ڕۆشنبیر و خزمەتکردنی سیستەم

لەلایەن ستاندار Posted on 345 جار بینراوە

لەشکر قادر 

لەزۆربەی کۆمەڵگەکانی دونیادا گرنگیەکی زۆر بە تێز و تیۆر و نوسینەکانی ڕۆشنبیر دەدرێت، بەھۆی ئەوەی کەسی ڕۆشنبیر ئەو بیرو بۆچونانەی دەری دەبڕێت نزیکترن لە حەقیقەت، یاخود دەکرێ ئایدۆلۆژیا نەبن. سروشت و تایبەتمەندی پێگە مەعریفیەکەی ڕۆڵێکی گرنگی پێدەدات بۆ بەشداریکردنی لە سیستەمی کۆمەڵایەتی و کولتووری و پڕۆسەی سیاسی.

ئەرکی ڕۆشنبیر توێژینەوە و نوسین و بەرھەمھێنانی مەعریفەیەکی تیۆری-بابەتیە لەسەر واقیع، بەمانای تیۆریزەکردنی واقیع. ھەروەھا ئەرکی ڕۆشنبیر بیرکردنەوە و دروستکردنی گومان و پرسیاری قوڵە لەسەر واقیع، لەھەمانکاتدا بیرکردنەوەیە لەدەرەوەی عەقڵیەتی گشتی و تێگەشتنی گشتیەوە. یان دەتوانرێ بگوترێ کاری ڕۆشنبیر پەردەھەڵماڵین و قسەکردنە لەسەر نەگوتراوەکان، شیکار و خوێندنەوەکانی ناکەونە ژێر کاریگەری سایکۆلۆژیای جەماوەر و ئاپۆڕا.

ستراتیژ و بیرکردنەوە و بەرھەمھێنانی مەعریفەی ڕۆشنبیر نابێ لەژیر ڕۆحێکی دیسپلینکراو و چەپێنراودا بێ. لەم نیگایەوە ڕۆڵی ئەم پێکھاتەیە لەئاراستەکردنی کۆمەڵگە و سیستەم دەردەکەوێ و کاریگەری ئیجابی بەسەر گۆڕانی کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسیەوە دەبێت و تێگەشتنێکی نوێ لای ھاوڵاتیان دروست دەکات. دەشێ ئەو بەشداری و بەرھەمھێنانی مەعریفەیە لەداھاتوودا لەکولتووری خودی و لۆکاڵیەوە بگۆڕێ بۆ کلتورێکی بابەتی و یونیڤێرساڵی.

لەکۆمەڵگەی کوردیدا، لەپێش ڕاپەڕینەوە کێڵگەی ڕۆشنبیری بەتەواوی لەلایەن پارتە سیاسیەکان مۆنۆپۆڵ و کۆنتڕۆڵ کرابوو، بەجۆرێک نوخبەی ڕۆشنبیر ڕاستەوخۆ لەناو فەزای بزوتنەوە سیاسیەکاندا لەپاڵ نوخبەی سیاسی خۆی دەبینیەوە. ھەرچەندە لەدوای ڕاپەڕینەوە ئەم ئاراستەیە بە ئەندازەیەکی زۆر نەگۆڕاوەی ھەمان میکانیزمی کارکردن دەبینین کە نوخبەی ڕۆشنبیر دەبەستێتەوە بە دونیای سیاسی ئێمەوە. لەکاتێکدا ڕۆشنبیر پێویستە خۆی لە لایەنداری ھەموو ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بپارێزێ و لەدەرەوەی بزوتنەوە سیاسیەکان خەریکی ئەرک و ئینتاجی فیکری و مەعریفیی خۆی بێ. ئەزموونی سیاسی پێمان دەڵێ مێژووی سیاسی ئێمە مێژوویەکە لەبەکارھێنانی ڕۆشنبیران و بەلاڕێدابرنی ھوشیاری کۆمەڵایەتی ھاوڵاتیان. ھەتا ئەو بارودۆخی ھەنووکەی ھەرێمی کوردستان نوخبەی روناکبیر و نوخبەی سیاسی ھاریکاری یەکتربوون بۆ خوڵقاندنی ئەم دۆخە. بەومانایەی چۆن نوخبەی سیاسی بەئەرکی خۆی ھەڵنەستاوە بەھەمان شێوە نوخبەی ڕۆشنبیریش نەیتوانیوە بەئەرکی خۆی ھەستی. دەرئەنجامی ئەمە خوڵقاندنی دۆخێکی لەم چەشنەیە و ئەم ئێستایە بەرھەمدێنێ.

لێرەدا لەناو “سێ” پانتایی گرنگ ئەرکی ڕۆشنبیر لەپەیوەندیدا بەدونیای خۆمان دەخەمەڕوو:

١: کایەی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیر: لەئاستی کۆمەڵایەتیدا دەیان توێژینەوەی زانستی لەبواری کۆمەڵناسی (Sociology) لەسەر ڕۆشنبیران ھەیە، لەبەر ئەوەی کەسی ڕۆشنبیر لە پەراوێزی پاڵنەرە کۆمەڵایەتیەکان و ژینگە کۆمەڵایەتیەکەیدا دەژیت و پاڵنەرە کۆمەڵایەتیەکانی زۆر لاوازن، پێگە کۆمەڵایەتیەکەی پێگەیەکی زۆر (نا- دینامیک)یە، کەسی ڕۆشنبیر پێگەکەی زۆر یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی لە واقیع وەک خۆی تێبگات.
ئینسانی ڕۆشنبیر کاریگەری مانا کۆمەڵایەتیەکان، وە ململانێکانی ناو ژینگە کۆمەڵایەتیەکەی لەسەر نیە. پێگەکەی یارمەتیدەرە کەمتر ھۆشیاری ساختە (False Consciousness) لە پەیوەندیدا بەواقیعەوە بەرھەم بھێنێت. ئەگەر بەم پێوەرە کۆمەڵایەتیانە بڕوانینە ڕۆشنبیر لە کۆمەڵگەی کوردیدا دەبینین کەمترین کات لەپەراوێزی پاڵنەرە کۆمەڵایەتیەکان مەعریفەیان بەرھەمھێناوە، بەڵکو نوخبەی ڕۆشنبیر بەھاوکاری ئایدۆلۆژیای سیاسی کاریگەری خراپی ھەبووە لەسەر بەلاڕیدابردنی ھۆشیاری کۆمەڵایەتی لای ئینسانی دونیای ئێمە.

٢: کایەی سیاسی و ڕۆشنبیر: لەناو پانتایی سیاسیدا ئەرکی ڕۆشنبیرە کە ئاسۆی بیرکردنەوەی بزوتنەوە سیاسیەکان فراوانتربکات و بیرکردنەوەی نوێی پێ ببەخشێ، زۆرجار ڕوناکبیرانی دونیای ئێمە دەکەونە ژێر کاریگەری ئایدۆلۆژیای ھێزێکی سیاسی دیاریکراو یاخود دەکەونە ژێر کاریگەری سایکۆلۆژیای جەماوەر و ئاپۆڕاوە. لەپشت ئەمەوە ڕوناکبیر وەزیفەی خۆی وون دەکات کە پرسیار و گومان و بیرکردنەوەی بەردەوامە. پرسیارەکانی سەبارەت بە واقیع و ژیانی سیاسی وون دەکات و زۆرجار ناتوانێ خۆی لەکەسێک ئاسایی یاخود کەسێکی سیاسی لەناو بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان جیا بکاتەوە. ئەرکی روناکبیرە کە کاربکات بۆ گۆڕینی تێڕوانینی ئینسانی ئیمە بۆ ژیان و ژینگەی سیاسی.

٣: کایەی کولتوور و کارەکتەری ڕۆشنبیر: ئەرکی ڕۆشنبیر ئاراستەکردی فیکرو بیرکردنەوەی تاکە نەک بەرزکردنەوەی سایکۆلۆژیای جەماوەر لەسەر بنەمای سیاسی و عاتیفی. زۆر جار بونیادی کاری ڕوناکبیرانی دونیای ئێمە ناتوانێ لەفەزای سیاسیەوە بگوازێتەوە بۆ فەزای کولتووری. ڕوناکبیر بۆ دروستکردنی گۆڕانێکی ڕادیکاڵی دەبێ پانتی سیاسی تێپەڕێنێت و کارباکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سیستەم و ڕیشە کولتوورییەکان. تاکو ئێستا ڕوناکبیرانی دونیای ئێمە لەسەر گۆڕینی بونیادی کولتووری کاریان نەکردووە. ئەمە لەکاتێکدائێمە پێش ئەوەی بونیادێکی سیاسی خراپمان ھەبێ بونیادێکی کولتووری خراپمان ھەیە کە مێنتەڵێتی خێڵ و ئاین و سیاسەت و…..ھتد ڕۆڵی ھەبووە لەدروستبوونی ئەم کولتوورە. بەبێ بیرکردنەوە لەناو کایەی کولتوور و دروستکردنی گومان و پرسیاری قوڵ لەسەری، ئێمە ناتوانین ئەو مۆدێلەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیمان تێپەڕێنین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.