ئێستا خودی كابینه‌ی نۆ بۆخۆی قه‌یرانه‌!!.

لەلایەن ستاندار Posted on 149 جار بینراوە 0 سەرنج
aram hade

ئارام هادی

خەڵك چاوەڕێی ئەوەی لەكابینەی نۆ دەكرد, قەیرانی دارایی و كێشەی موچە, لەزوترین كاتدا چارەسەر بكات, هاوكات كاربكات بۆ ئاوەدانكردنەوەی كوردستان و ڕەخساندنی هەلی كار و چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی هەرێم و بغداد و دوورخستنەوەی مەترسیە دەرەكیەكان, بەڵام بەداخەوە دەركەوت خودی كابینەكە خۆی بۆتە گرێكوێرەی نێوان لایەنەكان و قەیرانێكیتریش هاتە سەر قەیرانەكانیتر!!.
دوای95ڕۆژ لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی هەرێم دیارنیە پێكهێنانی كابینەكە چەندیتر دەخایەنێت, ئاشكراشە پاكێجەكانی پێكهێنانی كابینەكە پشكی شێری لەقەیرانی قوڵی ناكۆكیە حزبیەكان بەردەكەوێت, پارتی بە دەستنیشانكردنی كاندیدەكانی بۆ سەرۆكی حكومەت و هەرێم وایكرد كابینەكە بەزوویی پێكنەیەت, لەلایەكیتریشەوە هەوڵەكانی خستۆتە گەڕ بۆ بەدەستهێنانی هاوسۆزی گۆڕان,هاوكات تائێستاش داننانێت بە سەرۆككۆماری عیراقدا كە بەركەوتەی یەكێتی یە و ڕێگریشە لە پێدانی وەزارەتێكی سیادی لەبەغداد بۆ یەكێتی و یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك, ئەمانەش وایانكرد یەكێتی پێش پێكهێنانی كابینەی نۆ داوای ڕێككەوتن لە پارتی بكات و دەشیەوێت بەشدارێكی ڕاستەقینەی حكومەت بێت.
پارتی باش دەزانێت بەبێ‌ یەكێتی كابینەی حكومەت سنوری دێگەڵە تێپەڕناكات, سەرباری ئەوەش ئامادەنیە پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئەو حزبە ئاسایی بكاتەوە كە لە هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عیراقەوە بە هەڵواسراوی ماوەتەوە, هاوكات (یەكێتی و گۆڕانی)یش ئامادەنین ناكۆكیە لاوەكیەكانیان وەلانێن و بەشە تەواو نەكراوەكەی ڕێككەوتنی دەباشان تەواوبكەن و چیدی نەهێڵن پارتی لەنێوانیان گەمە سیاسیەكانی بكات.
لەلایەكیترەوە تادێت دەستوەردانە دەرەكیەكان لە دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت ڕوونتر دەبینرێت, فشارەكانیشیان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەچێتە ئاستێكی باڵاتر, ئەمەش گەر ڕێگەی لێ‌ نەگرن دواجار بۆ دامەزراندنی بەڕێوەبەری خوێندنگەیەك دەبێت پرس بە تاران و ئەنقەرە بكرێت!!, هەموو ئەم هۆكارانەش وادەكەن حكومەت توانای تێپەڕاندنی قەیرانەكانی نیە و بە پێچەوانەشەوە پێكهێنانی حكومەت بۆخۆی بۆتە قەیران!!.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *