ساڵی ٢٠١٨ساڵێکی گەرمی ململانێ و ساڵێکی سارد و نەھاتی ئاشتی و ئارامی…

لەلایەن ستاندار Posted on 271 جار بینراوە

نەوزادی موھەندیس

• مایەی نیگەرانیمانە وەک نەتەوەی کورد کە کەمترین ساڵ لەمێژووماندا جێگەی ئاوات و خەوبینینەوەیە وجێگەی ئاخ و حەسرەت بۆ ھەڵکێشانە و بەچەنجەی دەستەکان دەژمێردرێن،لەبەرامبەریشدا مێژووە ڕەش و پڕ کوێرەوەری و کارەسات و ڕووداو و شکست و ناسۆرەکان ھێندە زۆرن کە لە ژمارە نایەن، مایەی بەدبەختیە کە کورد ھیچ دەیە ساڵێکی پڕ لە ئارامی و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی بەخۆوە نەبینیوە ،بەڵکو ھەموانی بە شەڕ و جەنگ و کاولکاری و کوشتن و بڕین و برسێتی و ناسۆرەوە چەشتوە.گەر لەگەڵ دوژمنکانیشدا نەبوبێت ئەوا لەنێو ماڵی خۆی کورداندا دەستیان داوەتە خۆخۆری و خۆکوژی و ڕووخاندنی ئەو بنمیچە لەرزۆکەی کە ھەشیانبوە.
• ساڵە ناخۆشەکان زۆرن و ناسۆرەکان قوڵن و کارەساتەکان پڕ قەتماغە وبرینەکان تەڕوبڕن و تائێستاش خوێنیان لێدەچۆڕێت و ھەموانیش تەنھا سەیرکەرن و ھەریەکەش لە ھەوڵی ڕزگارکردنی کەوڵ و بەرژەوەندی و سەر سەلامەتی خۆیاندان نەک نەتەوە و نیشتیمان.ھەموو ساڵێک کە تێپەڕدەبێت و خۆری تەمەنی بەرەو ئاوابوون دەچێت ،ھەموان سەدان بەردی بەدواداھەڵدەدەین و بەدەنگی بەرز و بەبێزراوی ماڵئاوایی لێدەکەین و پێی دەڵێین خودایە ھیچ کات وەک ئەمساڵمان بەسەر نەیەنیتەوە و ئۆغرت خێر نەبێت،و لەکۆتایی چرکەکانیشدا ئاوات دەخوازین کەساڵی ئایندەمان گەشتر و خۆشتر و ئارامتر و پڕ دەسکەوت تربێت،بەڵام ھەمدیسان وەک ساڵانی پێشخۆی نمایشی شانۆگەریە پڕ تراجیدیایەکەی کورد ھەر بەردەوام دەبێت و ئیدی کورد و مێژوو و ئاواتەکانی لە بازنەیەکی بۆشی نائومێدیدا دەسوڕێنەوەو بەردەوامیان دەبێت و ھەموانیش لە چاوەڕوانی گۆدۆدا بڕستمان لێدەبڕێت و گۆدۆش ھەر دەرناکەوێت.
• ساڵی ٢٠١٨ش لەئێساتادا لە سەرەمەرگی تەمەنیدایە وکەمتر لە ١٠٠ کاتژمێری ماوە و ھێواش ھێواش بەرەو کۆتایی و خۆر ئاوابوونی خۆی دەچێت،ئەمساڵەش وەک ھەموان و زۆر لەساڵەکانی تری پێش خۆی دەچێت و پڕاوپڕ بوو لە ململانێی گەرمی حیزبایەتی و کارەسات و ناسۆر و برسێتی و نائۆمێدی ،ئەوەتا :
• ساڵی ٢٠١٨ ساڵی تۆخکردنەوەی ململانێ ناڕەوا حیزبیەکان و کاڵبونەوەی برایەتی و تەبایی نێوانیان بوو.
• ساڵی ھەڵبژاردنە پڕ ساختەکاری و فرت و فێڵەکان بوو.
• ساڵی دڕدۆنگی و لێکترازانی ڕیزەکانی گەلەکەمان و پارت و سەرکردە سیاسیەکان بوو.
• ساڵی درێژە پێدەری قەیرانی دارایی و برسێتی و بێکاری و تاوانەکان بوو.
• ساڵی شکستی حکومەتی ھەرێم بوو لە چارەسەرنەکردنی گرفتی مووچە و بودجە و پاشەکەوتە ناڕەوا سەپێنراوەکان بوو.
• ساڵی سووربوون بوو لەسەر ھەڵە و کەموکوڕی لە سیاسەت و ئیدارە و ئابوری و …ھتد.و ساڵی چێنەکردنی چاکسازی و ڕێفۆرمەکان بوو.
• ساڵی پاشەکشەی زیاتری کورد بوو لە سەر ئاستی سیاسی و ئابوری و ئەمنی لە ناوخۆ و لە عێراق و لەناوچەکەشدا لەسەر ئاستی ھەر چوار بەشەکەی کوردستان.
• ساڵی بەردەوامبوون بوو لە تیرۆ و تۆقاندن.
• ساڵی دورینەوەی گیانی چەندین کەسایەتی نەتەوەیی و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنوس و سیاسی و ھونەرمەند و چیرۆکنوسی گەلەکەمان بوو.
بۆیە ئەم ساڵی ٢٠١٨ یەش چۆتە ڕیزی ئەو دەیان و سەدان ساڵەی مێژووی کوردەوە کە ھیچ کات خواست و ئاواتی بۆ ناخوازین و ناڵێین خۆزگەمان بەساڵی ٢٠١٨. بۆیە ڕەنگە ئەم ساڵی ٢٠١٨یەش بەھۆی ڕەشی و شوومی و پڕ لەکارەسات و نسکۆکانیەوە ساڵی ئایندەی ٢٠١٩شمان لێ تاڵ و پڕ لەناسۆر بکات و چرۆی ئومێد و ئاواتەکانمان ڕەش و تار وتاریک بکات،بەھۆی لەلایەک یەکنەبوون و یەکڕیز نەبونی نێوماڵی کورد و کێشە و گرفت و پێشھاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان و ھەڵوێستیان لەبەرامبەر مەسەلەی کورد لە کوردستانی گەورەدا و پاشەکشەکردنیان لە پشتیوانی کورد و لەبەڵَێنە فریودەرەکانیان بۆ کورد و لەبیرچونەوەی ھەموو قوربانی و گیانفیداییەکانی کورد دژ بە داعش و تیرۆریستان لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان و ھەوڵدانی زلھێزە دونیایی و ناوچەییەکانیش بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندی و بەرژەوەندیەکانیان و لەبیرکردنی کورد و چارەنوسەکەی و سپاردنی بەقەدەرێکی نادیاری تر و دووبارەکردنەوەی کارەسات و مێژوە پڕ لەناسۆرەکانی ڕابووردووی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.