سیاسەتی بۆق و فشەی خەتی سێ

لەلایەن ستاندار Posted on 290 جار بینراوە 0 سەرنج
paykar osman

په‌یكار عوسمان

بۆقێک ھەیە ئەوەی کە مناڵەکە بەگاڵتەوە بەردی تێئەگرێ و ئەو بەڕاستی ئەمرێ.. چەمکەکانیش لە نێوان خەتی فەسادو خەتی موزایەدەدا، وەکو ئەو بۆقەیان لێھاتووە!

مەسەلەن خەتی فەساد ھەمیشە چەمکی (یەکڕیزی) ئیستغلال ئەکات بۆ بەرژەوەندی تەسک. لەولاوە خەتی موزایەدەش بە کەر ناوێرێ بە کورتان ڕەپە ڕەپیەتی، لەبری ئەوەی ڕوبەڕوی ئیستغلالەکە ببێتەوە، بە خودی یەکڕیزییەکەدا ئەتەقێتەوە!

– ھەڵبەتە شتەکە ڕێژەییەو خەتی فەسادیش ھەر موزایەدەچین و خەتی موزایەدەش ھەر فەسادچین، بەڵام وەکو عینوانی سەرەکی، فەساد بۆ گروپی دەسەڵات و موزایەدەش بۆ گروپی بێدەسەڵات بڕێک گونجاوە.

– ھەڵبەتە یەکڕیزیش ئەو چوارچێوە ھاوبەشەیە کە ھی ھەمووانە، نەک ئەوەی کە بەھێزێک بۆ لاوازەکانی دائەتاشێ و ئەشیکا بە قامچی تەخوێن و دوایی پشتیانی پێ سورئەکاتەوە ئەگەر لێ ی لادەن.

ئینجا یەکڕیزی شتێکی بەدیھیە ئینسان ھەر لە دەوری بەردەوە پێیگەیشتووەو ئەزانێ شتێکی باشە، نەک ئینسان تەنانەت ئاژەڵانیش پێیگەیشتوون و وابزانم ھەموومان ڕەوە ئاسک و پۆلە باڵندەو گەلەگورگمان بیستووە.. کە جۆرێکن لە مومارەسەی یەکڕیزیی، بۆ مانەوەو ڕوبەڕوبونەوەی تەحەدیی.

جا ئەم ھۆشیارییەی کە ئاژەڵانیش ئەیفامن، مرۆڤی پۆپۆلیست نایفامێ و لە ھەزارەی سێیەمدا، دێ پێتئەڵێ یەکڕیزی شتێکی خراپەو تەسلیمبوونە بە ستەمکاریی! خۆی ئەو ستەمە گەورەیە ئەکات، کە لەو ئەساسە ئینسانییە بنیاتنەرە بدات، دێ باسی ستەمکاریشت بۆ ئەکات!

جا یەکێ لە کێشەکانی ستەمکاری ئەوەیە کە، ستەمی دەسەڵاتدار ھەمیشە ستەمی بێدەسەڵات ئەشارێتەوەو دووەمیان دیارنیەو وائەزانیت نیە، لەکاتێکا ھەیەو ستەمکاری دۆخێکی دوو سەرەو پادارو بێ پا ھەموومان پێکەوە خولقاندومانە، نەک ئەوەی کورتیکەینەوە لە وەحشێک و دوواندا.

لە نێوان ئیستغلالکردنی چەمکەکان و نابوتکردنی چەمکەکاندا، پێویستمان بە خودی چەمکەکانە.
کاتێ ئەم یەکڕیزی ئیستغلال و ئەو یەکڕیزی بەنەفرەت ئەکات، ئێمە پێوستمان بە یەکڕیزی خۆیەتی.
بەرامبەر نوسخەی تەزویری چەمکەکان، چارەسەر ئەوەنیە نوسخە ئەسڵەکەی بدڕێنین، ئەوە ئینتیحارو دڕاندنی خۆمانە، چارەسەر مانادانەوەیە بە ئەسڵەکان.

ئاگاداربە دۆخەکە کە چەقیبەست لەسەر پەرتەوازەیی و دوو ڕیزیی، چارەسەر خەتی سێیەم نیە، چونکە ئەوەی کە ھەیە، یەک و دوو نیە تا سێ ی بوێت، بەڵکو ھەمووی پێکەوە خەتی دووەو لە یەک لایداوەو چارەسەر گەڕانەوەیە بۆ خەتی یەک!!

ھێڵی سێ لە کولتوری دیموکراسیدا ئەکاتە خاڵی ناوەڕاست، بەڵام لە کولتوری خێڵەکیدا ئەکاتە خاڵی سفر، ھەمیشە پێت ئەڵێ وەرە با ئەوەی ھەیە سفریکەینەوەو شتێکی تر بخەینە شوێنی، کە ئەمەش حەلێکی ستەمکارانەیە، چونکە سڕینەوەی جیاوازی و لێدانی فرەیی و ھەناسەی تاکڕەوی تێدایە!

بۆیە وەھمی بەدیل و خەتی سێیەم، ھەمیشە دابەشکارییەکی ئایدۆلۆژیی، یان حەزێکی شەخسییەو ئەچێتەوە سەر پەرتبوونێکی تر، ناچێتەوە سەر پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردن!

لەبەرامبەرا حەلی واقعیانەو تۆلێرانسانە شتێکی تر نیە، ھەر مەوجودەکان خۆیانن، سڕینەوەیەک لەئارادانیە، ھەر ھێڵی فەسادو موزایەدەکەن، ئەمیان بڕێک پاشەکشێ ی لە فەسادو ئەویان بڕێک پاشەکشێ ی لە موزایەدە کردوەو ھەمووانیش پێکەوە لە قۆناغی قسەی گەورەوە ئەپەڕینەوە بۆ قۆناغی کار ئەگەرچی بچوکیش بێت.

ھەمیشە بەدیل و خەتی سێ پێت ئەڵێ (چارەسەر منم) ئەم جوملەیەش بەتەبیعەت بەشێکە لە کێشەو ھەمیشە دنیا خراپەکە خراپترو دۆخە ئاڵۆزەکە ئاڵۆزتر ئەکات.
جوملەی دروست ئەوەیە (ئێمە ھەموومان چارەسەرین.) ھەرھێزێکیش موعارەزەبێت یان دەسەڵات، بگاتە ئەمە، یەعنی دانی کەرێتی کەوتووەو بەرەو عەقڵانیەت ھەنگاوی ناوە.

ئەم قسانە گەشبینی نیە بە دانیشتنی دوو حیزب کە شتێکی نوێ نیە. خۆشخەیاڵی نیە بە کابینەی فڵانی ئامۆزای فیسار کە فەرقێکیان نیە. پەیوەندی بەو خاشاکەشەوە نیە کە حیزبەکان و باڵەکان و بنەماڵەکان یەکتری لەسەر ئەھاڕن و بۆشم گرنگ نیە کام گروپ پێیخۆشەو کام گروپ پێیناخۆشە.. بەڵکو ئەمە باسی ئەوسەری ڕێگاکەیە کە ئێستاش نەبێ و دە ساڵی ترو بیستی تر، ھەر ئەگەینە ئەوێ و جۆرێک لە کاری پێکەوەیی و یەکڕیزیی، جا ئیتر تا زووتر بگەین باشترە.

قسەکە ئەوەیە ئێمە ئەگەر بمانەوێ مێژوویەکی نوێ دەستپێبکەین، خاڵی دەسپێک لێدانی تۆ نیە، پێداچوونەوەی خۆمە. لێدانی یەکتری خاڵێکی نوێ نیە، ھەر ئەو مێژووەیە کە ھەزاران ساڵە تێیداین و ھیچی لێ سەوز ناکەین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *