ئارام قادر حەمەسور
بێگومان سیستەمی مەرکەزیی دەکرێت بۆ حکومەتێکی دادپەروەر گونجاوبێت، بەڵام بۆ ھەرێمی کوردستان سیستەمی مەرکەزیی مایەی زیانی زۆرە بۆ ھاونیشتیمانییان. لەسیستەمی مەرکەزییدا گشت داھات و بڕیارەکان دەچنەوە پایتەخت، ئەمەش ڕۆتینات و نادادپەروەری لەدابەشکردنی داھاتەکاندا دروست دەکات. بەنمونە داھاتی مانگانەی پارێزگای سلێمانی زیاترە لە خەرجییەکەی لە چاو پارێزگای ھەولێر، بەڵام کاتێک تەواوی داھات دەچێتەوە پایتەخت و دواتر دابەش دەکرێت نادادپەروەری دەبینین. دەبینین پڕۆژە و خەرجییەکان لە پارێزگای ھەولێر زیاترە لەپارێزگای سلێمانی، لەکاتێکدا داھاتی پارێزگای سلێمانی زیاترە.
لەڕووی سیاسییەوە لەھەرێمی کوردستاندا سیستەمی مەرکەزیی مایەی قۆرخکاری و کۆنتڕۆڵکردنی داھاتەکان بووە، ئەمەش وایکردووە بەشێکی زانیاری ورد لەسەر داھات و خەرجییەکان ناڕوون بێت. ئەمەش دەریدەخات حیزبەکانی دەسەڵات ناشەفافن لە ئاشکراکردنی داھات و خەرجییەکان.
لەڕووی ئیدارییەوە سیستەمی لامەرکەزیی دەتوانێت ڕکابەری لەنێوان پارێزگاکاندا دروست بکات لە خزمەتکردنی ھاونیشتیمانییاندا. چونکە ھەر پارێزگایە و دەیەوێت گونجانێک لەنێوان داھات و خەرجییەکاندا دروستبکات.
سیستەمی مەرکەزیی لەڕووی ئیدارییەوە گرفتی زۆر بۆ ھاونیشتیمانییان دروستدەکات، چونکە ھاونیشتیمانییان بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانیان دەبێت چەندین پڕۆسەی ڕۆتینی ببڕن، دەبێت بۆ بڕیاردانی کۆتایی بچنەوە پایتەخت و ناوەندی وەزارەتەکان، ئەمەش ئەرکی ھاونیشتیمانییان گران دەکات لەڕووی ماددیی و مەعنەوییەوە.
لامەرکەزیی دەسەڵات شۆڕدەکاتەوە بۆ پارێزگا و قەزاکان، ئەمەش سوودی زۆری دەبێت بۆ خێراکرنی مامەڵەی ھاونیشتیمانییان و کەمکردنەوەی ڕۆتینات. لەھەرێمی کوردستاندا نەک ئیدارە سەربەخۆکانی وەک ئیدارەی ڕاپەڕین و ئیدارەی گەرمیان، بەڵکو ناوەندی پارێزگاکانیش خاوەنی داھات و دەسەڵاتی تەواونین لەڕووی ئابووری و ئیدارییەوە. ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین کەمترین بەڕێوبەرایەتی گشتییان تێدایە.
سیستەمی لامەرکەزیی بۆ قارانجی ھاونیشتیمانییانە و سیستەمی مەرکەزییش بۆ خۆسەپاندنی زیاتری حیزبەکانی دەسەڵاتە، چونکە تا ئێستاش داھات و خەرجییەکان جێگەی گومانن.
کۆکردنەوەی تەواوی داھات و بڕیارەکان لە یەک شوێن، سیفەتی سیستەمە تۆتالیتارەکانە، لەسیستەمی تۆتالیتارییدا ڕێگە بەھیچ شتێک نادرێت بەشبکرێت، بەڵکو ھەموو شتەکان دەخرێنە یەک قالبەوە، ڕێگەنەدان بەدابەشکردنی داھات و دەسەڵاتەکان لەڕووی سیاسیی و ئابوریی و ئیدارییەوە لەعەقڵییەتێکی خۆسەپێنەوە سەرچاوە دەگرێت.