کوشتنی سەدام و ڕزگارکردنی سەدامیزم

لەلایەن ستاندار Posted on 294 جار بینراوە

مه‌ریوان وریا قانع

دوازدە ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا ھەواڵی لە سێدارەدانی سەدام حوسەین لەلایەن ھێزە عێراقییەکانەوە بڵاوکرایەوە، دوای ھەواڵەکە من لە یەکێک لە کەناڵە تەلەفیزیۆنیەکانی ھۆڵەندا میوانبووم بۆ شیکردنەوەی ڕووداوی لە سێدارەدانەکە. ئەو ڕۆژەش کە سەدام حوسەین لە حەشارگەکەی خۆیدا گیرا و سەربازە ئەمریکییەکان بەبەرچاوی کامێراکانەوە ئامێرە پزیشکیەکەیان بەناو دەمی سەدام حوسەیندا دەگەڕاند و ئەمری دەمکردنەوە و دەمداخستینیان بەسەر سەدام حوسەیندا دەکرد، دیسانەوە من لە تەلەفیزیۆن میوانبووم. لە ھەردوو ساتەکەدا پێشکەشکارە ھۆڵەندییەکە لێی پرسیم ھەست بە چی دەکەم؟ منیش لە وەڵامدا ووتم ”لە قوڵاییدا ھەست بە ئیھانەکردنێکی گەورە دەکەم“. بە پێشکەشکارەکەم ووت ئەم پیاوە کە ئێستا لە بەردەمی سەربازە ئەمریکیەکاندا بە زەلیلیەوە وەستاوە و سەربازەکان بە کەیفی خۆیان دەمی پێدەکەنەوە و دەمی پێدادەخن، ھەمان ئەو پیاوەیە کە ژیانی ملیۆنان مرۆڤی لە عێراقدا وێرانکرد و جەھەنەمێکی گەورەی بۆ زیاد لە نەوەیەک لەو وڵاتەدا داخستبوو. ئەمە ئەو پیاوەیە بە درێژایی ٣٥ ساڵ کێی دەویست دەگرت و ڕاودەنا و دەکوشت، سامانی وڵاتەکەی لە چەندان جەنگی گەورەدا بە فێڕۆدا و دەوڵەتی عێراقی گۆڕیبوو بۆ موڵکی خێزان و ھاوڕێ و دۆستە نزیکەکانی. ئەمە ئەو پیاوەیە کە ئەو ھەموو جەنگ و کوشتن و بڕین و ماڵوێرانیەی ئەنجامدا و ئێمە لەو وڵاتەدا نەمانتوانی بەری پێبگرین، کەچی ئێستا لەبەردەم چەند سەربازێکی ئەمریکیدا تەواو زەلیل و بێبایەخ کراوە.
ساتی لە سێدارەدانەکەشی بەھەمان شێوە ساتێکی تاریک و ناخۆش بوو، ئەو ڕۆژەش دیسانەوە من لە تەلەفیزیۆنی ھۆڵەندی قسەمدەکرد. کێشەکە لە سێدارەدانەکەیدا نەبوو، بەڵکو ئەوە بوو ئەم دیکتاتۆرە خوێناوەیە لەسەر یەکێک لە تاوانە ھەرە بچوکەکانی لەسێدارە درا. لەباتی ئەوەی داوەریکردن و سزادانی سەدام حوسەین بکرێت بە داوەریکردنی قۆناغی دەسەڵاتدارێتییە خوێناویەکەی و داوەریکردنی فەرھەنگ و کولتوری بەعسیزم و شێوازی حوکمڕانیی و دەوڵەتداریی و چۆنیەتی مامەڵەکردنی کۆمەڵگا و چۆنیەتی بەفیڕۆدانی ئابوریی و مامەڵەکردنی منداڵان و گەنجان و ھتد… لەباتی ئەوەی داوەریکردنەکەی ببێت بە داوەریکردنی ئەو دونیا مادیی و رەمزییە ترسناکەی کە سەدام و بەعس دروستیانکردبوو، کەچی لەسەر ڕووداوێکی بچووکی ناو شارۆچکەیەکی بچووک لە سێدارە درا.
زەلیل و بچووکیی لەبەردەم بێگانەدا و بێڕەحم و دڵڕەق و خوێناوی بەرامبەر بە میلەت و کۆمەڵگاکەی خۆت، ئەو ئاکارایە لای زۆرێک لە سەرکردە سیاسییەکانی ناوچەکە بەخەستیی ئامادەیە، بەوانەی لای خۆشمانەوە. قبووڵکردنی ھەموو سوکایەتییەک لە کەسانی بیانیی و ئەنجامدانی ھەمان سوکایەتی بەرامبەر بە ھاونیشتیمانییانی خۆت کۆڵەکەی سەرەکیی ئەو سایکۆلۆژیا و ئەخلاقە سیاسییەیە کە ئەم مۆدێلە لە سیاسیی و سەرکردە دەجوڵێنێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.