کورد لە پاشەکشەیەکی مەترسیداری بەردەوامدایە !

لەلایەن ستاندار Posted on 272 جار بینراوە

نەوزادی موھەندیس

ئەوەی لەم کۆتایی ساڵی ٢٠١٨دا دەیبینین و پێشتریش بۆ چەند ساڵی ڕابووردوو بینیومانە،ئەوەیە کە مەسەلەی کورد و سەنگ و قورسایی کورد لە ناوچەکە و لەسەر ئاستی دونیا و زلھێزەکانیشدا ڕۆژ بە ڕۆژ لە پاشەکشەی بەردەوامدایە کە ئەمەش بۆخۆی مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر ئایندەی نەتەوەکەمان.
ھەڵویستی وڵاتانی ناوچەکە ھەر لە عێراق و سوریا و ئێران و تورکیا و دواتریش زلھێزەکانی ڕوسیا و ئەمریکا و تەنانەت ئەوروپیەکانیش((جگە لە ھەندێکیان)) ھەموانیان وەک گەلەکۆمیەکی نێودەوڵەتی دژ بەکورد ڕەفتار دەکەن وەک سەردەم وساڵی ١٩١٦ و ڕێکەوتنی سایکس-بیکۆی شووم و ھەموانیان لەخەمی ڕێکخستنەوەی پەیوەندی و بەرژەوەندیەکانیاندان و ھیچ گوێ نادەنە ھاوپەیمانە کوردەکانیان کە لەڕۆژانی سەخت و دژواری دژ بە داعش و تیرۆریستان ھەموانیان کوردیان بردە بەرەی پێشەوە و سەنگەری یەکەمی ئەو جەنگە و ھەرچی قوربانی و خوێن و فرمێسک و کاولکاری کوردستانە بەسەر کوردیاندا ھێنا تەنھا بە ئافەرین و دەستلەپشدان و پێدانی ھەندێک تەقەمەنی و چەک و چۆڵی بێئەرزش و فریودانیان بەبەڵێنە ھەنگوینیەکانیان کە پڕاوپڕبوو لە ژەھری کوشندە.کوردیش بە ساویلکەیی لەلایەک و دڵخۆشبون و خۆشباوەڕی لەلایەکی تر و لەلای سێھەمیشەوە بەھۆی دڵسۆزی و تینوێتی بۆ ئازادی و سەربەخۆیی بەکاڵاوپێتاوەوە خۆی تەسلیم کردن و ھەموو ئیدارە و ئیڕادەیەکی خۆی خستە خزمەت بەرژەوەندیەکانیانەوە.
ئێستاش کە لەکۆتایی جەنگی تیرۆیستان و داعش نزیکبونەتەوە و گەرەکیانە پێکەوە ڕێکەوتن بکەن و دۆخە نەخوازراوەکەی چەند ساڵی ڕابوودوو ئاسایی بکەنەوە و وەک جاران دۆست و ھاوپەیمانی یەکتربن و ھەموانیشیان لەسەر مێزی گفتوگۆکان کێک و دەسکەوتەکان دابەشبکەن لەنێوان خۆیاندا لەسەر حسابی کورد وکوردستان و ئەوەی کەتەنھا زەرەرمەندی یەکەم و گەورە دەبێت تەنھا کوردی بێ‌دەوڵەت و بێ‌سیادە و سەربەخۆییە.
ئەوەتا ٧ ساڵە جەنگ لەسەر خاک و گەلانی سوریا و عێراق دەکرێت و ھەموان ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد و بەعس بە دیکتاتۆر و خوێنڕێژ و دژ بەگەلانی سوریا دادەنێن و ھەوڵی زۆریاندا بۆ ڕووخاندنی کەچی ئێستا ھاوکێشەکان ھەڵگەڕاونەتەوە و ھەموانیان پێیان باشە بەشار ئەسەد بمێنێتەوە و ھەریەکە خەریکی ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانێتی لەگەڵ سوریا و ھەشە ھەڵپەی کردنەوەی سەفارەتەکەیەتی و ھەشە ھەوڵی ئاوەدانکردنەوەی سوریای کاولکراو دەدات . ئیدی ئەوەی سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بێ‌ویژدان و دوور لە عەدالەت و کەڕ و کوێرە بەرامبەر بە کورد و کوردستان و ئەمڕۆش دونیای و سەردەمی بەجیھانیبوون دووبارەکردنەوەی پەردەیەکی ڕەشی بێویژدانی سیاسەتی دوێنێی شووم و نەگریسە بەرامبەر بەکوەردی ھەژار و بێخاوەن و بێ دەوڵەت.
ئەمریکا و ترامپی سەرۆکەکەی ھەرزوو بەیداخی سپی ھەڵکرد لەبەردەم بەرژەوەندیە ئابوریەکانی لەگەڵ تورکیا و لەبەردەم ھەژموونی بەھێزی ڕوسیا و ئێران لەسوریا و عێراقیشدا،سیاسەتە سەر کێشی و سەرشێتیەکانی ترامپی ئەمریکا ھەموو ناوچەکە و دونیاشی توشی ھەیەجان و شڵەژانی گەورە و چاوەڕواننەکراو کردوە.بەڵام ئەوەی ئاشکرایە کە ئەمریکا ھەرچی پلانێکی پێشوەختەی ھەبێت و نھێنی بێت ئەوەی کە دەخوێنرێتەوە تەنھا بریتیە لە دەستھەڵگرتن لە کورد و کوردستان و وەکو دیاریەکی سەنگین و بەنرخ لەسەر سینیەکی زێڕین لەم سەری ساڵی نوێی ٢٠١٩دا پێشکەشی تورکیا و سوریا و ئێرانی دەکات و ئەو کوردەی ببوە قەڵغانی پارێزگاری لە خودی بەرژەوەندی ئەمریکیەکان و ئەوروپی و تەنانەت ئیسڕائیلی ھاوپەیمانیان و و سعودی و ئیماراتیەکانیش ،ئێستا بەتەنھا و تەنھا بەجێیدەھێڵن بۆ قەدەرێکی نادیاری خوێناوی و تاریک و ناڕوون.
خۆشبەختانە کورد لە ساڵی ١٩٩١ وە دواتر ساڵی ٢٠٠٣وە ئەستێرەی بەختی کشاو ناو و ناوبانگی کەوتە سەر زاری ھەموان و لەساڵی ٢٠١٤شەوە لەقۆناغی جەنگی دژی داعش کورد ھێندەی تر کەوتە بە دڵی زلھێزە دونیایی و ناوچەییەکان و قوربانی زۆریدا لە پێناو ئاشتی و ئازادی جیھانیدا و ھەر ئەمەش کورد و مەسەلەکەی کردە مەسەلەیەکی گەرموگوڕ و گەلێک بەناو دۆستی بۆ پەیداکرد، بەڵام بەداخەوە کورد و مەسەلەکەی لە ئێستادا بەم شێوەیە لەھەر چوار پارچەکەی کوردستاندا لە پاشەکشەیەکی بەردەوامدایە،ئەوەتا لە عێراقدا ساڵ بەساڵ ڕۆڵ و کاریگەری کورد بچوک و بچوکتر و لاواز و بێھێزتر دەبێت و مافەڕەوا دەستوریەکانیشی پێشێل دەکرێت و بودجە و موچە و موستەحەقاتی دارایی نادرێتی.لەسوریا بە بەرچاوی ھەموو دونیای دیموکراسیەوە ھەنجەن ھەنجەن دەکرێت و دوێنێ عفرین و ئەمڕۆ مەنبەج و سبەینێش کوبانی و ئەوانیتر دەخرێتەوە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سوریا و سوپای سوریا ، لە کوردستانی باکوریش ماوەی زیاد لە ٢ ساڵە دۆخی کورد پەشێو و لێکترازا و لاواز و پەرتوبڵاوبۆتەوە دوای شکستی ھەدەپە و گیرانی دەمیرتاش و ھاوڕێکانی و گرتنە بەری سیاسەتێکی دوژمنکارانەی ئەتاتورکیانەی توندی ئەردۆگان و سوپا و حکومەتەکەی، لە ئێرانیش ئەوە ھەر باس ناکرێت کە ڕژێمی ئێرانی چۆن دژایەتی کورد و مەسەلەکەی دەکات بەشێوەیەک پارت و سەرکردە سیاسی و جەماوەری کوردیش بچوکترین جوڵە و چالاکی سیاسی و عەسکەریان بۆ ناکرێت.ڕۆژانە چالاکوان و گەنجی کورد لە سێدارە دەدرێن و بەند و ڕاوەدوو دەکرێن.
بەم شێوەیە گەر کورد و مەسەلەکەی ئاوھا پاشەکشە بکات و بچوک و لاواز و قەتیسبکرێت،بەڕاستی ئومێدی زۆر ناکرێت بۆ ئایندەیەکی ڕۆشنتر.
• لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئایا بۆچی ئەم دۆخە ھاتۆتە پێش ؟ھەڵە و خەتای کوردە یان زلھێز و بەناو ھاوپەیمانەکانە ؟
لەوەڵامدا دەکرێت بوترێت،کە کورد کەمتەرخەم نەبوە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی وەک ھاوپەیمانێک یان شەریکێکی سەرسەختی دژی تیرۆریستان و ئەرکە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکانی بەوپەڕی باشی بەڕێوەبردوە،بەڵام نەیتوانیوە کە خوێندنەوەیەکی ڕاست و دروست و تێگەیشتنێکی واقعیانەی سیاسیانە بۆ ڕووداو و پێشھات و ھاوپەیمانی و دۆستایەتیەکانی بکات و نەیتوانیوە بەباشیش بەرژەوەندی و ڕۆڵ وکاریگەری ئابوری بخوێنێتەوە و کاریان لەسەر بکات، کورد بەھۆی پێگە جیۆسیاسی و ئابوری و ئەمنییەکەیەوە لەناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و داگیر و دابەشکردنەکەیەوە ھەر ئەوەندەی بۆدەکرێت لەگەڵ ٤ وڵات و ڕژێمی سەردەستی تاکڕەو و نادیموکراسی و دوژمن و داگیرکەردا و ھەرئەوەندەش دەتوانێت ڕۆڵببینێت لەچوارچێوەی سیاسەتە نێودەوڵەتیەکاندا کە قۆناغە سەختەکان تێببەپەڕێنێت و بتوانێت تاڕادەیەک خۆی بگونجێنێت لەگەڵ سیاسەت و دیدگا و بەرژەوەندی زلھێزەکاندا،بەڵام بەھۆی نەبونی دەسەڵات و دەوڵەتێکی سەربەخۆی کورد ھەموانیان ھێندە گرنگی پێنادەن و تەنھا بۆ بەرژەوەندی خۆیان و لەخزمەتی ستراتیژەکانیاندا وەک تاکتیک بەکاریدێنن،بۆیە گوناە و تاوانی گەورە ناکەوێتە ئەستۆی کورد خۆی بەڵکو گوناە و تاوانە گەورەکە دەکەوێتە ئەستۆی زلھێزەکانی دونیا و ناوچەکە کە پابەندنین بەھاوپەیمانی و دۆستایەتی و بەڵێنەکانیانەوە بۆ کورد.
کورد ئەوەندە تاوانی ھەیە کە لەناو خۆی خۆیدا یەک و یەکگرتوو نیە و دڕدۆنگ و لێکترازاو و خاوەن ئیڕادە و ویست و بڕیار و ناوەندێکی دەسەڵاتی یەکگرتووی بەھێز نیە و ھەریەکە ولەبەشی خۆی و لەبەشەکەی خۆشیاندا ھەریەکە سەرگەرمی حیزبایەتی تەسک و قێزەون و ململانێی ناڕەوایە و ھیچ کات بەتەنگ مەسەلە گەورەکەی نەتەوە و نیشتیمانەوە نین و ھەزاران بیانوی بێئەرزشیش دادەتاشن بۆ ھەڵوێست و گوتار و کردارە دوور لە کوردایەتیەکانیان.
بەم شێوەیە دەبینین کە ١٠٠ ساڵە زەمەن وەستاوە و ھیچ گۆڕانکاری و پێشکەوتنێکی وەدینەھێناوە بۆ کورد و کوردستان و ھەر بەداگیر و دابەشکراوی ماوەتەوە ١٩١٦. ئەمریکا و ڕوسیا وەک دوو زلھبَزی دونیا ھیچ کات بە ڕاستگۆیی و ڕاستەقینە لەپشت پشتیوانی مەسەلەی کوردەوە نەبوون لەھیچ پارچەیەکدا و نمونەی زیندووش ڕووخاندنی دەسەڵاتەکەی مەلیک مەحمود و کۆماری مھاباد و شۆڕشی ئەیلول و ئێستاش شۆڕشی کورد لە ڕۆژئاوادا و لەباکوریش ھیچ کات بەئێستاشەوە پشتیوانیان لەشۆڕش و خەباتی کوردایەتی نەکردوە.
بۆیە ئەرکی سەرکردە و پارتە سیاسیەکانی کوردە کە بەشێوەیەکی نوێ و واقعیانە پلان و بیر و نەخشەی خەباتی خۆیان دابڕێژنەوە دوور لەو سیاسەت و خەبات و ڕچە و ڕێبازە کلاسیکیەی کە ١٠٠ ساڵە بەرھەمی نەبوە،بۆئەوەی ھەموو ئەو مەترسیە گەورانەی کەلەئەنجامی ئەم پاشەکەشە گەورە و پڕ مەترسیانەی ھاتونەتە پێشەوە بڕەوێنەوە و ئایندەیەکی گەشتر و ڕووناکتر مسۆگەر بکەن بۆ ئێستا و نەوەکانی ئایندەش.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.