فشارتان بخاتەسەر .کۆتاییشم بەوە ھێناو وتم : ئێوە دەمێکە باس لەگەندەڵی ئەم دەسەڵاتەی کوردستان ئەکەن ، چوونتان بۆ ناو حکومەتێکی گەندەڵ ئێوەش تۆمەتبار ئەکات بەگەندەڵی ، بۆیە با وێنەکەتان ناشرین نەبێت لەناو حکومەتێک کە ناتوانن بە چەند وەزارتیک گۆڕانکاری تێدا بکەن ، باشترە سەرۆکایەتی پەرلەمان وەربگرن ، تا ئەو کاتەی جەماوەر پشتیوانیتان ئەکات و بەرێژەی زیاتری کورسیەکانی پەرلەمان لەداھاودا دەتوانن حکومەت بگرنە ‌دەست “.

کاک نەوشیروان دوای ئەم قسانەی من رووی لەسەرکردەکانی بەشداربوو کردو وتی ” منیش لەگەڵ ئەو رایەی کاک شێرزادم “. بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت کەوا فشاری زۆری سەرکردەکانو بەشێک لەکادیرانی گۆڕان وای لەکاک نەوشیروان کرد وەکو ھەندێ سەرکردەی تر ، کاسە ژەھرەکە بخواو بەشداری لەحکومەت بکات . ھەڵبەت ئەوانەی فشاری زۆریان بۆ ھێنا مەبەستیان بوو بەشێک لەکێکی دەسەڵات بخۆن ، نەیانئەزانی کێکەکەش ژەھراوییە وەکو دواتر بۆمان دەرکەوت بە دەرکردنی وەزیرەکانو تەنانەت سەرۆکی پەرلەما‌نەکەشیان .

بۆ مێژوو ئەیڵێمەوە ، ھیچکات ھەستم نەکردوە بەدرێژایی ھاوڕێیەتی تایبەتیم لەگەڵ کاک نەوەدا ، چاوی لە پلەو پۆستی دەسەڵات بێت ، ئەو بەسروشتی شۆڕشگێڕانەی خۆیەوە ھەمیشە خۆی لە نادادی دەسەڵات دوور گرتوەو ھەمیشە چاوی لەخزمەتی خەڵکە بەشمەینەتەکەی کوردستان بوە .

ئێوارەیەکیان خۆمو خۆی لەماڵەکەیدا دانیشتبوین . رەخنەی ئەوەم لێگرت کەوا زۆر تووندە بەرامبەر بە ‌دەسەڵات و پێویستە ھەموو پەنجەرەکان بەسەر خۆیدا دانەخات بۆ ئەوەی بتوانێ پەیامەکەی بباتە سەر . لەوەڵامدا قسەیەکی کرد کە ‌تا رۆژی مردن لەبیری ناکەم لەگەورەیی ئەم زاتە ، وتی : من خۆم قەرزارباری ئەو ماڵە جوتیارانە ئەزانم کە لەسەردەمی شۆڕشدا نانێکی گەرمیان لەبەردەم ئێمەی پێشمەرگەدا دائەناو، پێخەفی گەرمی خۆیان بەسەر ئێمەدا ئەدا . من قەرزاری ئەو لادێیانەم کە لەسەر رێگەی مەفرەزکانی پێشمەرگەدا نانو خورمایان لەژێر دارەکاندا ئەشاردەوە . قەرزاری خانەوادەی ئەو رەفیقانەم کە ‌لەپێشمەرگایەتیدا لەناو سەنگەر بەتەنیشتمەوە شەھید ئەبون . قەرزاری ئەو پێشمەرگانەم کە لەخەباتی شاخدا دەست و قاچیان لەدەستداوە ، بۆیە ناتوانم بێدەسەڵات بوەستم لەئاست ئەو ھەمو قوربانیانەو موجامەلەی دەسەڵات بکەم ” .

ئەوانەی ئێستا لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ئەیانەوێ بچنە ناو حکومەتی داھاتووی ھەرێمەوە بەبێ گوێدانە ئەو سزا قوڕسەی جەماوەرەکەیان لەھەڵبژاردنەکەی ئەمدواییەدا ، ھەمان ئەو دەموچاوانەن کە بەشێکیانم لەو کۆبونەوەیەدا بینی کە پێنج ساڵ لەمەوبەر ھەمان ھەوڵیان ئەدا بۆ بڕینی بەشێکی زۆر بچووک لە کێکی دەسەڵات !!!.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.