گۆڕان چۆن بەشداری لە حکومەتی ھەرێمدا دەکا؟

لەلایەن ستاندار Posted on 371 جار بینراوە

د. شۆڕش حاجی

بزوتنەوەی گۆڕان جوڵانەوەیەکی جەماوەری سیاسییەو گۆڕانکاری لە سیستمی حوکمڕانی‌و چاکسازی لە جومگەکانی دەسەڵات لە کوردستانی عیراق ئامانجی سەرەکییەتی. بزوتنەوەی گۆڕان، تا ئەم ساتە وەختەش، خەباتی مەدەنی بە شاڕێی گوڕانکاری دەزانێ لە کوردستانی عیراق. لەبەر رۆشنایی ئەو راستییەش بەرنامەی سیاسی‌و شێوازی کاری خۆی داڕشتوەو بەو پێیەش ھەنگاوەکانی داھاتوی دیاری دەکات. بۆیە، ھەر ھەوڵێک کە لەپێناوی جێبەجێکردنی ئەو ستراتیجەدا بێ گۆڕان پشتیوانی دەکاو ھەر ھەنگاوێکیش لەو ئامانجەی دور بخاتەوە رەتیدەکاتەوە. گفتوگۆو دانوستاندنەکانی ئەم دواییەی پێکھێنانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەچنە ئەو خانەیەو بزوتنەوەی گۆڕان بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ دەکات.
دانوستاندنەکانی ئێستای نێوان لایەنە سیاسییەکان لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنی ٣٠ی سێپتەمبەری ٢٠١٨ دەستیپێکرد. لە کەسیش شاراوە نیە، کە ھەڵبژاردنەکان پڕ بون لە تەزویرو ساختەکاری. ھەروەھا رێژەیەکی کەمی ھاوڵاتیان بەشداریان لەو پرۆسەیەدا کرد. ‌ھەر بۆیە ژمارەی کورسی‌و دەنگی راگەیانراوی لایەنە سیاسییەکان گوزارشت لە سەنگ‌و پێگەی راستەقینەی لایەنەکان ناکەن. سەرەڕای ئەوەش بزوتنەوەی گۆڕان، وەک ھێزێکی سیاسی، بەرپرسیارانە پێشوازی لە بانگھێشتی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکھێنانی کابینەی نوێ.
بەشداریکردن لە حکومەتی داھاتوی ھەرێم یان بون بە ئۆپۆزیسیۆن دو بژاردەی وەک یەک کراوەن لەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕاندا. ھیچکام لەو دو بژاردەیەش سەد لە سەد باش‌و ئەوەکەی تر بەتەواوی خراپ نیە تاکو بتوانرێ بە ئاسانی یەکێکیان ھەڵبژێردرێ. ھەردو بژاردەکە لایەنی باش‌و خراپی ھەیەو دور نیە لێکەوتەکانی ھەڵبژاردنی ھەر بژاردەیەکیان وا دەرنەچێ کە چاوەڕوان دەکرێ. بەڵام ئەوەی کە پرەنسیپێکی نەگۆڕە لای بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەیە، کە ھەر شتێک لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بێ‌و لەگەڵ ئامانج‌و بەڵێنەکانی بزوتنەوەی گۆڕاندا یەک بگرێتەوە ئەوە دەکاو ئەگەر وا نەبێ رەتیدەکاتەوە.
بزوتنەوەی گۆڕان کاتێک بەشداری لە حکومەتی داھاتوی ھەرێمدا دەکا کە رۆڵی ھەبێ لە دانانی بەرنامەی کاری ئەو کابینەیە بۆ ئەوەی داکۆکی لێبکاو کار بۆ جێبەجێکردنی بکات. بەرنامەیەک کە پاکێجەکانی چاکسازی‌و، بەنیشتیمایکردنی دامەزراوەکانی ھەرێم‌و، ھەنگاونان بۆ گێڕانەوەی کەرکوک‌و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانی تر بۆ سەر ھەرێم‌و، باشکردنی بژێوی خەڵک‌و خزمەتگوزارییەکان‌و بنبڕکردنی گەندەڵی بەپێی خشتەیەکی زەمەنی دیاریکراو لەخۆ بگرێ. ھەروەھا کە پێگەی گۆڕان لەو کابینەیە وەک شەریکێکی راستەقینە مسۆگەر بکرێت.
ناکرێ‌و نابێ چیتر چاوپۆشی لەوە بکرێ کە دوای بیستوحەوت ساڵ لە حوکمڕانی کوردی ئێستاش حکومەتی ھەرێم خاوەنی ھێزی چەکداری نیشتیمانی‌و دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی نەبێ‌و ئەزمونەکەمان، کە بە خوێن‌و فرمێسکی سەدان ھەزار کەس بەدەست ھاتوە، ھەمو ساتێک لەبەردەم ترس‌و دڵەراوکێی ئەگەری بەکارھێنانی ھێزی چەکداری حیزبی دژ بەیەک‌و لەتکردنی ئەو بەشە بچوکەی ھەرێم دابێ، کە لە نیوە کەمتری خاکی کوردستانی عیراق پێکدەھێنێ؛ یان داھاتی ھەرێم نادیار بێ‌و بڕەکەی بە پێشبینی‌و بۆچونی ئەم‌و ئەوو بخەمڵێنرێ؛ یاخود ئاوو کارەباو خزمەتگوزاری تەندروستی‌و پەروەردە لە نزمترین ئاستدا بن. ناکرێ‌و نابێ چیتر کار بۆ سەربەخۆیی دادگاکان نەکرێ‌و سەرەڕای بونی ھەزاران پارێزەرو یاساناس‌و سەدان دادوەری شارەزاو دڵسۆز، کەچی ھاوڵاتیان متمانەیان بە سیستمی دادوەری لە ھەرێم نەبێ.
با کێبڕکێی لەمەودواو پێوەری بەھێزیی حیزبەکان ئەوە بێ کە کێ لەو پرسە نیشتیمانییانەدا سەرمەشق دەبێ. ھەر کەس‌و لایەنێکی سیاسی ئەگەر دەیەوێ پشتیوانی ھاوڵاتیان‌و ستایشی مێژو بەدەست بھێنێ، وا چاکە کار لەسەر ئەم چمکانە بکات. بزوتنەوەی گۆڕان بەو چاوە تەماشای روداوەکان‌و دانوستان‌و ئەنجامی گفتوگۆکان دەکات.
ھەر بۆیە، ئەگەر ئاراستەی گفتوگۆکان بەو ئاقارە بێ‌و ئەو نیەتە لە لایەنی بەرامبەر بەدی بکرێ، ئەوا جڤاتی نیشتمانی بڕیاری ئەرێنی لەسەر بەشداریکردن لە حکومەت دەداو کاندیدی بەرکەوتەی پۆستەکانی خۆی دەستنیشان دەکا. بەپێچەوانەوە، بزوتنەوەی گۆڕان لەجاران شێلگیرانەتر وەک ھێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی کاریگەر داکۆکی لەو پرەنسیپانە دەکاو ھەمو شێوازێکی خەباتی گونجاو دەگرێتە بەر بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە. چونکە ئەو داواکاریانەی گۆڕان لە خزمەتی گەلەکەمان‌و بەرەو پێشبردنی ئەزمونەکەمانە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.