ڕۆژنامە لە پیشەسازیی بەرھەمھێنانی ھەواڵەوە بۆ دروستکردنی نەتەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 579 جار بینراوە

ئاراس فەتاح

مێژووی گەشەسەندنی مرۆڤایەتیی ھاوشان بە داھێنانە تەکنەلۆژیی و فیکرییەکانی گۆڕانکاڕیی قووڵ و گەورەی بەسەردا ھاتووە؛ لە کۆمەڵەی مرۆیی ساکارەوە دەبێت بە کۆمەڵگای ئاڵۆز و لە کۆمەڵگای دەوڵەتییشەوە ھەنگاو بەرەو کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی دەنێت. لە ساڵی ١٦٠٥دا یەکەم ڕۆژنامە لە مێژووی مرۆڤایەتیی لە شاری شتراسبۆرگ لەلایەن (یۆھان کارۆلوس) بەناوی Relation، بەزمانی ئەڵمانیی دادەمەزرێنرێت. لەم چرکەساتەوە ڕۆژنامە وەکو پیشەسازییەکی نوێ بۆ بەرھەمھێنانی ھەواڵ و دەنگوباس و زانیاریی سەرھەڵدەدات و لە سەدەی نوزدەھەمیشەوە دەبێت بە فاکتەرێکی کاریگەر لە پرۆسەی بەکۆمەڵگابوون و ڕووبەرێکی گرنگ و نوێ لە دروستکردنی پردی پەیوەندیی لەنێوان تاک و گروپ و ناوچە جیاوازەکانی یەک وڵات و پاشان لەنێوان دەوڵەتانی جیھان. ڕۆژنامە دەبێت بە کەرەسەیەکی کاریگەر بۆ بەگشتییبوونی زانیاریی و بەجیھانییبوونی پەیوەندیی و بەرھەمھێنانی چەمکی ناسیۆنالیزم و پاشان ئینتەرناسیۆنالیزم.

ڕۆژنامەی Relation لە قۆناغی سەرەتایدا بە دەستنووس ئامادەدەکرا و ھەفتانەش بە قەبارەی چوار لاپەڕە دەردەچوو. پاشان ھەمان مۆدێل و داھێنان بۆ شارەکانی ئەڵمانیا و کۆی وڵاتە ئەوروپییەکانی تر تەشەنەدەکات. لە ساڵی ١٦١٨دا (کاسپار فان ھیلتن) لە ھۆڵەندا یەکەم ڕۆژنامە دادەمەزرێنیت. لە باشووری ئەوکاتی ھۆڵەنداش کە ئێستا بەلجیکایە (ئەبراھام فەرھۆیڤن) لە ساڵی ١٦٢٠دا یەکەم ڕۆژنامە بڵاودەکاتەوە. لە نەمساو فەرەنسا و پۆرتوگال و سوید و پۆلەندا بریتانیا و دانمارک و ئەمریکا و روسیا ژاپۆن و کۆریا و وڵاتانی تردا ھەمان ئەزموون دووبارە دەبنەوە و ھەموو دەبن بە خاوەنی ڕۆژنامەی ھەفتانە و پاشان ڕۆژانەی خۆیان. شایانی وەبیرھێنانەوەیە کە یەکەم ڕۆژنامەی ڕۆژانە لە ساڵی ١٦٥٠ لە شاری لایپتزیک لە ئەڵمانیا لەدایکدەبێت و لەوکاتەشەوە سەرەتای مۆدێل و ئەزموونێکی نوێ لە کایەی ڕۆژنامەگەریی دەستپێدەکات.

لەدایکبوونی ڕۆژنامە تەنھا پەیوەندیی بە دۆزینەوەی ئامێری چاپەوە نییە، کە دیارە بەبێ بیرۆکەکەی گوتنبێرگ و داھێنانی دەزگای چاپ نەدەکرا وێنابکرێت، بەڵکو لەھەمانکاتدا پەیوەندییەکی قووڵی بە سیستەمێکی تێکئاڵاو لە کایە و پیشەی جۆراوجۆرەوە ھەیە کە ھەموو پێکەوە، ھاوتەریب بەیەک، دەبن بە ھۆکاری لەدایکبوون و گەشەسەندنی ئەم دیاردە نوێیەی ناو کۆمەڵگا. بێگومان بەبێ بوونی دەزگای چاپخانەی کتێب و پیشەی بەرگسازیی کە سەردەمانێکح زۆر کارێکی دەستیی بوو، ناتوانین وێنای ڕۆژنامە بکەین. ھەرئەمەشە وادەکات کە ڕۆژنامە وەکو پیشەسازییەکی نوێی پەخش لەلایەن خاوەن چاپخانە ئەھلییەکانەوە دامەزنێرێت و بەمشێوەیەش سەرچاوەی داھاتێکی نوێ لە پیشەسازیی چاپ و بڵاوکردنەوە دەدۆزنەوە. چاپخانە و کارگەی بەرگسازیی کتێب یەکێک بوون لە پیشە گرنگەکانی سەردەمی پێش سەرھەڵدانی چاپخانەی مۆدێرن. گرنگیی ئەم پیشەیە تەنھا بەرگگرتن نەبوو لە کتێب، بەڵکو زانست و ھونەرێک بوو کە ھەموو کەس نەیدەتوانی بەبێ فێربوون مومارەسەی بکات. چاپخانەی کتێب و بەرگسازەکان وەکو گروپێکی ناو کایەی زانین و پیشەسازیی توانییان ڕۆڵێکی گرنگ لە مێژووی بە گشتییکردنی زانین بگێڕن و دامودەزگای ڕۆژنامەگەریی دامەزرێنن و پیشەی ڕۆژنامەنووس بەرھەمبھێنن کە وەزیفەی سەرەکیی گەیاندنی ھەواڵ و ڕووماڵکردنی ڕووداوە سیاسیی و ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکانە بۆ کۆی تاکەکانی کۆمەڵگا.

گەر سەدەی بیست ویەک بە سەدەی زانیاریی „Informationszeitalter“ ناودێربکرێت، ئەوا دەتوانین سەدەی نۆزدە بە سەدەی پەیوەندیی „Kommunikationszeitalter“ ناوزەدبکەین. پرۆسەی بەپیشەسازییکردن و پێشکەوتنی تەکنیک و کۆلۆنیالیزم و ئابووری لیبراڵ و بۆرسە و سەرھەڵدانی ڕۆژنامەی جەماوەریی لە سەدەی نۆزدەدا بوون بە ھۆکاری دامەزراندنی ئاژانسی دەنگوباس، بۆئەوەی ھەواڵی وڵاتان و جەنگی وڵاتە کۆلۆنیالیستەکان و دەنگوباسی بۆرسە بەخێراترین کات بگەیەنێتە ڕۆژنامەکان. دامەزراندنی یەکەم ئاژانسی دەنگوباس لەساڵی ١٨٣٥ بەناوی „Agence Havas“ کە دواتر دەبێت بە ئاژانسی „AFP“ لە فەرەنسا، „AP“ لە ئەمریکا و „Reuters“ لە بریتانیا و پاشان لە وڵاتانی تریش ھەمان ئەزموون دوبارەدەبنەوە، ئەمانە ھەمووی بەرھەمی لیبرالیزمی ئابووریی و سیاسیی سیستەمی سەرمایەداریی و ئەو پێشکەوتنە بوون کە پیشەسازیی بەرھەمھێنانی ھەواڵ و فرۆشتنی زانیاریی و سەرھەڵدانی سەدەی پەیوەندیی „Kommunikationszeitalter“ ھێنانیەکایەوە. سەدەی نۆزدە تەنھا سەدەی پیشەسازیی و جەنگی دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکان نەبوو، بەڵکو سەدەی پەیوەندییەکی گڵۆباڵ بوو. ھەروەکو چۆن دەزگاکانی ئاژانسی دەنگوباس ھەواڵی ھەموو جیھانیان بە ڕۆژنامەکان دەفرۆشت، ئاوھاش خودی ڕۆژنامە ڕەھەندێکی نێونەتەوەیی وەرگرت و پەیامنێری لە وڵاتاندا ھەبوو، بۆئەوەی نوێترین ھەواڵی سیاسیی و زانیاریی ئابووریی و ڕیپۆرتاژ و وتار بڵاوبکەنەوە. شایانی باسە گەورەفەیلەسوفی ئەڵمانیی، کارل مارکس، ساڵانێکی زۆر ژیانی بەم پیشەیە دابین دەکرد. بەپێچەوانەی ئەو نووسەرە کوردانەی کە کاری ڕۆژنامەگەرییان کردووە بە نەنگیی و دوورکەوتنەوە لە پرسە قووڵ و داھێنانە فیکرییە گەورەکان، کارل مارکس لە ساڵانی ٤٣ ـ ١٨٤٢ ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی لیبڕاڵی „Rheinischen Zeitung“ بوو و بۆ ماوەی پێنج مانگیش سەرنووسەری ھەمان ڕۆژنامە بوو. دوای ئەویش لە ساڵانی ٤٩ ـ ١٨٤٨ سەرنووسەری ڕۆژنامەی „Neue Rheinische Zeitung“ بوو و لە قۆناغی سێھەمی تەمەنی ڕۆژنامەنووسیشیدا بوو بە پەیامنێری ڕۆژنامەی „New York Tribune“ی ئەمریکی لەشاری لەندەن کە ئەوسەردەمە گەورەترین ڕۆژنامەی جیھان بوو. (٢٠٠٥ :Jürgen Herres)

ڕۆژنامەگەریی لەپاڵ کتێبدا پیشەیەکە کە بەپلەی یەکەم ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە نووسینەوە ھەیە. ئێمە ھەروەکو چۆن ناتوانین وێنای کتێب بە بێ نووسەر بکەین، ئاوھاش ناتوانین وێنای ڕۆژنامە بەبێ نووسەر و پاشان پیشەیەکی نوێ کە ڕۆژنامەنووسە بکەین کە دوو کۆڵەکەی گرنگی ئەم کایە نوێیەی ناو میدیای سەردەمی بەپیشەسازییکردنی بەرھەمھێنانی ھەواڵ و زانیاریین. لەپاڵ ئەمانیشدا ھونەری گرافیک و دیزاین و کۆمیک دێنە ناو پیشەی ڕۆژنامەگەرییەوە و ئەم کایە میدیاییە نوێیە بەرفراوانتر و کامڵتر دەکەن.

بـێگومان ھەموو ئەم کایە تەکنیکیی و فیکرییانە پێکەوە دەتوانن ڕۆژنامە بەرھەمبھێنن، بەڵام بەبێ بونی سیستەمێکی تر ناتوانن بەردەوامبن، ئەویش بوونی پۆستە. ڕۆژنامە لە ڕیگای پۆستەوە دەتوانێت نووسینی بۆ بێت و ھەر لەو ڕێگایەشەوە ڕۆژنامەی چاپکراو بڵاودەکرێتەوە و دەگەیەنرێتە دەست خوێنەرانی. یۆھان کارۆلوس ھەفتانە ھەموو ھەواڵ و دەنگوباسەکانی لەلایەن پەیامنێرەکانیەوە لەڕێگای نێوەندە گرنگەکانی پۆستەوە کۆدەکردەوە، کە لە چەند شارێکدا بوون. بەمچەشنە دەبینین کە سیستەمی پۆست یەکێکە لە بزوێنەر و پایە گرنگەکانی دروستبوون و بەردەوامیی ڕۆژنامە. ھەر ئەمەشە وامان لێدەکات کە بڵیین بەبێ پۆست ئاستەمە باس لە دروستبوونی چەمکی نەتەوەش بکەین. بۆئەوەی نەتەوە بە مانا مۆدێرنەکەی لەدایکببیت دەبێت ئەو گەلە خاوەن سیستەمی پۆستێکی نیشتیمانیی بێت کە ھاوڵاتیان بتوانن نامە و کتێب و نووسینەکانیان و دەزگا و کۆمپانیاکانیش بەرھەمەکانیان بەبێ مەترسیی لەناوچوون یان خراپبوون بگەیەننە جێگای مەبەست. سیستەمی پۆست پەیوەندییەکی گەورەی بە فۆرم و مۆدێلی دەسەڵاتی سیاسییەوە ھەیە، لەکاتێکدا لە وڵاتە دیموکراسییەکاندا یاسای پاراستنی „نھێنیی نامە“ و „نھێنیی پۆست“ ھەیە، لە وڵاتە ستەمگەر و دیکتاتۆرەکاندا ئەم مافە ھەر بوونی نییە یان زۆر سنووردارە.

کایەیەکی گرنگی تر بۆ پیشەسازیی ڕۆژنامەگەریی بوونی سەرمایە و سیستەمی بانکە. ھیچ پڕۆژەیەکی قازانجویست ناتوانرێت بەبێ بوونی سەرمایەیەکی دیارییکراو بخرێتەگەڕ. دەزگای بانکیش لێرەدا دەبێت بە یەکێک لە کایە گرنگەکانی دروستکردن و بەردەوامیی پەیوەندیی نێوان کڕیار و فرۆشیار. واتە بۆئەوەی ڕۆژنامەیەک بەردەوامیی ھەبێت، سەرەتا پێویستیی بە سەرمایەیەک ھەیە بۆ دامەزراندنی و پاشان پێویستیی بە بەشداربوونی خوێنەران و ئابوونە ھەیە، بۆئەوەی ئەو سەرمایەیە لەپێناو بەردەوامیی و مانەوەی ڕۆژمانەکەدا بخرێتەگەڕ. شایانی سەرنجە کە نەبوونی ئەم دوو کایە گرنگەش، واتە پۆست و بانک، لە دونیای ئێمەدا مانای ئەوەیە کە زۆرینەی پرۆژەی میدیای چاپکراوەکان بەر گورزێکی گەورەی سیستەمی کڕین و بڵاوکردنەوە بکەون و لە مەدای دوور و نزییکدا گەر سەرمایەیەکی گەورەیان لە پشتەوە نەبێت، پڕۆژەکەیان شکست بھێنیت و ڕوبەڕووی مایەپووچی ببنەوە. بەپێچەوانەوە دەبینین کە میدیای حیزبیی بە حوکمی ئەوەی لەسەر فرۆشی خۆی ناژی، ئەم کێشەیەی نییە، بەڵام کێشەیەکی گەورە و قووڵتری پیشەیی و ئەخلاقیی ھەیە. ڕۆژنامەی حیزبیی و میدیای سێبەر لەبەرئەوەی سەرچاوە داراییەکەیان سامانی گشتییە و بەھەدەردەدرێت، نە بەشێوەیەکی بەربڵاو دەکڕدڕێت و نە دەشخوێندرێتەوە، چونکە لەڕووی ئێتیکی ڕۆژنامەگەرییەوە ھیچ میسداقییەتێکیان نییە. تەنھا گرنگییەک ئەم میدیا حیزبییانە ھەیانبێت بریتییە لە تەوسیقی چالاکییەکانی حیزبەکان و سەرۆکەکانیان و ڕوبەرێکی ریکلامکردن بۆ کۆمپانیاکانیان و بڵاوکردنەوەی ئاگاھیینامەی مردن و وونبوونی شوناسنامەی ھاوڵاتیان. لە کۆمیدییترین و خراپترین حاڵەتدا خەڵک کاغەزەکانی دەکەن بە سفرەی نانخواردن و کاسپکارانیش بە لوولەی گوڵەبەڕۆژە.

گەر رۆژنامەی Relation سەرەتا تەنھا بۆ ھەندێ „پیاوماقوڵان“ بووبێت، ئەوا بیرۆکەکەی یۆھان کارۆلوس کە بەرفراوانتری بکات و ھەواڵی شوێنەکانی تری جیھانی تێدا بڵاوبکرێتەوە، گەورەترین داھێنان بوو. گەر لەو سەردەمەدا ڕۆژنامە تەنھا شوێنی بایەخی خویندەوارەکان بووبێت، ئەوا لە سەردەمانی دواتردا ڕۆژنامە دەبێت بە پیداویستییەکی ڕۆژانە بۆ وەچنگخستنی ھەواڵ و گەیشتن بە زانیاریی و دروستکردنی ڕای گشتیی.

ڕۆژنامە شوناسی جیا و ئامانجی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و مەعریفیی جیا لەخۆیدەگرێت. گەرچی سەرھەڵدانی ڕۆژنامە داھێنانێکی ئەھلییە و زۆرینەی کاتەکان کەسانی خاوەن دەزگای چاپ و پەخش بەم کارە ھەڵساون و یەکێک لە ئامانجەکانیان کەڵەکەکردنی سەرمایە بووە، بەڵام لەبەر گرنگییەکەی و کاریگەریی لەسەر دروستبوونی وشیاریی دەستەجەمعیی، لە قۆناغێکدا ڕۆژنامەی حیزبیی سەرھەڵدەدات. مۆدێلێکی نوێ لە ڕۆژنامەی ئاراستەکرا و کۆنترۆڵکرا و سانسۆرکراو سەرھەڵدەدات، وەک لە ئەزموونی حیزبە ئایدیۆلۆژیستەکاندا دەیبینین. گەرچی ڕۆژنامە حیزبییەکان ھیچ کاتێک نەیانتوانیوە کێبڕکێی ڕۆژنامە ئەھلییەکان بکەن، بەڵام وەک میدیۆمێکی ئایدیۆلۆژیی دێنە ناو کایەی ڕۆژنامەگەرییەوە. ئەم مۆدێلە نوێیەی ڕۆژنامە لە دەوڵەتە دیکتاتۆر و تۆتالیتار و سۆسیالیستەکانیشدا وا لە ڕۆژنامە دەکات ببێت بە یەکێک لە ئۆرگانەکانی حیزب و پاشان بە ڕۆژنامەی ڕەسمیی دەوڵەت. بەمچەشنە ڕۆژنامەی حیزبیی یان حکومیی دەبێت بە تاکە سەرچاوەی زانیاریی و وەکو بەرھەمێکی جەماوەریی دەفرۆشرێت و ڕێگا بە ڕۆژنامەی ئەھلیی سەربەخۆ نادرێت، چونکە وەکو تابوری پێنجەم تەماشادەکرێت.

لە خۆڕا نییە کە بیرمەندێکی وەکو بێنێدیکت ئەندەرسۆن لە کتێبە بەناوبانگەگەیدا لەسەر ناسیۆنالیزم بەناوی Imagined Communities „کۆمەڵەی وێناکراو“ کە بە ئەڵمانییەکەی کراوە بە Die Erfindung der Nation „دۆزینەوەی نەتەوە“، شیکاری گرنگیی ڕۆڵی چاپەمەنیی لە دروستبوونی چەمکی نەتەوە دەکات. بەبۆچونی ئەو ڕۆژنامە دەبێت بە یەکێک لە کەرەسە گرنگەکانی دروستبوونی وشیارییەکی دەستەجەمعیی،چونکە ھۆکارێکە بۆ دروستکردنی ھاوزەمەنیی ھاوڵاتیانی وڵاتێک لەگەڵ یەکتر و ھاوخەمییان بۆیەکتر. ھاوڵاتیانی ھەر وڵاتێک بەبێئەوەی یەکتر بناسن، خۆیان بە ئەندامی ئەو کۆمەڵە وێناکراوە دەزانن و لەڕیگای چاپەمەنیی و ڕۆژنامەگەرییەوە دەتوانن لە یەک کاتدا ئاگاداری ھەواڵی سیاسەت و ئابووریی و ڕۆشنبیریی و وەرزش و تەندروستیی و ھتد.ی شار و شارۆچکە و گوندەکانی خۆیان و ڕووداوە گرنگەکانی وڵاتانی دراوسێ و جیھان بن. بەم چەشنە ڕۆژنامە دەبێت بە کەرەسەیەکی گرنگ بۆ دروستکردنی وشیاریی „کۆمەڵەیەکی وێناکراو“ لەوێنەی نەتەوە کە ھەموو تاکێک خۆی بەئەندامی دەزانێت و وەلائەتی بۆی ھەیە. ناسیۆنالیزم بۆ ئەندەرسۆن گۆڕینی چەمکی کۆمەڵەی ڕووبەڕووە لەوێنەی خێزان کە ھەموو تاکەکان یەکتر دەناسن و پەیوەندیی خوێنیان بەیەکەوە ھەیە، بۆ „کۆمەڵەیەکی وێناکراو“ کە سنوورەکەی لە سنوورە کۆمەڵایەتییە لۆکاڵیی و تەقلیدییەکان گەورەترە. ڕۆژنامە وەکو بەرھەمێکی کاپیتالیزمی چاپ ڕۆڵیکی کاریگەر دەگێڕێت لە زەمینەسازیی و دروستکردنی وێنایەکی گەورەتر لە بنەماڵە و کلان و خێڵ و بەرھەمھێنانی وەلائەتێکی سەروو لۆکاڵیی و بەیەککاتکردنی ژیانی کۆمەڵەیەکی مرۆیی و بەیەکگەشتنی پارچەکانی کۆمەڵگا و دروستکردنی وشیارییەکی دەستەجەمعیی وێناکراوە بۆیان. (Benedict Anderson:١٩٩٨). لەگەڵ سەرھەڵدانی ڕیکخراوی کرێکاریی و کۆمۆنیستییشدا ڕۆژنامە ڕەھەندێکی ئینتەرناسیۆنالیستیی وەردەگرێت و وێنایەکی گەردوونیی بە کێشەی کرێکاران لە ھەموو جیھان دەبەخشیت و جۆش بە خەباتی چینایەتییشیان دژ بە سیستەمی گلوباڵی سەرمایەداریی دەدات.

گرفتی لەدایکبوونەبوونی نەتەوە لەنێوان حیزب و ڕۆژنامەگەریی کوردییدا

گەر ئەو تێز و ڕاڤەکردنەی ئەندەرسۆن بە ھەموو ئەو ڕەخنانەی ئاراستەشی دەکرێن، بکەین بە دەروازەیەک بۆ خوێندنەوەی دۆخی ھەرێمی کوردستان و ئاڵۆزییەکانی لەدایکبوونی نەتەوە بەمانا سیاسییەکەی، ئەوا دەتوانین بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی میدیا لە ھەرێمدا بڵێین: چەندە دەسەڵاتدارێتی کوردیی شکستی لە پرۆسەی نەتەوەسازیی و نیشتیمانسازییدا ھێناوە، ڕۆژنامەی کوردییش نەیتوانیوە لەبەر زیاد لە ھۆکارێک ئەو ڕۆڵە بگێڕێت. ڕۆژنامەگەریی کوردیی ساڵانێکە لە کێشەیەکی بونیادی قووڵدا دەژی کە ئەم وتارە جێگای تاووتوێکردنی ھەموو ڕەھەندەکانی نییە، بەڵام لە بەشی سێھەمی ئەم وتارەدا دەمەوێت باس لە ھەندێ گرفت و کێشەکانی بکەم.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.