بێ شەرمی سیاسی

لەلایەن ستاندار Posted on 296 جار بینراوە

کاوە محەمەد

هێشتا چیتان بینیوە..ئەمە تەنها سەرەتای قۆناغێکی تازەی حوکمڕانیە شکستخواردووەکەی هەرێمە کە لەدوای هەڵبژاردنەکانی (٥/١٢) و (٩/٣٠)، حزبە دەسەڵاتدارەکان ( بەتایبەت پارتی) خۆیان بە براوە و بەهێزتر لەپێشوو دەزانن، ئەو ئەنجامە پڕ شەرمەزارییەی لەو هەڵبژاردنە بەدەستیانهێنا، بە (سەرکەوتن و شانازیی گەورە)ی دەبینن و پێیانوایە کە خەڵک شایەتی سەرکەوتوویی ئەزموونی حوکمڕانییەکەیانی بۆ داون، لەکاتێکدا نزیکەی (٦٠%)ی دەنگدەران بەشداری هەڵبژاردنیان نەکردووە، چجای ئەوانەی دەنگیان پێ نەداون، لەولاشەوە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان داهێزراون و دەیانەوێ بە بچووکی و لاوازییەوە خۆیان بخەنە باوەشی حوکمڕانیێکەوە کە هیچ ئومێدێکی خێری لێ ناکرێت، بۆیە پارتی و یەکێتی ئێستا بەوپەڕی بێ منەتی لەخەڵک و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، هەڵسوکەوت دەکەن و پێشبینی دەکەم ئەوەی پێشتر شەرم و ترسێکیان لێی هەبووبێت، ئیتر لەمەودوا بێ شەرمانە و چاوقایمانە لەدژی خەڵک و لەدژی یەکتر دەیکەن و بە نەفەسی شەڕی ناوخۆ، قیڕوسیا لەهەموو پرەنسیپ و بەرژەوەندییەکی گشتی دەکەن.
بۆیە ئەوەی ئێستا لەهەولێر روودەدات و هێزەکانی پارتی هەڵدەکوتنە سەر ماڵی کادیرانی یەکێتی و راپێچی شوێنی نادیاریان دەکەن و ئەو هەڕەشانەی یەکێتی لەپارتی دەیکات، سەرەتای قۆناغێکی تازەی ململانێ ناشیرینە حزبییەکانی حوکمڕانانی هەرێمە و بەدوور نابینرێت کە رووداوەکانی داهاتوو زیاتر بە ئاراستەی دوو ئیدارەیی و گەندەڵی و تاڵانی و سازشی زۆرتر بۆ بەغدا و هێزە عیراقی و ئیقلیمییەکان بڕۆن و قۆناغێک بەڕێبکەن کە هێندە حزبیانە و بێ منەتانە بێت لەخەڵک و پرەسیپە نیشتیمانییەکان، رەنگە باشترین پێناسە بۆی ( قۆناغی بێ شەرمی سیاسی) بێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.