ئەوەی لە شیلادزێ ڕوویدا

لەلایەن ستاندار Posted on 401 جار بینراوە

عەزیز ڕەئووف

یەکەم: بێدەنگی درێژخایەن لەسەر دۆخێکی سیاسی بەمانای ڕازیبوون نیە. ھەندێ جار لە سوچێکی دنیای ئێمە بەشێک لە ناڕەزایی ئامادەیە و لەپڕ دەتەقێتەوە و زۆر شت لەگەڵ خۆیدا دەسوتێنێت. ئەوەی لە شیلادزێ ڕوویدا پێماندەڵێت دۆخی بێدەنگی و فەزای قسەنەکردن بەمانای ڕازیبوون نایات و ڕەنگە ڕووداوێک، توڕەییەکی کاتی دۆخەکە بباتە قۆناغێکی تر و ناڕەزایی فراوان دروست بکات.
دووەم: تورک بەڵای گەورەی ناوچەکەیە و ھەمیشە شەڕ دەگوازێتەوە دەرەوەی سنوری خۆی. تورک لە قەندیل و لە شیلادزێ و لە شەنگال دەیەوێت لە باشور ئامادە بێت و ئەگەر نەشکرا ئەوا لە بەرگێکی تردا کە گروپی تیرۆرستی داعشە دێتەوە نێو دنیای ئێمە.
سێیەم: دنیای ئێمە پڕە لە ناڕەزایی و توڕەیی نادیار. ئەم بێدەنگیە و لە پشتکردنە دەنگدان و بەشداری ھەڵبژاردن دەیسەلمێنێت کە لە کۆڵانەکانی ئێمە شتێکی تر دەگوزەرێت و نابینرێت. لە کۆڵانەکانی دنیای ئێمە ناڕازی گەورە ئامادەیە و نایبینین و ئەم ناڕەزاییانە لە ھەڵوێستێکی کاتیدا خۆی مانڤێست دەکات.
چوارەم: خۆپیشانەکانی شیلادزێ خورسکە و خاوەنی نیە. خۆپیشاندەری بێخاوەن جۆرێک لە جوانی تێدایە بەوەی نەکەس ئاراستەی دەکات، نە دەتوانرێت کات و شوێنی بۆ دیاری بکرێت. ئەوەی لە شیلادزێ ڕوویدا دەم و چاوی کەسی پێوە دیار نیە و دەستی کەسی تێدا نابینرێت جگە لە دەستی خەڵک خۆی بە خۆیان و خەم و توڕەیی و ناڕەزاییەکانیانەوە.
پێنجەم: مرۆڤ پرسیاری لا دروست دەبێت: ئەم ھەموو تانک و زرێپۆش و سەربازەی تورک چی دەکا لە شیلادزێ؟. خۆ پارتی ھەمیشە ناوچەی سلێمانی تاوانبار دەکرد بە بوونی ھێزە ئێرانیەکان و قاسمی سولەیمانی. دەسەڵاتداران لەو دەڤەرە پێیان وابوو ناوچەکە ئارامە. ئەم خۆپیشاندانە عەورەتی ناشرینی دەسەڵاتی لەو دەڤەرە نیشانداین کە دەیویست دایپۆشێ و کەس نەیبینێت کە لە نێوان پارتی و تورکیادا چی لەئارادایە. دروستبوونی ئەم درزە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە شتێک بەناوی سنور لە ھەرێم نەماوە و شوێن پۆستاڵی تورکەکان بەئاشکرا دیارە.
شەشەم: ئەوەی بینیمان لە شیلادزێ و بێدەنگی سەرجەم ھێزەکان سەلماندی کە لە باشور سیاسەت مردووە و ئەسڵەن پارتە سیاسیەکان لە ناڕەزایی و خەم و ئازار و تەنانەت دیدو تێڕوانینی خەڵک تێناگەن و ئەوان لە بارەگاکاندا سیاسەت دەکەن نەک لە کۆڵانەکان. ئەم خۆپیشاندانە خوڕسکە ئەوەی دەرخست کە سیاسەت لە کۆڵان و لەسەر شەقامەکانە نەک لەبارەگای حزبەکان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.