ڕێگای ڕاست ئەوەیە بارزانی و بەرھەم ساڵەح پێکەوە دانیشن

لەلایەن ستاندار Posted on 315 جار بینراوە

بەھرۆز جەعفەر

پێش ھەموو شتێک ئەم نووسین و ئارگیۆمێنتانە گوزارشت لە ھیچ کەس و لایەنێک ناکات جگە لە خۆم (ھەر خۆشم بووم). لەھەر یاریگایەکدا پێویست ناکا یاریزانەکان سەیری یەکتر بکەن گرنگە پەلاماری تۆپەکە بدەن:
پارتی دیموکراتی کوردستان، ھەڵەی کردووە لە مامەڵەکردن بە داھات و سەرچاوە داراییەکانی ھەرێم، ھەڵەی کردووە لە میتۆدی مامەڵەکردن لەگەڵ حیزب و لایەنە کوردییەکان، لە بەرزکردنەوەی دروشمی ئابوری سەربەخۆ و، بانگەشەی سەربەخۆیی سیاسیشدا لە ئەرزی واقیعدا دەرکەوت خوێندنەوەی دروستیان نەبو، ھۆیەکەشی ئەوەبو: تا ھەنوکە دوای ٢٧ ساڵ لە حکومڕانی کوردی ھیچ دامەزراوەیەکی زانستی و، ھزری و، سیاسیی و، ئەمنی و، ئابورییان لەناوەوەو دەرەوەی ھەرێمی کوردستان سەرپێ نە خستووە. لەگەڵ ئەمەشدا ھەموو ئەوانەی دەوری بەڕێز کاک مەسعود بارزانی و، کوڕو برازاکانیان داوە، لەسەرێک ھەڵەی گەورە بە ناوەندی بڕیاری پارتی ئەکەن و، لەسەرێکیشەوە لە پەنایانەوە ھەڵەی جۆراوجۆر ئەکەن. ھەموو ئەمانەش پێش ھەموو شتێک بڕستی تەنانەت لە دۆست و لایەنگرانی خۆیان بڕیوە. بەمدواییەش پارتی و بارزانیان تووشی ھەڵەیەکی تر کرد کە چۆنێتی مامەڵە کردن بو لە پرسی ” سەرۆک کۆمار” دا، لە واقیعدا ئەو گێرمەو ئاڵۆزییەی پارتی کردی، دەرکەوت شتێکی پێویست نەبو، کەچی ئاوھا گەورەیان کرد!. ئەمەش پێش ئەوەی ناوبنرێت تێکشکانی نوێنەرەکەی بارزانی، بریتی یە لە لەکەدارکردنی ناوو ناوبانگی کورد بەوەی کە ناتوانن یەکڕیزو یەک دیسکۆرسی سیاسیان ھەبێت. ھێشتا لەسەروھەموو ئەمانەشەوە پارتی دیموکراتی کوردستان (بە ھەموو ئەو قسەوباسانەی لەسەر ھەڵبژاردن ھەیە) ھێشتا نوێنەرایەتی زۆرینەیەکی ھەرە زۆری سیاسییە لەھەرێمی کوردستان، ھێشتا خاوەنی پاشخانێکی مێژوویین و، ئابوری ھەرێم و ڕایەڵەی سیاسیی و میدیاییان ھەیە، بارزانیش ھەر بارزانیە.
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە (٢٠١٤) ەوە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیەکەی شەرعیەتی حیزبیان لەدەستداوە (بە پێی پەیڕەوو پرۆگرام)، کەسیش دەستی نەگرتون کۆنگرەیەک بکەن، کێ دەستی گرتبون ناوچەی سولەیمانی و گەرمیان ئاوەدان بکەنەوە لەکاتێکدا ساڵانە بودجەی سولەیمانی لە بودجەی ووڵاتی ئەردەن زیاتر بووە یان ھاوتای بووە.!. بە کورتیەکەی ڕۆژێک، دوان، سیان، یەکێتی و یەکێتیەکان ئەتوانن کەموکورتیە ناوخۆییەکانیان بە دژایەتی و پەلاماردانی ئەم و ئەو بشارنەوە، تۆ بۆ ھەیت؟. بۆ ئەوەی دژایەتی بنەماڵەی بارزانی بکەیت؟. ئێ ئەمە نە سیاسەتەو، نە ئەچێتە خانەی بەردەوامی یارییەکەوە لە یاریگاکەدا، وە دەریش کەوت ئەمە ھیچ لایەک بەھێزو لاواز ناکات. کەوایە ئەبێت بە دوای خیتاب و تیۆرەیەکی تردا بگەڕێن، ھەروەک لە مەلەفی کەرکوک و ١٦ ی ئۆکتۆبەر و لێکەوتەکانی ئەم ڕووداوەدا بە پلەی ئیمتیاز یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و، بەرپرسە بێدەربەستەکانی بەرپرسیارن. لەسەروو ھەموو ئەمانەشەوە ھێشتا یەکێتی حیزبیش نەبێت، چەند گروپێکن و، سەرچاوەی ئابورییان بەدەستەو، ھێزی سەربازییان ھەیەو، پاشخانێکی مێژووییشیان ھەیە.
ئەوەی ئەمێنێتەوە، بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستانە لە گەنەی جیۆپۆڵەتیک و گەمەی بازاڕی ئابوریی عێراق و ناوچەکەدا، ئەوەی ئەمێنێتەوە ئەوەیە: ئەی چی بکەین بۆ پێشمەرگە؟. چی بکەین بۆ کەرکوک؟ چی بکەین تا ئەم جەمسەربەندییە ھەرێمایەتیەی لەناوچەکە دروستبووە لێکەوتەکەی کارەساتێکی تری مرۆیی نەبێت بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق بەگشتی. لە ڕاستیدا کێشە لە سوریا بووە مایەی ئەوەی زیاتر لە (١.٢) ملیۆنێک و دووسەت ھەزار سوری بگەنە ھەرێمی کوردستان، تێکشکانی ڕۆڵی حکومەت لە عێراق بووە مایەی دروست بونی توندوتیژی و “داعش” ی بەرھەم ھێنا، ئەگەر سبەینێ دۆخی عێراق تێک بچێتەوە، گۆڕانکارییەک لە ئێران ڕووبدات، قەیرانەکانی سوریا بەردەوام بن، ئاخۆ ھەرێمی کوردستان تووشی چی تر ئەبێتەوە؟!. ئەم ڕووداوانە کاریگەرییان لەسەر فەڕەنسا ھەیە، چۆن کاریگەرییان لەسەر کورد نابێت لەناوجەرگەی ھێڵەکانی بەریەککەوتنی بەرژەوەندی زلھێزەکاندایە؟.
ئێستا دکتۆر بەرھەم ساڵەح، سەرۆک کۆماری عێراقە، سەرۆک کۆمارێک بە دەنگی ھەرە زۆرینەی عێراقیەکان، سەرۆک کۆمارێک کە زۆرینەی کورد لەھەموو شوێنێکی دونیا پێیان پەسەندە جگە لە پارتی کە ھەموو ڕۆژێک چەند ڕاپۆرتێکی سەرەوخواری لەسەر بڵاوئەکەنەوە، جگە لە ھەندێکی ناو یەکێتی کە خەنجەریان وا خستووەتە (کا) دا کە “بەرھەم ساڵەح” وەک سەرۆک کاری نییە ئەوە نەبێت خزمەت بە کوتلەو بە باڵ و حاڵی ئەوان بکات!.
زیاتر لە سەت ڕۆژی یەکەمی ئەزمونی سەرۆکایەتیکردنی عێراق لەلایەن “د. بەرھەم ساڵەح” ەوە دەرخەری ئەوەیە کە جموجوڵێکی جەماوەری، میدیایی، دیبلۆماسی خستۆتە عێراق و ناوچەکەوە. دەرخەری ئەوەیە ئێمە بەگشتی باجی ھەڵەو کەموکورتیەکانی ناو یەکێتی ئەدەین، کە پێویستە لێوەی فێر بین ڕق و کینە کەس ناگەیەنێتە جێگەی خۆی، مەسەلەن، ئەگەر لە ساڵی (٢٠١٤) ەدا ململانێ و ڕێگریە شەخسیەکانی ناو یەکێتی، ھەروەھا ئەو خەنجەرەی لە پشتەوە پارتی لە ” بەرھەم ساڵەح” ی دا، نەبوایەو، “د. بەرھەم ساڵەح” ببوایە بە سەرۆک کۆمار وەک کەسێکی شایستەو کارامە (کە ئەوەتا دۆست و نەیار ئەیبینن) ئەوا ئێستا نە دۆخی یەکێتی بەم شێوەیە ئەبو، نە پارتیش لەم گۆڕەپانە بە تەنھا ئەھات و ئەچو نازانێ لەگەڵ چی قوتبێکدا دوو قسە بکات. وە نە دۆخی کەرکوکیش بەم ئاکامە ئەگەیشت، بەدڵنیایی زروفی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانیش بەم شێوە خراپە نە ئەبو.
ئێستا دەرفەتێکی تر ھاتۆتە پێشەوە، بارزانی خەریکە لە تەپوتۆزی ھەڵەکانی ڕابردوو وانەیەکی دیکە وەربگرێت و، ھەر بۆخۆشی وجودی مەعنەوی لە مەیدانەکەدا ھەیە. بەرھەم ساڵەحیش بۆ ھەر کوێ بڕوات و، بگاتە ھەر کوێ، پێش ھەموو شتێک سەرکردەیەکی سیاسیی کوردە. چەند جارم گوێ لێ بووەو، پێی وتوین ” کە بارزانی ھاوکارێکی زۆر باشم بووە کاتێک لە حکومەتی ھەرێمدا ویستومە چاکسازی بکەم”. بە شێوەیەکی ستاندارد سەرکردە ئەبێت خاوەنی سێ سیفەت بێت، یەکێکیان، ڕوئیایە، دووەمیان پرەنسیپە، سێھەمیان ئەوەیە توانای کۆکردنەوەی جیاوازییەکانی ھەبێت. بۆ ئەوەی ڕووئیایەک بۆ ئایندەی ھەرێمی کوردستان دروست بێت، بۆ ئەوەی پرەنسیپە گشتیەکە بریتی بێت لە پاراستنی کوردستان و عێراق، وە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھەڵسانەوەی کوردستان لەناو کورەی ئاگردا ببینن، پێویستە بارزانی ئەو دەستپێشخەرییە بکات و سەردانی سەرۆکایەتی کۆمار بکات و، بە چا خواردنەوەیەک ئەم ھەموو تەحەددایانەی ھەیە تێپەڕێنرێت، ھەروەک چۆن “بەرھەم ساڵەح” پێش ئەوەی ببێتە سەرۆک کۆمار لە ئەمریکا پرسی بە بارزانی کوڕ کردووەو، لە ھەرێم سەردانی بارزانی کردووە و ڕای وەرگرتووە.
ئینجا پێچەوانەی ئەم دیدگایەی سەرەوە ئەوەیە: ھەریەکەتان چەند پەیج و سایتێکی سێبەر بکەنەوەو، کۆمەڵێ میرزا لەخۆتان بئاڵێنن و، لە ئاستە گەورەکەشدا ھەر ھێزێکی نێودەوڵەتی لایەک بۆ دژایەتی لایەکی تر بەکاربھێنێت، سەت ساڵی تر پارتی و ھەرچی میرزاکانی پارتی ھەیە ڕاپۆرت و ھەواڵی چەواشە بڵاوبکەنەوە ناتوانن بە قەد خشەی یەک عەلاگە کاریگەری لەسەر خودی “بەرھەم ساڵەح” دابنەن، بەھەمان شێوە ” بەرھەم ساڵەح” یش کارو ئەجێندەی ئەوە نییە ئیش لەسەر دژایەتی و توانەوەی ماڵباتی بارزانی بکات. ئەمە ناکرێ ھەر میرزایەک یان کاراکتەرێک لەناو حیزبەکاندا خۆی زروفی باش نەبو، بیەوێ لەسەر حیسابی پەلاماردانی ئەم و ئەو سۆزی حیزب و سەرۆکەکەی بەدەست بھێنێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.