حزب بە ڕێزگرتن لە یاسا شکۆدار دەبێ نەک پێچەوانەکەی!

لەلایەن ستاندار Posted on 373 جار بینراوە

دەشتی عبدالرحمن

شکۆداری بۆ حزب کاتێک دروست دەبێت،کە حزبەکە ھەوڵ بۆ سەروەربوونی یاسا بدات و نەھێشتنی جیاوازی حزبی لە پەیڕەوکردنیدا جێبەجێ بکات،نەک ئەوەی یاسا لە بەرامبەر تاوان و سەرپێچی کادیرانی حزبەکەی پێشێل بکاو پێی وابێت ڕزگارکردن و پاراستنیان لە لێکۆڵینەوەو سزای یاسایی لە بەرامبەر تاوانەکانیاندا،ڕاستەوانەیە لەگەڵ پاراستنی شکۆو ھەیبەتی حزبەکەی!

لە ڕاستیدا ئەم ئەقڵیەتە ئەقڵیەتی حزبە ترسنۆک و خەون بچوکەکانە،ئەگینا حزبە تەواو دیکتاتۆرەکانیش کاتێک کە یاسایەک خۆیان دەستیان ھەیە لە نوسینەوەو چەسپاندنیدا،پێش ھەموو کەس ئەو یاسایە بۆ کادیرو ئەندامانی حزبەکەیان سەروەرەو ڕێزی لێ دەگیرێت ئینجا ھاوڵاتیان و ئەندامانی حزبەکانی تریش!

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا،پۆلیسی گەرمیان لە سەر ڕاسپاردەی دادگای گەرمیان،کوڕی کادیرێکی پارتی دیموکراتی کوردستانیان دەستگیرکردووە بۆ لێکۆڵینەوە،لە کاتێکدا دەستگیرکردنەکەی لەسەر سکاڵای ھاوڵاتیەکی ناوچەکە بووە کە لە لایەن ئەو ئەندامەی پارتیەوە ھێرشی کراوەتە سەر،بەڵام بەداخەوە لە بەرامبەردا پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرامبەردا کێشەکەی گۆڕیوە بۆ کێشەیەکی حزبی و سیاسی و وەک کاردانەوە دەستی کردووە بە گرتن و ڕاوەدوونانی کادیرانی یەکێتی لە ھەولێر بە بێ ئەوەی ھیچ تاوانێک و سەرپێچیەکی یاساییان ھەبێ!

بێ گومان پارتی دیموکراتی کوردستان،ئەمە جاری یەکەمی نیە کە ھەست بە بەرپرسیارەتی ناسکی دۆخی سیاسی و نەتەوەیی ناکاو،لە ژێر ناوی پاراستنی شکۆی حزبەکەی، کادیری حزبەکان دەکوژێ و دەڕفێنێ و بارەگاو دامو دەزگاکانیان دەسوتێنێ لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدا،ئەمە لە کاتێکدا ئەگەر حزبەکانی ترو بە تایبەتتر یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ھەست بە بەرپرسیاریەتی نەکات و ھەمان کاردانەوەی ھەبێت لە بەرامبەر کارە ناتەندروست و نەخوازراوەکانی پارتیدا،دەمێک بوو ئەم وڵاتە دووچاری چەندین شەڕی ناوخۆیی خوێناوی تر لە ڕابردوو دەبۆوە خەڵک و ناوچەکەش دووچاری دەردەسەری گەورە دەبوونەوە!

بەداخەوە حزبێک کە گەوترەترین حزبی کوردستان بێ بە کورسی پەرلەمانی و زۆربەی دامودەزگا گرینگەکانی دەسەڵاتیشی لە ژێر دەستدا بێت،ھەست بە بەرپرسیاریەتی نەکاو بەو ڕادەیە خۆی بچووک بکاتەوە،کە شاردنەوەی ئەندامێکی حزبەکەی لە یاسا پێ گەورەتر بێ لە چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی ھەموو ھەرێمی کوردستان.وە پێی وابێت بچوکترین ئەندامی حزبەکەی گەورەترە لە یاساو ناکرێت بە ھیچ جۆرێک لە بەرامبەر ئەنجامدانی ھەر تاوانێک،لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێ و بچێتە بەردەمی دەسەڵاتی یاسا!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.