رێبین فەتاح
ھەولێر پایتەختی سیاسییە، دامەزراوەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەکان و ئەنجوومەنی دادەوەری و چەندین دامەزراوە باڵاکانی دیکەی وەک ئەنجوومەنی ئاسایش و … ھتد لەخۆدەگرێت.
ھەبوونی دامەزراوە باڵاکان لە پایتەختدا، خۆبەخۆ زەمینەی ئەوە دەڕەخسێنێت کە شار بەھۆ یان پاساوی پاراستنی دامەزراوە باڵاکان و کارەکتەرە سیاسییەکان و میوانە تایبەتەکان، پڕ بکرێت لە ھێزی چەکدار و ئەمنی. ھەروەک بەھۆی سروشتی پایتەختەوە، چالاکییە جەماوەریی و ناڕەزایەتییەکان ھەستیارتر و کاریگەرتر دەبن، کاردانەوەکانیش لەلایەنی دەسەڵاتی سیاسییەوە بەھەمان شێوە توندتر و ڕێکخراوتر دەبن.
ئەو ھۆکارانە، لەپاڵ مەترسییەکانی تیرۆر و زیاتر بە ئامانج گرتنی پایتەخت و دامەزراوەکانی، ھێندەی تر لایەنە ئەمنییەکەی ھەولێر تۆختر دەکەنەوە.
ئەو تایبەتمەندییانە وادەکەن دەسەڵاتی سیاسی لەھەر بارودۆخێکدا ئاسانتر بتوانێت ڕێگری لە چالاکییە ناڕەزایەتییەکان لە پایتەختدا بکات. ھەم بەھۆی ئامادەیی ھێزە چەکدار و پۆلیس و ئەمنییەکان لەھەر سووچێکدا، ھەم بەپاساوی پارێزگاریی لە دامەزراوەکان و ..ئیتر.
ھەولێر ئەگەر وەک پایتەختی سیاسی لەسەرێکەوە سوودمەند دەبێت لە ھەندێک چالاکی ئابووری و بازرگانی و ھەروەک دەستڕاگەیشتنی ئاسانتری خەڵکەکەی بە ناوەندەکانی دروستکردنی بڕیار، بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دوور لە پایتەخت، بەڵام ئەودیوە ئەمنییەی شار، لێکەوتێکی نەرێنییە لەخودی پایتەختبوونەکەیدا.