له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى پارتى و یه‌كێتیى

لەلایەن ستاندار Posted on 475 جار بینراوە

سەرتیپ قەشقەیی

جیا له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى چه‌ند مانگى ڕابردووى پارتى و یه‌كێتیى، كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى شاندى باڵاى هه‌ردوولا، كه‌ له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانى ئاماده‌كارى بۆكرابوو، كۆبوونه‌وه‌یه‌كى ئیجابى و باش بووه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا هیچ بڕیارێكى تیادا نه‌دراوه‌، به‌ڵام چه‌ند ده‌ره‌نجامێكى لێكه‌وتۆته‌وه‌ كه‌ پێشبینیده‌كرێت له‌ ڕۆژانى داهاتوودا ئه‌نجامى هه‌بێت.
له‌ گرینكترین ئه‌نجامه‌كانى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ بریتیبوون له‌ :
1. گه‌ڕانه‌وه‌ى متمانه‌و نه‌هێشتنى ئه‌و به‌ربه‌سته‌ ده‌روونییه‌ى، كه‌ له‌ نێوانى هه‌ردوولا له‌ دواى ڕووداوى 16ى ئۆكتۆبه‌ر دروستببوو.
2. نه‌هێشتنى مه‌رجى پێشوه‌خته‌ له‌ نێوان هه‌ردوولا.
3. به‌ڵێندانى هه‌ردوولا به‌ یه‌كترى كه‌ چیدیكه‌ له‌ پشته‌وه‌ى یه‌ك له‌ دژى یه‌ك كارنه‌كه‌ن.
4. دروستكردنى لیژنه‌یه‌كى شه‌ش كه‌سى له‌ نێوان هه‌ردوولا، به‌مه‌به‌ستى نووسینى رێككه‌وتنێكى دوو قۆڵى له‌ نێوان هه‌ردوولا، ده‌ستكردن به‌ كاره‌كانى ئه‌و لیژنه‌یه‌ له‌ماوه‌ى 48 كاتژمێردا ( دواى گه‌ڵاڵه‌كردنى ڕه‌شنووسى ڕێككه‌وتنه‌كه‌ دووباره‌ شاندى باڵاى هه‌ردوولا كۆده‌بنه‌وه‌ ).
5. كردنه‌وه‌ى ده‌رگا به‌ ڕووى ئه‌نجامدانى كۆبوونه‌وه‌ى زیاتر، له‌سه‌ر ئاستى لیژنه‌كان و خێراكردنى هه‌نگاوه‌كانى پێكهێنانى حكومه‌ت.
6. چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى دیله‌كانى نێوانیان و كۆتایهێنان به‌و گرژیه‌ى له‌ نێوان مه‌سرور بارزانى و لاهور تاڵه‌بانى هه‌بوو.
به‌پێى زانیارییه‌كان له‌و كۆبوونه‌وه‌دا هه‌رچه‌ند به‌ دیاریكراوى هیچ كاتێك دانه‌نراوه‌ بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ، به‌ڵام جه‌ختیانله‌وه‌كردۆته‌وه‌ ناكرێ به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وامبن و كات بكوژن، بۆیه‌ پێشبینىده‌كرێت تاوه‌كو سه‌ره‌تایى مانگى داهاتوو ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت.
له‌باره‌ى پرسى كه‌ركووك پارتى له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا گه‌ره‌نتى داوه‌ته‌ یه‌كێتیى كه‌ ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان پارێزگارى كه‌ركووك له‌ لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه‌ دیاریبكرێت، به‌ڵام ئه‌مه‌یان په‌یوه‌سته‌ به‌كات و گفتووگۆى زیاتر، بۆیه‌ ده‌بێت یه‌كێتیى له‌وه‌دا هاوكاربێت له‌گه‌ڵ پارتى بۆ گفتووگۆكردن له‌گه‌ڵ به‌غدا .
له‌سه‌ر پرسى به‌غداو سه‌رۆك كۆمار، شاندى پارتى به‌ ناڕاسته‌وخۆ ئاماژه‌یان به‌وه‌كردوه‌: هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ى له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ هه‌یه‌و له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دكتۆر به‌رهه‌م، ده‌كرێت له‌ داهاتوودا له‌ چوارچێوه‌ى كێشه‌كانى دیكه‌ چاره‌سه‌ربكرێت به‌ ئاسانى.
له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا پارتى یه‌كێتیى له‌وه‌ دڵنیاكردۆته‌وه‌، نه‌ به‌ژداریكردنى ئه‌وان له‌سه‌ر حسابى گۆڕان ده‌بێت، نه‌ به‌ژداریكردنى گۆڕان له‌ حكومه‌ت له‌سه‌ر حسابى یه‌كێتى ده‌بێت.
به‌ گشتیى له‌و كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا زۆر گه‌شبین بوون و پێیانوابووه‌: ده‌كرێ ئه‌م هه‌نگاوه‌ ببێته‌ سه‌ره‌تایى نزیكبوونه‌وه‌ى هه‌ردوولا، كه‌ ماوه‌ى زیاتر له‌ ساڵێكه‌ ناكۆكى زۆر له‌ نێوانیان هه‌یه‌.
دواى ئه‌وه‌ى نێچیرڤان بارزانى له‌ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژى ڕابردوو ڕه‌زامه‌ندى بارزانى و مه‌كته‌بى سیاسى وه‌رگرت، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ پێویسته‌ مه‌رجه‌كان هه‌ڵبگیرێن بۆ دانیشتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى، له‌ ئێستادا ناوبراو سه‌رپشك كراوه‌، تاوه‌كو له‌ماوه‌یه‌كى كورتدا هه‌نگاوه‌كانى پێكهێنانى حكومه‌ت بباته‌ پێشه‌وه‌.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.