پرسی رۆژاڤا و دەست لە کارکێشانەوەی وەزیری بەرگری ئەمریکا و برێت مەکگۆرك

لەلایەن ستاندار Posted on 332 جار بینراوە

د.محەمەد کیانی

بریت مەکگۆرك دەستی لە کارکێشانەوە وەك نێردراوی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دژی داعش لە سوریا و عێراق، وەك پڕۆتێستۆ لە دژی بڕیاری ترامپ لە بارەی کێشانەوەی هێزی ئەمریکا لە رۆژاڤا و باکوری سوریا.

بەندە پەیوەندی باشم هەبوو لەگەڵ برێت مەکگۆرك. چەندین جار هانم دەدا پەیوەندی لەگەڵ پە یە دە دورست بکات و ئەمریکا بە شێوەیەکی ئەکتیڤ یارمەتی رۆژاڤا بدات. بە ئامادەیی کاك محمد توفیق و ماوم رۆستەم و د.گیان کامیل بەسیر من ئەم باسانەی پەیوەندی ئەمریکا و رۆژاڤام لەگەڵ بریت کردوەتەوە و بە توندی رخنەم دەکردن لەسەر بێ هەڵوێستیان و هەولی پەڕاوێزخستنی ی پ گ و پ ی د. برێت و دیپلۆمات کارە ئەمریکەیان لە ساڵی ٢٠١٢ باوەڕیان بە بارزانی کردبوو کە دەتوانێ تەڤگەری ئازادی لە رۆژاڤا بخنکێنێ و خۆی ببێتە بڕیاردەر لە جیاتی کوردی سوریا و بێ دەنکیان بکات لەوەی باسی مافی گەلی کورد لە سوریا بکەن تاکو بەشار ئەسەد دەڕوخێ، لە پاش ئەودەم و لە کاتی نوسینەوەی دەستور ئەو کات باسی مافی کورد بکرێت. ئەمە رۆبەرت فۆرد، سەفیری ئەمریکا لە سوریا، پێی وتم لە ١٤-١٢-٢٠١٢ لە سەفارەتی ئەمریکا بە ئامادەیی برێت مەکگۆرك و سەفیری ئەمریکا لە عێراق، ستیفن بیکڕۆفت، بە شایەدی سامی عەسکەری کە ئەویش ئەو ئێوارە دەعوەت کرابوو بۆ ئێورارە خوان لەلایەن سەفیری ئەمریکی لە عێراق ستیفن بیکرۆفت. لەوێ داوام لە رۆبەرت فۆرد کرد باوەڕ بەو قسانەی بارزانی نەکات. بێجگە لەوەش ئارگومێنتمان لەگەڵی لەسەر ئەوە بوو چ سوودێکی تیایە بۆ ئەمریکا ئەو هێزە علمانەی پ ی د بشکێنن بە قسەی بارزانی، لە کاتێکدا کردارەکانی و یارمەتیەکانی بارزانی بۆ هێزە کوردیەکانی دەستەمۆی خۆی کە هیچ کاریگەریان نییە لەسەر ئەرزی واقیع تەنها دەبێتە پاڵپشت بۆ هێزە دینیە تیڕۆریستەکان کە تورکیا پشتگیریان دەکات و لە دوارۆژێکی نزیك دژی بەرژەوەندی ئەمریکان دەکەونە کار. لەم دانیشتنە رۆبەرت فۆرد بە پ ی دەی دەوت تیرۆریست. بە توندی بەرپەرچم دایەوە وتم ئەو لێبڵەیان پێوە مەنێ دوایی رۆژێك دادێ پێویستتان پێان دەبێت و ناتوانی بە ئاسانی ئەم لێبلەیان لێ بکەیتەوە. ئەو وتی بارزانی لە کۆنفرانسی دۆحە لە مانگی یانزەی ٢٠١٢ وەعدەی پێداوم سنووریان لەسەر دادەخات و بە گەمارۆی ئابووری دەیانخنکێنێت. منیش وتم ئەوە لە ئێستاوە ئەو پلانەکەت فەشەلی هێنا چونکە تۆ نازانی پ ی د چین و پەروەردەیان چۆنە وچۆن شەڕکەرێکن و چەند بە ئیرادەن. ئەوانە جۆرە کوردێك و جۆرە پەروەردەیەکی ترن، ئەو کوردەی بارزانی پێیناساندنی لەوان و لە جۆری کوردی بارزانی و پەروەردەی ئەو نین، بە بارزانی ناشکین. وتی راست دەکەی دوو شەڕیان لەگەڵ جەبهەت النصرة کردیە و لە هەردوکیان جەبهة النصرەیان شکاندووە. وتی سبەی دەچم لە هەولێر بەشار حکیم دەبینم، منیش وتم دەبێ پ ی دەش ببینی دەبێ گشتگیری سەیری مەسەلەکە بکەی نەوەك زیان بە بەرژەوەندی خۆتان دەگەیەنی. لەوێ وتی باشە، ئەوەبوو لە مانگی دووی ٢٠١٣ لە پاریس نوێنەری رۆبەرت فۆرد چاویان بە پ ی د کەوت لە پاریس.

لە ٢٤-٦-٢٠١٥ بە توندی داوام لە ئەمریکیەکان کرد یارمەتی پ ی د و ی پ گ بدەن، وتیان ئەمە هێزێکی کوردیە، ناتوانین یارمەتیان بدەین لەبەر ئەوەی دەوڵەتە عەرەبیەکان ئیعتراز دەگرن. لەوێ پێم وتن من داوایان لێ دەکەم هێزێکی هاوبەش لە کورد و عەرەب و مەسیحی و هەرچی تر هەن پێکبێنن بۆ شەڕ لە دژی داعش چی دەڵێن؟ وتیان ئەگەر ئەمە بکرێت بە جددی سەیری پرسی یارمەتیدانیان دەکەین. ئەم پێشنیرەم لە لایەنی باڵا گەیاند. ئەوە بوو قە سە دەیان دورست کرد و ئەمریکا لە مانگی دەی ٢٠١٥ پەیوەندی لەگەڵیان دورست کرد و یارمەتی قە سە دە و رۆژاوا دەستی پێ کرد. برێت مەکگۆرك کلیلی ئەو گۆڕانکاریانە بوو. ئەمان و زۆر شتی تر ئامەدەن بۆ چاپ کردن بە دوور و درێژی لەگەڵ گەلێك زۆر شتی تری سەیر و سەمەرە لە داهاتوودا.

ئەم بڕیارەی کێشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژاڤا و باکوری سوریا بزنسمانێکی بە سیاسی بوو بە تویتێک و بەتەنها لە هیکڕا دەریکردووە زەحمەتە سەربگرێت، تەنها لەبەر خیانەتکردن لە کورد نا وەك هێزێکی باوەڕپێکراو لە شەڕی دژی داعش، بەلکو لەبەر بەرژەوەندی نەتەوەیی خودی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان لە ئەوروپا. ئەم بڕیارەی دوچاری رخنەی توند بووەتەوە بەتایبەت لەلایەن فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیاوە. تاکە جێ پێی کاریگەری دەولەتانی ئەوروپا و ئەمریکا لەو ناوچەیە لە رۆژاڤایە، ترامپ ئەویش بۆ روسیا و ئێران بەجێدەهێلێ. ئەمە هەڵەیەکی کوشندەیە بۆ بەرژەوەندی ستراتیجی ئەمریکا و هاوپەیمانانی کە قەت کاریگەریان لەو ناوچە نەبووە لەمەوبەر. ئەمریکا و ئەوروپا خەتەری تەوەسوعی تورکیا لە سوریا و عێراق چاك دەزانن و باش ئەردۆغانیان خوێندوەتەوە و ئاگاداری هەولی داگیرکردنی سوریا و ویلایەتی موسلیان لەبەر چاوە. خەتەرەکانی چاك دەزانن چی دەبێ لە داهاتوودا، بەتایبەت ئەردۆغان ویستی بوون بە سوپەرپاووەری هەیە، بەمەش دەبێتە رکابەر و خەتەر لەسەر ئەوروپا. بۆیە دەولەتانی ئەوروپا ناهێلن ئەم پیلانە بۆ ترامپ و تورکیا بچێتە سەر. ترامپ ئەمە بڕیارەی کێشانەوەی هێزی لە نەکاوڕا دەرکرد بۆ لابردنی فۆکەس لەسەر کێشە شەخسیەکانی خۆی وەك لێکۆڵینەوەی مولەر لە رۆڵی روسیا و پەیوەندی ترامپ بە روسیاوە و یارمەتیدانی ترامپ ببێتەوە سەرۆك کۆمار، سکاندلە سێکسیەکانی و پاردەانی بەو ژنانەی لەگەلیان پەیوەندی سێکسی هەبووە تا دەمکوتیان بکات، کە ئەمە لە یاسای ئەمریکی تاوانە، پاراستنی یاریدەدەرەکانی و نەتوانینی دابینکردنی بوچە بۆ دورستکردنی دیوار لە نێوان ئەمریکا و مەکسیکۆ بە هۆی دژایەتی گۆنگرێسەوە.

دەست لەکارکێشانەوەی وەزیری بەرگری ئەمریکا، جەیمس مەتیس، کە یەکێک بوو لەو سێ کەسەی پارێزەری بەرژەوەندی و ئاسایشی ئەمریکایان پێسپێردرا بوو لەبەر بێ موتمانەیی بە ترامپ، کە هەرسێکیان دەستیان لە کار کێشاوەتەوە وا دەکات ئیستابلیشمێنتی ئەمریکی ناتوانن بێدەنگ بن لە ئاست ئەو مەترسیانەی کەوتوەتە سەر بەرژەوەندی نەتەوەیی ئەمریکا و پێویستی بە چارەسەرە. خۆش بەختانە یەکێکیش لەو پرسانە پرسی کێشانەوەی هێزی ئەمریکایە لە باکوری سوریا و بەجێهێشتنی ناوچەکەیە بۆ روسیا و ئێران لە لایەك و خەتەری هێرشی داگیرکاری تورکیا و تەوەسوعکردنەیەتی بەرەو داگیرکردنی ولایەتی موسڵ کە هەرێمی کوردستانە بەشێکی ئەم ویلایەویەیە. ئەو سێ کەسەی بەرژەوەندی نەتەوەیی ئەمریکایان پێسپێردرابوو لەبەر بێ کەلکی ترامپ، لەگەڵ جەیمس مەتیس، وەزیری بەرگری ئەمریکا، هەریەکە لە ریکس تیلەرسن, وەزیەری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا، و جۆن کێلی، سەوۆکی بەرێوەبەری کۆشکی سپی، لە مانگی رابردوو دەستی لەکار کێشاوە، بوون.

ترامپ باوەڕی پێناکرێت بتوانێ بەرژەوەندی ئەمریکا بپارێزێت. هەردوو، کۆنگرێس و ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکی، کۆماری و دیموکڕاتەکان، هاودەنگ و هاوڕان کە کردەوەکانی ترامپ دژی ستراتیجی بەرژەوەندی نەتەوەیی ئەمریکایە. ئەمانە هەمویان بە دەنگی بەرز دژی بڕیارە سەرشێتانەکەی ترامپن. ئەگەر ئەمریکاش نەبێت، ئەوروپا نایەلن ئەردۆغان رۆژاوڤا هەرلوشێ. ئەگەر تورکیا رۆژاڤا داگئر بکات ئابڕوچونێکی گەورەیە و لێدانێکی گەورەشە لە بەرژەوەندیەکانی ئەو دەولەتانە و رێخۆشکردنیشە بۆ زیندوو کردنەوەی داعش و داگیرکردنی ویلایەتی موسل لەلایەن تورکیاوە بە یارمەتی بارزانی و نوجەیفیەکان. ئەمانە رەهەندی سیاسی و ئاسایشی زۆر قولی دەبێت، بۆیە بۆ تورکیا ئاسان نییە هێرش بکاتە سەر رۆژاڤا. بەڵام لە هەمان کاتدا نابێ لەوە بێ ئاگابین کە ئەردۆغان هەموو سەرکەشیەك دەکات بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی ئیستیبدادی خۆی و زامنکردنی بردنەوەی ئا کە پە لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکان لە ساڵی داهاتوو. هەرچەندە باوەڕناکرێت روسیاش لەمەی عەفرین زیاتر ماوەی تورکیا بدات خاکی سوریا داگیر بکات و ببێتە بەخێوکەری تیڕۆڕیستە ئیلامیە روسیەکان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.