یەکێتی نیشتیمانی کوردستان: کام یەکێتیی؟ کام نیشتیمانیی؟

لەلایەن ستاندار Posted on 349 جار بینراوە

مەریوان وریا قانع

تا سەرەتای ساڵانی نەوەد یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ھێزێکی چەپگەر و ڕادیکاڵی ناو سیاسەتی کوردیی بوو. ھەم لەڕووی بەرنامەی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییەوە جۆرێک لە بەرچاوڕوونی تێدابوو، ھەم لەڕووی ئۆرگان و پێکھاتی حیزبیشەوە. لە ھەمووشی گرنگتر ئەوەبوو ئەم ھێزە موڵکی ھەموو یەکێتییەکان بوو، ھێزی ھیچ خێزان و بنەماڵە و بەرەباێکی ناو یەکێتی نەبوو. شتێک بە ناوی سوڵتانیزمی سیاسییەوە لەناو ئەو ھێزەدا بوونی نەبوو. ئەگەر تاڵەبانی خۆشی وەک کەسی یەکەمی ناو ئەم ھێزە، ھەندێکجار وەک سوڵتانێک کاریکردبێت، ئەوا تا دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەینیش تاڵەبانی “سوڵتانێک بوو بێ سوڵتانیزم“. ئەو لەشکرە لە کوڕ و کوڕەزا و برا و ئامۆزا و خزم و خێزان و ھتد… لەناو یەکێتیدا و لە پێگەی دەسەڵاتدا بوونیان نەبوو.

ئەگەرچی یەکێتییەکان تاڵەبانی وەک کەسایەتیەکی پیرۆز و بێھەڵە مامەڵەدەکەن، بەڵام تاوانی دروستبوون و چەسپاندنی ئەو سوڵتانیزمە سیاسییەی لە ئێستادا بووە بە شوناسی ھەرەسەرەکیی یەکێتی، لە ئەستۆی تاڵەبانی خۆیدایە. یەکێتی ئەمڕۆکە ھێزێکی پارچەپارچەی پڕ ناکۆکیی و پڕ ململانێ و ڕق و تەماحی سەرمایەدارانەی زەبەلاحە کە ھیچ شتێک ھیچ یەکێکیان ناباتەوە ناو سیاسەت وەک چالاکییەک کە پەیوەندیی بە قازانجی گشتییەوە ھەیە. یەکێتی بە کردەوە لەوە کەوتوە حیزبێکی سیاسیی بێت و تەواو گۆڕاوە بۆ کۆمپانیایەکی فرەپشک، پشک ھەڵگرە سەرەکییەکانیشی بەو شێوەیە بەکاریدەھێنن کە لەگەڵ سود و قازانج و تەماحەکانیاندا دەگونجێت. ئەگەر لۆژیکی سیاسەت لۆژیکی دروستکردنی ژیانێکی ھاوبەش و ھێمن و ئازاد بێت لەڕێگای پاراستنی پلورالیزمی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگییەوە، ئەوا لۆژیکی کۆمپانیا تەنھا یەک پرنسیپی سادە، بەڵام ترسناک، ئاراستەی دەکات: پرنسیپی بەدەستھێنانی قازانجی زیاتر و زیاتر بۆ خاوەنەکەی بەبێ گوێدان بە ھیچ پرنسیپێکی ئەخلاقیی و ئینسانیی و سیاسیی.

پەلاماردانی پارتێکی پەراوێزیی وەک تەڤگەر و گرتنی کادر و چالاکەوانەکانیان، داخستنی سینەمای سالم و پەنابردن بۆ ھێز لەھەر پێشھاتێکی چاوەڕوانکراو و چاوەڕواننەکراودا پەیوەستە بەو گۆڕانەوە کە باسمکرد: گۆڕانی یەکێتی لە پارتێکی سیاسییەوە بۆ کۆمپانیایەکی فرە پشک، کۆمپانیایەکی چەکدار. یەکێتی بەم دۆخەی ئێستایەوە ناتوانێت وەک ھێزێکی سیاسیی ئامادەبێت و کاربکات. بەڵکو کۆمپانیایەکی فرەپشکی چەکدارە و قازانجی بەڕێوەبەران و بۆردی سەرەکیی کۆمپانیاکە و پشکھەڵگرەکانی، ئارستەی دەکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.