تەنیا دە دیارەکان ، مەڕامینێ ، ئەدی ژێراو ژێرەکان

لەلایەن ستاندار Posted on 324 جار بینراوە 0 سەرنج
Mahdi Kawani

مەهدی کاوانی

مرۆ حەقی خۆیەتی دیارەکان ببینێ . باکگراوندی سیاسیش لەخۆیەوە نەهاتووە . ئیسرایل بە زمانی نەتەنیاهۆ نەیشاردەوە کە میسرو تورکیاو قەتەر ئیخوان باک گراوندن . ئێران و حەماس و حیزبولای لوبنانی و حەشدی شیعەی عیراقی لە یەک تای تەرازوو دانا و سعودیەشی بە باش وەسف کرد . ناوناوەش باس لەوە دەکا ڕژێمێکی وەک بەشار ئەسەد لە هی تر بۆ سوریا باشترە . کوردیش بە باش وەسف دەکات بە حەقبوونی دەولەتبوونیشیان . پەرچەکرداریش دژی ئەو لێدوانانە هەیە . بە دیوی ڕووسیا بە تایبەتی پاش ئەوەی قسەو باسی کشانەوەی ئەمەریکی کەوتۆتە ناو دەنگ و باسەکان ، پۆتین دەگری ، سێرگی لاڤرۆڤ دەگری ، قسەی سەرزارو بن زاریان گفتوگۆی نێوان کوردو بەشار ئەسەدیانەو دەشڵێن سوریا تەنیا هی خەلکی رەسەنی سوریایە ، یانی تورکیا ، هەتا ئێرانیش و بۆ ئەنگۆ پاس . ئاگاشمان لەوەوە هەیە کە تەوازونی نێوان ئێران و ئیسرایلی پاراستووە . ئەمەریکا ، تورکیاشی دەوێت و کوردیش ، دەسبەرداری هەر یەکێکیان بیت ، ڕووسەکان دەیقۆزنەوە . ئەوەش بزانن تا زۆر ڕادە دەخوێندنەوەی ئیسرایلی دەرنەچووە . ڕژێمی بەشار ئەسەدو بگرە ئێرانیش لە نێوانی تورکیاو کوردی ڕۆژئاوا لە خراپترین حالەتی کوردیش بۆیان ، ئینجا هەر ئەوانی لە تورکیا پێ باشترە .

کوردی ڕۆژئاواش ئەگەر پلانی یەکەمیان ئەمەریکا بێت بۆ داکۆکی لێ کردنیان ، پلانی دووەمیشیان هەیە بە داخوازی کەمتر دەگەڵ ڕووس و حکومەتی سوری ڕێک کەون . تورکیاش و ئێستاکە هەموو زهنی خۆی لە دژە کوردە . ئەگەر بزانێ هەموو دیوەکانی بۆ ئەو مەبەستە بەسەر داخرا ، هەر دەبێ بیر لە شتێکی کە بکاتەوە . مرۆ دەبی ئەو شتانە هەر هەمووی لە بەر چاو بگرێ ، ئینجا بێتە سەر شیکارو لێکۆڵینەوەی سیاسی لە سەر ناوچەکە .

بە بۆچوونی خۆم تورکیاش دەناو مەئزەق دایەو ئێرانیش و هەر یەکەیان بە دیوی خۆیەوە . ئەگەر لە ڕووی مانەوەو نەمانەوەی بەشار ئەسەد بدوێین ، رووسیا و ئێران و بە ناڕاستەو خۆ ئیسرایلیش ، لە گەڵ مانەوەکەدان . ئەمەریکا هێشتا هەلوێستی ڕوون نیە . کاتێ کە هەندێ لە هەلسوکەوتەکانی ڕووسیای بە دڵ نیە دەڵێ لە کۆبوونەوەکانی جنێف لە دژی مانەوەی دەوەستین و ئەگەر ڕووسەکانیش هەندێ لە نەرمی بنوێنن ، بێدەنگی دەپارێزێ . مادام ئیسرایل وەک نێوەند گیریەک دەناویاندایە ، بە بۆچوونی خۆم ، مانانەوەکە قبوڵ دەکا . لەگینیشە ڕێکەوتنێکی نهێنی نێوان ئەمەریکاو ڕووسیاو ئیسرایل هەبێت کە ئێران و تورکیا لە ناو خاکی سوریا وەدەرنێن جا بە ڕێکەوتنی سیاسی بیت یان گوشار . ئەگەر ئەوە ڕووبدات گفتوگۆی جنێف لە نێوان رووسیاو ئەمەریکاو ئەوانی دی کە تەرەفن لە کێشەی سوریا ، تەفعیل دەکرێتەوەو ڕەنگە شوێنی ئەستانەو سوتشێش بگرێتەوە . لەو حالەتە کورد زەرەر ناکات . یانی ئەگەر لە ناو سوریایەکی یەکگرتووش ڕێکبخرێتەوە ، دەسەلاتی خۆجێی لە شکلی فیدرالی یان کۆنفیدرالی بۆ چێ دەبی . لە دەرەوەی ئەو ئۆپشنەش چەندەها ئۆپشنی تر خۆیان بە دەر دەخەن .

ئۆپشنێک هەیە وەک بگوترێ ، تورکیا ناوچەی ئدلب بەجێبێڵی و لێ بگەڕێ رووسەکان و بەشار بە ئارەزووی خۆیان ئۆپۆزسیۆنی چەکداری میانڕەو و توند ڕەو بکوتنەو و بیان خەنە دەرەوەی سوریا لە بری هاتنە ناوەوەی تورکیا بۆ ڕۆژئاوا یان قەبول کردنی بۆ ناوچەی ئامینە یان بەلای کەمێ ناوچەی ئامینە منبەج و دەوروبەری بگرێتەوە . ئەو ئۆپشنە بەڕای خۆم زۆر زۆر دوورە لە ڕاستی با تورکەکانیش داوای بکەن . خۆ ئەگەر رووسیاش ڕازی بێت ، ئەمەریکا لە دژی دەوەستێتەوە . ئۆپشنی دژ بە ئەوەش هەیە وەک بگوترێ ئەمەریکا بتوانێ هێلێکی مام ناوەند لە نێوان کوردو تورکان دابنێت و پێیەوە بە کوردەکان منبەج و هەندێ لە دەوروبەری ، چۆل بکات و ناوچەیەکی ئامینە لە ژێر کۆنتڕۆلی تورکان دابنێت . سەردەگرێ سەرناگرێ ، ئەوەیان نازانم . چونکە لە لایەکەوە رووسەکان دژی دەوەستن و لە لایەکی تریشەوە کێ دەڵێ کوردەکان بەمە ڕازی دەبن .

بە دیوی تریشەوە ئەگەر ئەو ناوچە ئامینە وەها بکەوێتەوە لە ئایندەو بگرە لە ئێستاشەوە ، دەبێتە مەترسی هەم لە سەر ئایندەی کورد هەم لە سەر ئایندەی تەواوی سوریاو تورکیاش پێیەوە هەر هەموو چەکدارە تیڕۆڕستەکان دەخاتە ئەو ناوچە بەناو ئامینەوە . بۆیە هێشتا زووە کاخوانەکێ بزانین مەلەفی سوریاو دەناویشیدا کوردەکان و لە دوا جاردا بە کیهان لای دادەشکێتەوەو با چاوەڕوان بین .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *