پێشنیارێکی گرنگ بۆ لایەنەکانی حکومەتی نوێ “بۆ گۆڕانکاری لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیران چەندین پێشنیاری گرنگ دەخرێتە ڕوو”

لەلایەن ستاندار Posted on 360 جار بینراوە

ستاندەر

چەند پێشنیارێک بۆ هەمووارکردنەوەی پەیرەوی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیران دەخرێتە روو، پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.رەعد رەفعە  لە بابەتێک بە ناونیشانی (ھەنگاوی یەکەمی پێکھێنانی حکومەتی نوێ، گۆڕینی پەیرەوی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانە) داوای گۆڕانکاری لە پەیرەوی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم دەکات. پێشنیارەکان لە حەوت خاڵ پێکهاتووە کە پێشنیارە بۆ هەموارکردنەکە و تیایدا هاتووە ” پێویستە ئەنجومەنی وەزیران راپۆرتی دەوری –وەرزی یان شەش مانگ جارێک- پێشکەش بکات لەگشت بوارەکان، ئەمەش بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان وھاوڵاتیانی کوردستان ئاگاداری کاروچاڵاکی حکومەت ببن لەلایەک، لەلایەکی ئاگاداری کێشەو گرفتەکانی بن وچارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە.”

دەقی بابەتە بخوێنەوە

ھەنگاوی یەکەمی پێکھێنانی حکومەتی نوێ، گۆڕینی پەیرەوی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانە

 پ.ی.د.رعد رفعە محمد         

ئەوەی جێی سەرنجە، دوای پێکھێنان وتەواوبوونی کابینەی ھەشتەمی بنکە فراوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا دوای تێپەربوونی (١٠٠) رۆژ لەھەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان وچەندین گێمی گفتوگۆی پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێم، نابیستین ونابینین کەس باسی پەیڕەوی ئەنجومەنی وەزیران بکات نە بەچاک و نەبەخراپ -. لەکاتێکدا کە پێویست بوو حزبەکان –بەتایبەت حزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات- پێش بەشداریکردنیان لە حکومەت مەرجی گۆڕینی پەیڕەوی ئەنجومەنی وەزیرانیان ھەبوایە، چونکە ئەنجومەنی وەزیران ئامرازی سەرەکی جێبەجێکردنی بەڵێن وپرۆژەی حزبەکانە.

رەنگە پرسیارێکی جدی لێرە بێتە پێش ئەویش پێداچونەوەو وھەموارکردنەوەی پەیڕەوەکە بۆچی پێویستە؟! لێرە ئەم چەند خاڵەی خوارەوە ئەم پێویستیە دەخەینەڕوو:

ئەم پەیڕەوەی ئێستا کاری پێدەکەن لە ساڵی ٢٠٠٦ نوسراوەتەوە، کە دەکاتە نزیکەی سێزدە ساڵ لەمەوبەر، دیارە لەو ماوەیەش گۆرانکاری گەورەی سیاسی وئابوری وکۆمەڵایەتی لەکوردستان روویداوەو بەڵکو ناوچەکەش وجیھانیش بێ بەش نەبوونە لەم گۆڕانکاریانە.
ئەم پەیڕەوە لەسەردەمی دوو ئیدارەیی زەقی یەکێتی وپارتی نوسراوەتەوە کەبێگومان حکومەتی کابینەی ھەشتەم ھەرچەندە ھێشتا ھۆکارو ئاسەوار وبەرھەمەکانی ئەو دوو ئیدارەییەی پێوەدیارە، بەڵام تا رادەیەکی زۆر جودایە لە حکومەتەکانی پێشەخۆی. دوو ئیدارەیی لە پەیڕەوی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران زۆر بەزەقی دیار دەکەوێت لە ماددەی (٢٣) کە سەرۆکی حکومەت وجێگرەکەی رادەسپێری بە دەرکردنی رێنمایی بۆ کارئاسانی جێبەجێکردنی پەیڕەوەکە.
ئەم پەیڕەوە زۆر بە لاستیکی ومەتاتی بەرپرسیارێتی وماف وئەرک ودەسەڵاتەکانی سەرۆک وجێگری سەرۆک وئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانی دیاریکردوە ھەروەکو لە ماددەکانی (٢-٦) بەروونی دیارە، کەچی زۆر بەتێرەتەسەل وبەدرێژی باسی فەرمانگەو بەشە لاوەکیەکانی ھەیکەلی ئیداری ئەنجومەنی وەزیرانی کردوە ھەروەکو لە ماددەکانی (٨-١٨) دیارە.
بۆیە دەبێ حزبەکان پێداگیری لە گۆڕینی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیران بکەن وھەستابان بەنوسینەوەی پەیڕەوێکی نوێ بگونجێت لەگەڵ قۆناغی ئێستای کوردستان وپرۆسەی چاکسازی ریشەیی وبەڵێن وگفتەکانی ھەڵبژاردنی حزبەکان. ئەگەر بەراوردێک بکەین دەبینین کوتلە عەرەبە سونەکانی عێراق زۆر وریاترو وردترو دووربینترو خاوەن پڕۆژەی چاکسازی باشتر بوون –لەم رووەوە- لە ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردستان، چونکە ئەوان پێداگیریەکی سەرسەختیان کرد لە نوسینەوەی پەیڕەوێکی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە ئەجێنداو داواکاریەکانیان تێداجێبەجێ بکرێت وبەشداری حکومەتەکەی عەبادیان نەکرد تاوەکو تەواو دڵنیاکرانەوە لە جێبەجێکردنی داواکانیان.

دواجار ھێشتا کاتەکە زۆر درەنگ نیە بۆ گۆڕینی ئەم پەیڕەوی ئێستا ونوسینەوەی پەیڕەوێکی نوێ کە ئەم خاڵانەی خوارەوە لەخۆبگرێت:

یەکەم: پێویستە ناوی پەیڕەوەکە لە (پەیڕەوی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران) بگۆردرێت بۆ (پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیران)، ئەمەش لەبەر ئەوەی پەیڕەوەکە تەنھا بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران نانوسرێتەوە بەڵکو گشت ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران دەگرێتەوە کە بریتین لە وەزیرەکان.

دووەم: بەرپرسیارێتی وماف وئەرک ودەسەڵاتەکانی سەرۆک وجێگری سەرۆک وئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانی بەروونی وراشکاوانە دیاری بکرێت وئەوە رونبکرێتەوە کە ئایا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵات لەئەنجومەن وەردەگرێت یان بەپێچەوانەوە؟

سێیەم: دیاریکردنی نیسابی کۆبونەوەکان ورێژەی ئامادەبوان وکۆبونەوەی ئاسایی ونائاسیایی ودەسەڵاتی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ داواکردنی کۆبونەوەی نائاسایی ونەھێشتنەوەی ئەم بابەتانە بۆ عورف وئارەزوی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وسەرۆکی دیوان.

چوارەم: دیاریکردنی مافی دەنگدان ورونکردنەوەی ھێزی دەنگدانی ئەنجومەن، واتە دەنگدان تەنھا بەزۆرینەیە یان تەوافقی حزبی رۆڵی ھەیە لە پرۆسەی دەنگدان لەکاتی یەکلاییکردنەوەی پرسە نیشتمانی وبابەتە ستراتیژیەکان. ئەوە زۆر بەروونی دیارە لە برگەی سێیەمی ماددەی (٧)ی پەیڕەوی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی ساڵی ٢٠١٤ کە پرسە ستراتیژیەکانی بەندکردوە بەدەنگی سێ لەسەر پێنجی ئامادەبوانی ئەنجومەن.

پێنجەم: راسپاردەی لیژنەکانی ئەنجومەنی وەزیران پێویستی بە بڕیاری سەرۆکی حکومەت ھەیە بۆ پەسەندکردنی؟ یان تەنھا لەدەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانە بڕیاری پەسەندکردنی بۆ دەرکات. ئەم پرسە بە ماددەی (١٢) و(١٣) پەیڕەوی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق زۆر بەروونی چارەکراوە.

شەشەم: دیاریکردنی ژمارەو رێژەو پێداویستی ومەرجەکانی راوێژکاران وبەڕێوەبەرە گشتیەکانی ئەنجومەنی وەزیران، لەرابردو وئێستا دیاری نەکردنی ئەمانە بۆ دڵ رازیکردنی خەڵکانێکی زۆری حزبەکانە بەناوی راوێژکار کە بۆتە مایەی بێکاری دەمامکدار لەناو دووەم بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەھەرێمی کوردستان کە بێگومان ئەمەش ناشرینترین جۆری گەندەڵی کارگێری ودارییە.

حەوتەم: پێویستە ئەنجومەنی وەزیران راپۆرتی دەوری –وەرزی یان شەش مانگ جارێک- پێشکەش بکات لەگشت بوارەکان، ئەمەش بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان وھاوڵاتیانی کوردستان ئاگاداری کاروچاڵاکی حکومەت ببن لەلایەک، لەلایەکی ئاگاداری کێشەو گرفتەکانی بن وچارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە.

لەکۆتاییدا، دەکرێت لایەنەکان بۆ نوسینەوەی پەیڕەوی نوێی ئەنجومەنی وەزیران سود وەربگرن لە وڵاتانی پێشکەوتوو یاخود ئەو ولاتانەی کە لەڕووی ئەزمونی حوکومڕانی لەئێمەوە نزیکن، چونکە ھەبونی پەیِڕەوێکی باش یارمەتیدەری بە دامەزراوەیی کردنی حکومەت و پرۆسەی چاکسازی دەدات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.