ئەوە دەوڵەت داریە، نەک کوێخایەتی دەڤەرێك!

لەلایەن ستاندار Posted on 392 جار بینراوە

رێبین شەمامکی

لە هەموو دونیادا دروست بوونی کابینەی حکومەت بەندە بە بەرنامە و پڕۆژەی حیزبەکان، بە قیادەی کارەکتەرێکی بە هێز، بۆ ئەوەی ببێتە سوپرایزێک بۆ هاوڵاتیان، لە فۆڕمێکی جیاوازدا خۆی نمایش بکات و بە ئۆپشنێکی تازە بێتەوە مەیدان، بۆ تەجاوزکردنی ئەو حکومڕانییە تەقلیدیە پڕ لە عەیب و عارەی جاران کە میللەتیان گیرۆدەی دنیایەک قەیران کردبوو. بۆیە ئەو جۆرە لە گرنگی پێ نەدانەی هاوڵاتیان یەکسانە بە بایکۆتی ئەو هەڵبژاردنە زۆر بێ ئەرزشەی لەو هەرێمە داماوە دا بەڕێوەچووە! لەگەڵ بێ ئومێد بوون لە گۆرانکاری لەسەر دەستی هەمان تیم کە تەنیا نەهامەتیەکانیان زیاتر و گەورەتر بوونە.

کەواتە دروست بوونی کابینەیەكك لە سەر ئەساس و ئەنجامی هەڵبژاردنێکی زۆرینەی بایکۆتدا، هەر بایی ئەوەندە پێشوازی لێ دەکرێ و جێی ئومێد دەبێت، کە متمانەی خەڵکی پێ وەرگیرابێت! چونکە بێ ئومێدبوونی هاوڵاتیان لە ئەدای ئەو حیزبانەی کە چارەگە سەدەیەک زیاترە لەو هەرێمە حکومڕانن لە سەرچۆپی ترۆپکی دەسەڵاتەوە تا دەگاتە موختاری گەڕەکێک، کە گاوانیەکەی بۆ دەکات زۆر بەتۆخی! هیچ مەسافەیەکیان نەهێشتۆتەوە بۆ حیزب و لایەنێکی دی وەک شەریكك، تەنها پێکیان کردوون بۆ جوانکردنی ڕووی ناشرینی حکومەتەکەیان. هیچ کاتێ پێیان باش نەبووە، یان نەیانهێشتووە ئەو وەزارەتانەی لە دەستیشیان بووە تێیدا سەرکەوتووبن.

یان رێگربوونە لە بەرنامەو پرۆژەکانیان، یان ئەسڵەن پشتگیریان نەکردوون، لەکاتێکدا سەرکەوتنی ئەوان سەرکەوتنی کابینەکە بووە، بەر لەوەی ئافەرینێک بێت بۆیان! ئیدی ئەگەر وەکو رابردوو حکومرانی بەو نەفەسە تاك جەمسەری و بوغزاندنە بەردەوام بێت، هەر ئەو نەهامەتی و شکستەی لێ دەکەوێتەوە کە کابینە بۆ کابینە ژمارەکەیان گەورەتر دەبێت و سیمای حکومڕانیش ناشرینتر و حیزبی تر دەبێت. بۆیە ئەگەر قەرار وایە ئەو کابینە جیاواز تر بێت لەوانی دی، چ وەک گەورەترین کوتلەی پەڕلەمانی کە بۆتە ئەمری واقیع، چ وەک کارەکتەری تازەکەی پارتی کە دەبێتە کاپتنی کابینەی نۆیەم، ناکرێ کاپتنی حکومەت سەرۆکی وەفدی دانوسان نەبێ کە بەر پرسی یەکەم و کۆتایی خۆی دەبێ لە سەرکەوتن و شکست، چونکە ئەوە نەسوڵحی عەشایریە و نە خوازبێنی!

ئەوە بەرنامەو پڕۆژەی کابینەی حکومەتی داهاتووە، بەش و پشکی حیزبەکانە ناکرێ راسپێردراوی کابینە غایب بێت و راستەوخۆ بەشدار نەبێت و نەزانێ ئەوان چ حکومەتێکیان دەوێ و خۆی دەیەوێ قیادەی چ کابینەیەک بکات؟ کەوابوو دەگەینە ئەو خاڵەی کەوا میللەت بەستەزمان نیە بەڵکو ئەوە حکومەتە متمانەی میللەتی لەدەستداوە! بۆ گێرانەوەی متمانەش نیەت و هەنگاوی عەمەلی و پڕاکتیکی دەوێ، نەک دروشم و قسەی گەورە و لۆژیکی هێزو ژمارەی کورسی و تۆقاندن! دەبێ خەمی خاك و هاونیشتمانیان ئەولەویەت بێت، نەک مامە حەمەیی دەوڵەتان و رازی کردنی ئەوان! پەیڕەوی لۆژیکی عەقل، نەک عەقل و میزاجی حیزب!

ئەوە چارەنووس و ئەمانەتی هەرێمێکە بە رووی حکومڕانیەکی تەندروستدا، هەر حیزب و سەرۆکی حکومەتێک، ئەگەر بخوازێ جێی شانازی میللەتەکەی بێت، دەبێ خزمەتکاری بێ، بۆ ئەوەی میللەت نەتوانێت دەست بەرداری بێ، نەک ئەو نەیەوێت دەست بەرداری دەسەڵات بیت بە هەر نرخێک! ئاخر ئەوە دەوڵەتداریە نەک کێخوایەتی دەڤەرێک!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.