چرای سەوزی ئەمەریكا بۆ توركیا مەترسیدارە

لەلایەن ستاندار Posted on 364 جار بینراوە

                                               هیوا سەید سەلیم

دواناڵد ترامپ بڕیارێكی كتوپڕی سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانی ولاتەكەی لە سوریا دەركرد،بە پێی  بریارەكە بێت لە ماوەیەكی زەمەنی كە تا ئێستا دیارنیە چەند دەخایەنێت دەبێت 2200 سەرباز و شارەزای سەربازی خاكی سوریا و رۆژئاوای كوردستان بە جێبهێڵن كە ماوەی چەند ساڵە بۆ سەركردایەتیكردنی هاوپەیمانی لە دژی تیرۆرستانی داعش هێنراونەتە ئەو ناوچەیە.

كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا كە مشتومڕێكی یەكجار زۆری لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی ئەمەریكای لێكەوتۆتەوە لێكەوتەی زۆر ئەرێنی دەبێت لەسەر ستراتیژی ئەمەریكا لە ناوچەكە لە لایەك و بە نیوەناچلی جێخێشتنی ئەو بەرنامەی كە ئەمەریكا لە ناوچەكە هەیبوو، ئەویش كۆتایهێنان بە رێكخراوی تیرۆرستی داعش.

بڕیارەكەی ترامپ هێندە كتوپڕ دراوە لە ئێستادا دۆست و نەیارانی ئەمەریكا بە گومانەوە دەڕوانە بڕیارەكە، روسیا و توركیا و تەنانەت خودی سوریاش متمانەیان بە بڕیارەكە نیە، هەرچی هاوپەیمانەكانی ئەمەریكایە لە رۆژئاوا بە بریارەكە نیگەرانن، بۆیەكەم جارە هەست بەوە دەكرێت كە ئەورپیەكان بەتایبەت بەریتانیا لەگەڵ بڕیارێكی ئەمەریكا تەبا نەبێت و فەرەنسا و ئەلمانیش تەواو نیگەرانن، لە هەمووشی گرنگتر هەلوێستی ئیسرائیلە كە تەواو نیگەرانی پێوەدیارە

لە ئاستی ناوخۆی ئەمەریكاش  بڕیارەكەی ترامپ بەرەی دیموكرات و كۆماریەكانی یەكخستووە هەردوو لا بەو بریارە نیگەرانن، لە كۆنگرس ئیمزا دژی بڕیارەكە كۆدەكرێتە و خەریكە كابینەی حكومەتیش پەكی دەكەوێت بەتایبەت دوای دەستكێشانەوەی جیم ماتێس وەزیری بەرگری ئەمەریكا.

لە رۆژئاوای كوردستانیش شەرڤانان پێیان وایە كە ئەمەریكا خەنجەری ژەهراوی لێداون وە بەبێ هەماهەنگی لەگەل ئەوان ئەمەریكا  وا پشت لە ئەو هێزە دەكات ساڵانێكە شەر بۆ كۆتایهێنان بە تیرۆرستی داعش دەكات.

وێڕای ئەو هەموو كاردانەوەیە زۆرێك لە چاودێران بە گومانن كە بڕیارەكەی ترامپ هەلگرتنی چرای سەوز بێت بۆ ئەوەی توركیا ئەوەی ناوی ناوە لە نەخشە رێگای منبج بە پراكتیك جێبەجێی بكات.

دوای بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا توركیا رۆژانە هێز لەسەر سنورەكانی رۆژئاوای كوردستان كۆدەكاتەوە وە ناشی شارێتەوە كە ئامادەسازیەكانی سوپای ولاتەكەی بۆ داگیركردنی رۆژئاوای كوردستانە كە ئەو ناوی ناوە نەخشە رێگای منبج.

ساڵی پار روسیا ئەو چرا سەوزەی بۆ سوپای توركیا هەلكرد،  تا عەفرین و دەوروبەری داگیربكات، وێڕای شەش مانگ لە بەرخۆدانی قارەمانانەی شەڕڤانان لەو دەڤەرە،  بەڵام بەهۆی نابەرابەری لە ئاست و ئیمكانیاتی چەك و تەقەمەنی  هێزەكانی توركیا كە لەلایەن دەیان رێكخراوی تیرۆرستی پشتیوانی لێدەكرا، هەروەها هێزەكانی شەرڤانان سەرەنجام توركیا توانی ئەو ناوچەیە داگیربكات.

پرسیارەكە لێرەیە ئایا هەمان سیناریۆی عەفرین لە دەڤەرەكانی تری رۆژئاوای كوردستان دووبارە دەبێتەوە، ئەمەریكا هێشتا بە تەواوەتی نەكشاوەتەوە و فشارەكان بۆ پاشەكشە پێكردنی ترامپ زۆرن، بەڵام پێناچێت ترامپ بچێتە ژێرباری فشارەكان، ماوە بزانین ئەورپا بە گشتی و فەرەنسا بە تایبەتی چی بۆ رۆژئاوا دەكات.

توركیا ئەو كارەی بۆ بچێتە سەر بە ئاسانی دانانیشێت و مەترسی لەسەر باشووری كوردستانیش درووست دەبێت، بۆیە دەبێت هەموو هەوڵەكان لە ئاستی ناوحۆ و دەرەوە بۆ رێگری كردن لە هەلكردنی چرای سەوز بێت كە بۆ توركیا هەڵكرێت ئەگینا كارەسات لە ناوچەكە درووست دەكات.

 

 

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.