پێڵاو کۆکردنەوە بۆ سەرۆکـی حیـزب

لەلایەن ستاندار Posted on 227 جار بینراوە

سامانـی وەستا بەکر

ئاخۆ ئەگەر پارتێک لە پارتەکانـی ڕۆژھەڵاتـی ناوین و لە ناویشیانا بە دیاری کـراوی لە باشوری کوردستان ھەڵمەتـی کۆکردنەوەی پێڵاوی دڕاو بکات و بینێـرێ بۆ سەرۆکـی پارتێکـی تری ڕکابەر و داوای لێبکەن کە ھەمووی یان بەشێکـی بخوات چـی ڕووبات؟ خوانەخواستە ئەگەر ئەو پارتانە چەکداریان ھەبـێ یان خاوەن دەسەڵاتبـن؟
بەڵـێ لە سوید بینیامیـن دۆوسا “سەرۆکـی یەکێتـی لاوان”ی سەر بەپارتـی “مۆدێرات”ەکانـی سوید ھەڵمەتێکـی کۆکردنەوەی پێڵاوی کۆن و دڕاوی دەستپێکـرد کە تا پاش ناردن و گەشتنـی پێڵاوەکان سەرۆکـی “سێنتەر پارتـی” بیانخوات، چونکە لە بەڵێنێکـی خۆی پاشگەز بۆتەوە! لەوەڵامـی ئەو کارەشدا یەکێتـی لاوانـی سەر بە سێنتەر پارتـی ڕایگەیاند کە ئەوان پاش گەشتـن و وەرگرتنـی پێڵاوەکان ئەوەی بە کەڵکبێت ئەینێرن بۆ ڕێکخـراوە خێـرخوازەکان تا بیگەیەنە دەست خەڵکانـی نەدار و ئەوانەشـی کە دڕاوو بێکەڵکـن ڕیسایکڵـی ئەکەن تا جارێکـیتر سودی لێوەرگیـرێ.
ئەوەی لێـرەیا مەبەستە سایکۆلۆژی تاکـی سویدیە کە لە پای ئەم کارە ھیچ ھەڵچون و گرژییەکـی لێنەکەوتەوە بە جۆرێک ئەو جۆرە لە ھێـرش و سوکایەتـی و ڕووشاندنـی سەرۆکـی پارتێکـی دێرین و گەورەی سوید ھەڵگێـرایەوە بۆ بابەتێک کە بە سودی خەڵکـی نەدارو ژینگە کۆتایـی پێبێت، مەخابـن ئەم جۆرە کارە ئەگەر لە ڕۆژھەڵاتـی ناویـن و ھەرێمـی کوردستان ڕووبدات خۆ ئەگەر خودی پارتەکەو سەرۆکەکەشـی ھیچ نەڵێـن و کاردانەوەیان نەبـێ بەڵام لایانگران و ھەوادارەکانیان دوور نیە ساڵانێک جەنگـی سارد بەرامبەر یەکتـر لایەنـی کەم لە تۆڕەکۆمەڵاتیەکانەوە بەرپابکەن خۆ ئەگەر ئەمە گـرژی و ڕووبەڕووبوونەوەش لە شوێنە گشتـی و تایبەتەکانیشا لێنەکەوێتەوانـێ.
ڕۆژی یەک شەممە بەرواری ٩ی ئەیلولـی پار ساڵ ٢٠١٨ دواین ھەڵبـژاردنـی پەرلەمانـی وڵاتـی سوید و ھەرێم و شارەوانیەکان بەڕێوەچوو، ھاوپێچ ھەروەک نەریتـی ھەڵبژاردن پارتە جیاوازەکان کارو بەرنامەی خۆیان ئەخەنە بەردەسـتـی خەڵک و زۆرترین ھەوڵ ئەیەن بۆ ڕاکێشانـی زۆرترین ژمارەی دەنگدەر لەدەوری بەرنامە و کاری چورا ساڵـی داھاتوویان ئەگەر بگەنە پەرلەمان ھەروەک چۆن حیـزبەکان پێشـتـر ھاوپەیمانـی و دوورو نزیکـی خۆیان لەگەڵ یەکتـر بۆ خەڵک ئاشکرا ئەکەن و لەو چوارچێوەیەشا ھەندێ لە حیـزبەکان دژایەتـی خۆیان بۆ حیـزبـی ڕکابەر ئاشکرا ئەکەن تا ئاستـی ئەوەی کە بەھۆی “تای ھەڵبـژاردنەوە” ھەندێ دەستەواژە بەکار ئەھێنـن کە دواتر لە دژاین بەکار ئەھێنـرێتەوانـێ.
ئاشکرایە سوید یەکێکە لە پێشکەوتووترین وڵاتانـی جیھان کە بە دیموکراسـی بوون و ھاوتایـی جەندەری و مافـی ئاژەڵ و مناڵ و ھاوڕەگەزباز….ھتد ئەناسـرێتەوە بەجۆرێک سیستـم و موئەسەسات لەم وڵاتەیا جێگیـر بووەو دامەزراوە کە تەنانەت ئەنجامـی ھەڵبـژاردنەکانیش کاریگەری لەسەر بنچینەی دامەزراوەکان و بنەما دیموکراسیەکان دانانێت واتە ئەنجامـی ھەڵبـژاردن تەنھا کاری حکومەتـی ھەڵبـژێراوی پێئەبرێ بەڕێوە نەک حوکمـی موتڵەق و ھەڵگێـڕانەوەو سەرو بن کردنـی کایەکە.
لە وڵاتـی سوید دوو پارتـی گەورە بوونیان ھەیە و ڕکابەری سەرەکـیـن کە ئەکرێ بە دوو پارتـی سەرەکـی ڕۆژەھەڵاتـی ناوین بەراورد بکرێن بەڵام جیاوزی ئەخلاقـی کارکردن و ڕێز گرتن لە یاسا و پارستنـی موئەساسەکانـی دەوڵەت و پابەندبوون بە ھەر بەڵێنێکـی ھەڵبـژرادن و خۆشگـوزەرانـی میلەت بە ئامانج گرتـن و بەکارھێنانـی حیزبیش بۆ گەشتـن بە ترۆپکـی ڕەفاھیەت ئەگەرنا خودی حیزبەکە ھیچ پیـرۆزیەکـی نیە و پیرۆزیش ناکرێ لای ئەندامانـی حیـزب و خەڵکیش ھیچ حیزب و کەسایەتیەک پیـرۆز تەماشا ناکەن.
ساڵانێکـی زۆرە دوو بەرە دروست کراوە کە ھەر یەکێکیان لە چەند حیـزبێک پێکھاتوون. بەرەیەکیان بە بەرەی “سورو سەوز”ەکان ناسـراون لە ھەریەکە لە سۆسیال دیموکـراتەکان، پارتـی چەپ و پارتـی ژینگە پێکھاتوون و لە رامبەریشدا بەرەی “بۆرجواز”ەکان ھەن کە لە ھەریەکە لە پارتـی مۆدێرات، سێنتەر، لیبـراڵ و مەسیحیە دیموکراتەکان پێکھاتوون کە بۆ ھەڵبـژرادنەکان ئەم دوو بەرەیە ڕووبەڕووی بەرنامەو کاری یەکتـر ئەبنەوە لە ڕێگەی پێشنیارکردنـی بەرنامەی باشتـرو ڕێفـۆرمـی بە سوودتر بۆ کۆمەڵگە.
ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێبکـرێ لە ھەڵبژاردنـی ساڵـی ٢٠١٠یا پارتێک بەناوی “سویدیە دیموکراتەکان”ەوە بۆ یەکەم جار بە بەدەسھێنانـی ٢٠ کورسـی سەرکەوتـن بۆ پەرلەمان کە ئەم پارتە پارتێکـی ڕەگەزپەرستـی دژ بە پەناھەندەیە، لە سەرەتای چوونیان بۆ پەرلەمان ھیچ پارتێکـی سوید دوورو نزیک نەک کاری ھاوبەشیان لەگەڵا نەئەکردن بەڵکو بە پارتێکـی ڕەگەزپەرستـی دژ بە بەھا مرۆڤایەتـی و دیموکراسییەکان ئەیاناساندن کە ئەم ڕەفتارانە لە دەستوری سویدا جێگەی نابێتەوە.
ھەر لەو چوراچێوەیەدا لە ھەڵمەتـی ھەڵبژاردنەکانـی پار ساڵ سەرۆکـی “سێنەر پارتـی” کە خانمێکە ناوی “ئـانـی لۆۆف “ە و پارتەکەی یەکێک بوون لەو چورا پارتەی بەرەی “بۆرجواز” لە وەڵامـی ڕاگەیاندکارێکـی ڕۆژنامەی “ئیکس پرێس”دا کە ئەگەر دوای ئەنجامـی ھەڵبژاردنەکان ئامادەبێت کار لەگەڵ گەورەترین پارتـی سوید “سۆسیال دیموکرات”ەکانا بکات ووتـی (پێـی باشتـرە تاکـی پێڵاوی قاچـی ڕاستـی بخوات لەوەی ببـێ بە ھاوکاری سۆسیال دیموکراتەکان بۆ پێکھێنانـی حکومەت)!
ھەڵبەتە پێکھاتەی کۆمەڵگەی سویدی بەجۆرێکە کە ھەموو ووشەیەک بەجدی وەرەگیـرێ و ئەبـێ خاوەنەکەی خاوەندەرێتـی ئەو دەستەواژەیە بکات کە زار بەجێئەھێڵـێ و کەمتـرین سوبعەت و دەستەواژەی نەبێژراوی و وێژراو بوونـی ھەیە کە ئەمەش یەکێکە لە گرفتەکانـی خەڵکانـی کۆچ کردوو بۆ سوید بۆ نمونە ئێمەی کورد مناڵەکانمان لاساری بکات پێـی ئەڵێیـن دانیشە ئەگینا ئەوکوژم کە لە ڕاستیا موبالەغە بەو دەستەواژەیەوە ئەکەرێت و مەبەست لێـی کوشتـن نیە بەڵکو بۆ داساکاندنـی مناڵەکەیە بەڵام لە سوید سـزادانـی لەسەرە ئەگەر بگاتە دەم پارێزەرانـی کۆمەڵایەتـی و پۆلیس.
دوای ئەوەی کە ھیچ بەرەیەک نەیتوانـی دەنگـی پێویست کۆبکاتەوە بۆ دروستکـردنـی حکومەت لەماوەی نزیکەی چور مانگ پاش تاقـی کردنەوەی زۆربەی ڕێگاکان کە لەو ماوەیەدا پارتەکانـی سوید شێلگـرانە ھەم وەک بەرەو ھەم یەک بەیەک نەگەشتنە ھیچ ئەنجامێک و چوار جار کاندیدی دیاری کراوی سەرۆکـی پەرلەمان ڕەفز کاریەوە و تەنھا بوار بۆ یەک دەنگدانـی تر مابۆوە خۆ ئەگەر ئەو جارەش لە پێنچەم دەنگدانا ئەو کاندیدە سەرکەوتوو نەبوایە بۆ پێکھێنانـی حکومەت ئەوا بەپـێ دەستوری سوید و بەناچاری ئەبوو ھەڵبـژاردنێکـی نوێ بکرایەتەوە کە ئەمەش لە بەرژەوەندی پارتـی ڕەگەزپەرست “سویدیە دیموکراتەکان”ا ئەبوو بە پلەی یەک ھەر بۆیە بۆ پاراستنـی وڵات لە کەوتنە دەست بەرەی بۆرجواز بە پاڵپشتـی پارتـی ڕەگەز پەرست و تێچوونـی ھەڵبـژاردنێکـی نوێ ھەردوو پارتـی “سێنتەرو لیبـڕاڵ” لە بەرەی بۆرجوازی ڕێکەوتنێکـی ٧٣ خاڵەیان لەگەڵ پارتـی سوسیال دیموکرات و ژینگەیا کرد و زۆربەی بەڵێنەکانـی ھەڵبـژاردنـی خۆیان سەپاند و سەرەنجام پاش ١٣٤ ڕۆژ حکومەتـی نوێـی لە ٢٢ی یەکـی ٢٠١٩دا ڕاگەیانرا لە ھەردوو پارتـی سۆسیال دیموکرات و پارتـی ژینگە و بە پاڵپشتـی دوو پارتـی بۆرجواز حکومەتێکـی لە دوو پارتـی چەپ و مام ناوەند بە بەرنامەیەکـی نیمچە بۆرجواز لە دایک بوو.
ئەنجامـی ھەڵبژاردنەکانـی ٩ی سێپتەمبەری ٢٠١٨ بەجۆرێک بوو کە بەرەی سورو سەوزەکان توانیان ١٤٤ کورسـی و بەرەی بۆرجوازی ١٤٣ کورسـی و پارتـی ڕەگەزپەرستیش سویدەیە دیموکراتەکان ٦٢بەدەستبھێنـن لە کاتێکا بۆ پێکھێنانـی حکومەت ١٧٥ کورسـی پێویستە لە کۆی ٣٤٩ کورسـی واتە ھیچ بەرەیەک ژمارەی تەوای بەدەستنەھێنا و پێکھێنانـی حکومەت ١٣٤ی ڕەبەقـی خایاند کە ئەمە لە مێژووی سویدا نمونەی زۆر کەمە ھەر ئەوەش وای کرد کە ئەو دوو بەرەیە چاوێک بە پێکھاتەکەیانا بخشێنەوەو سەرەنجام بەرەی بۆرجوازی ھەڵوەشایەوە.
جێـی ئاماژەیە لەماوەی ١٣٤ ڕۆژدا ھەموو ڕێگاکان تاقـی کرانەوە تا بتوانرێ حکومەتێک پێنھێنـرێ کە بە ھیچ جۆرێ پشت بە دەنگـی پارتـی ڕەگەزپەرست نەبەستـێ لەو پێناوەشدا ھەردوو پارتـی سێنتەرو لیبـڕاڵ بۆ سەرخستنـی ھاوتایـی نـرخـی مرۆڤەکان دوور لە ڕەنگ و ئاین و ڕەگەز بەرەکەی خۆیان جێھێشت و ڕێگەیاندا بەرەی نەیار حکومەت پێکبھێنـێ و دەنگەکانـی خۆیان خەواند چونکوم دوو پارتـی بەرەکەیان “بەرەی بۆرجوازی” ئامادەیان تیادابوو سود لە دەنگـی پارتـی ڕەگەزپەرست وەرگرن بۆ دروست کردنـی حکومەت و تێپەڕاندنـی بودجە کە ئەمەش لەگەڵ بەھا دیموکراتیەکان و ئەو بەڵێنانەیا نە ئەھاتەوە کە ھەردوو پارتـی سێنتەرو لیبـڕاڵ بە دەنگدەرانـی خۆیان دابوو کە ئەمەش ئەوە ئەگەیەنـێ پارستنـی بەھا دیموکراتیەکان وپابەندبوون بە بەڵێنەکانـی ھەڵبژاردنەوە لە بەرەو ھاوپەیمانـی و پێکھێنانـی حکومەت و دەسەڵات وەرگرتن گرنگتـرە ئەگەر باجەکەی پێڵاو خواردنیش بـێت.
لێرەوە بۆ ئاشنابوونـی خوێنەر پێم باشە مێژوویەکـی کورت و چڕی کاری پەرلەمانـی و لە دایک بوونـی دیموکراسـی و بوونـی ئەو خۆشگوزەرانیەی سوید و سیستمی پەرلەمانـی ئەو وڵاتە کە بە چەند قۆناغێکا گوزەری کردووە تا ئەم کاکڵە ھاوتاییەی مافـی مرۆڤ و ئاژەڵ و سـروشتـی لـێ دروست بووە لە چەند دێڕێکا ئاماژە پێبەم.
یەکەمیـن کۆبوونەوەی سویدییەکان لە ساڵـی ١٤٣١دا ئەبێت لە “ئەربۆگا” بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتـی بەڕێوەبردنـی وڵات کە سویدیەکان ئەو کۆبوونەوەیە بە یەکەمیـن کۆبوونەوەی پەرلەمان کە سویدیەکان بە “ڕیکسداگ” ناوی ئەبەن دائەنێـن بەڵام یەکەمیـن پەرلەمان “ڕیکسداگ”ی سوید لە شاری ڤێستەڕۆس لەسەردەمـی پاشا “گوستاڤ ڤاسا”ی دووەم لە ساڵانـی ١٥٢٧-١٥٤٤کە کاری لەسەر وە بە نبچینەکانـی “خەڵک، قەشە، ھاوڵاتـی و جوتیاران” کردووە وە بۆ یەکەمیـن جار ساڵـی ١٥٤٠ دەستەواژەی پەرلەمان “ڕیکسداگ” لە وڵاتـی سوید بەکارئەھێنـرێت.
ساڵـی ١٦٠٠ بۆ یەکەمیـن جار لیژنەکانـی پەرلەمان ڕێکخران بەڵام لە کۆتایـی ھەمان سەدەیا واتە کۆتاییەکانـی ١٦٠٠داو لەسەردەمـی دەسەڵاتـی پاشا “کارل گوستاڤ”ی یانـزەھەمـیـن پەرلەمان زۆر لاواز کراو بوو بە داردەسـتـی پاشا.
لەسەدەی ھەژدەیا پەرلەمان جارێکـیتـر گرنگــی بۆ گەڕایەوە و لەسەر چوار بنچینەکەی لای سەرەوە دەستبەکاربۆوە بۆ یەکەمیـن جار ھەردوو پارتـی “شەپقە و کڵاو” پەیدابوون و ئەندامەکانیان ناردە پەرلەمان ، دواتر پەرلەمان بەھۆکاری داڕمانـی ئابوری و گەندەڵـی نێوان شارەکان بـێ ھێـز بوو کە دواتر ساڵـی ١٧٧٢ پاشا “کارل گوستاڤ”ی سێیەم ئینقلابـێکـی بـێ خوێن ڕشتن ئەنجامدا و کۆی دەسەلاتەکان کەوتە لای خۆی و پەرلەمان دەسەڵات و نفوژی خۆی لەدەستدا.
ساڵـی ١٨٠٩ سوید جارێکـی تر یاسا بنچینەییەکانـی بەڕێوەبردنـی وڵاتـی داڕشت و دەسەڵاتـی یاسادانان و جێبەجێکردن و قەزا جیاکـرانەوە، ھەر لەو ساڵەدا سوید دامەزراوەیەکـی بەناوی “ئەمینداری دادوەری زوڵم لێکراوان” دامەزراند کە ئەمە بووە یەکەمیـن دامەزراوە لە جیھاندا کە پارێزگاری لە مافـی بەشخوراوان بکات و پاشان تا ساڵـی ١٩٧٤ گۆڕانکاریەکـی ئەوتۆ بەسەر یاسا بنچینەیەکانـی ئەو وڵاتەدا نەھات کە شایانـی باس کردن بێت.
ساڵـی ١٨٦٢ ئەو کچانەی کە قەیرە بوون و شویان نەکردبوو بەڵام خاوەنـی سەروەت و سامانێکـی زۆر بوون ڕێگەیان پێدرا کە لە ھەڵبـژاردنـی شارەوانیەکانا دەنگبدەن و ساڵـی ١٩٠٧-١٩٠٩ ڕێگە بەو کچانە درا کە مافـی دەنگدانیان ھەبوو کە خۆیان کاندید بکەن بۆ شارەوانیەکان و پاشان ساڵـی ١٩١٨ ڕێگەی دەنگدان بۆ ھەموو ئافرەتان بـێ جیاوازی دەستبەرکـرا.
٢٤ی ئایاری ساڵـی ١٩١٩مافـی دەنگدان بۆ ھەردوو ڕەگەزی نێـرو مـێ وەک یەک ھاوتا کراو پاشان لە ھەڵبژاردنـی ساڵـی ١٩٢١ پێنچ ئافرەت بۆ ئەندام پەرلەمان ھەڵبـژێـران وە لێـرەوە پەرلەمانـی سوید بوو بە پەرلەمانێکـی دیموکـراتـی کە نوێنەرایەتـی کۆی خەڵکـی ئەکرد بـێ جیاوازی.
ساڵەکانـی ١٩٢١، ١٩٢٢، ١٩٣٧ و ١٩٤٥ یاساکانـی سەربازی نەکردن، ئەوانەی تاوانیان کردووەو زیندانـی کراون و ئەوانەی ئیفلاسـی ئابوریان کردبوو ھەڵگـیـران کە ڕێگەی لەو خەڵکانە ئەگـرت مافـی دەنگدانیان ھەبـێ و تا ساڵـی ١٩٨٩ کە کۆی یاسا ڕێگـرەکان لەسەر دەنگدانـی ھاوڵاتیانا ھەڵگیـراو بەوجۆرە مافـی دەنگدان بۆ ھەمووان دەستەبرکرا.
ھەڵبەتە مێـژووی ئەو وڵاتە ئەوەمان پێئەڵـێ کە بۆ گەیشتن بە دیموکراسـی ڕاستەقینەو خۆشگورزەرانـی ئەوەی پێویستە تەنھا کات و کۆڵنەدانە، سەرەنجام ئەگەیتە ئەو باوەڕەی ژەمە خورادنێکـی سەرۆکـی پارتەکەت پێڵاوێک بێت سەربەرزانەترە لەوەی لە بەڵێنێکـی ھەڵبژاردن پاشگەزبیتەوە یان لە بەھا دیموکراسیەکان پاشەکشـێ بکەیت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.