داعشە فەڕەنسیەکان

لەلایەن ستاندار Posted on 364 جار بینراوە
بورهان شێخ ڕەئووف

لە دوای  ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش ) و پێکھێنانی ھاوپەیمانی نێو دەوڵەتی بۆ بەگژاچوونەوەی داعش بە سەرکردایەتی ئەمریکا فەرەنسا یەکێک لەو وڵاتانە بوو بە خێرا پەیوەستی ئەو ھاوپەیمانێتیە بوو ھەر ئەوکات سەرۆکی پێشووی فەرەنسا فرانسۆ ھۆڵاند سەردانی عێراق و ھەرێمی کوردستانی کرد.

دەکرێت بپرسین بۆ فەرەنسا لە وڵاتانی تر وا  گورج و گۆڵ تر ھاتە مەیدان و قۆڵی لێ ھەڵماڵی بۆ لەناوبردنی داعش و ھەموو ڕەوتە توند ئاژۆکانی تر ؟

وەڵامەکەی ڕوونە ھەر ئەوکات ئەوە ڕاگەیەنرا لە زۆرێک لەمیدیاکان و سەرچاوە ھەواڵگرییەکانەوە کە ٩٠٠ کەس  لەو چەکدارە بیانیانەی لە ڕیزەکانی داعشدا  ھەڵگری ڕەگەزنامەی فەرەنسین بەڵام دواتر ئەو ژمارەی زیادی کرد بۆ ١٧٠٠ کەس  بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی فەرەنسا کە ھەموویان ڕوویان کردووەتە عێراق و شام و پەیوەست بوون بە تاقم و گروپە جیھادیە تیرۆریستەکانەوە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٨ ھەروەھا باس لەوە دەکەن کە ژمارەیەکی کەمیان ڕۆیشتوون بۆ وڵاتانی  ئەفغانستان و لیبیاو وڵاتانی مەغریبی عەرەبی، لەوانە ٢٦٠ کەسیان بە ئارەزووی خۆیان گەڕاونەتەوە بۆ فەرەنسا ٢٠٠ کەسیان دادگایی کراون بەگوێرەی وتەی وەزارەتی دادی فەرەنسا، ھەروەھا نزیکە ٣٠٠ کەسیشیان کوژراون لە شەڕو پێکادانەکاندا.

ئەرکی داعشە فەرەنسیەکان

ئەو ئەرک و چالاکیانەی دەسپێردرا بە فەرەنسیەکانی ناو ڕیزەکانی داعش جیاواز بوو لەوانی تر ئەمان سوودیان لێوەر دەگیرا بۆ پڕوپاگەندە  بەزمانی فەرەنسی و  ڕاکێشانی خەڵکی نوێ  بۆ ناو ڕیزەکانیان ھەروەھا  سوود لە توانا و شارەزاییەکانیان وەردەگیرا لە بواری تەکنیک و تەکنۆلۆجیا بۆ بەڕێوەبردن و پێشخستنی ڕێکخستنی ڕێکخراوەکەیان  جگە لەوەی سوود لەوانەشیان وەردەگیرا کە شارەزاییان لە بواری پزیشکی و چارەسەرکردندا ھەبوو.

لەلایەکی ترەوە ھەندێک لە فەرەنسیەکانی ناو داعش ئەرک و بەرپرسیارێتی گرنگیان پێسپێرا لەوانە ( ڕەشید قاسم ) کە گوماندەکرێت ئەوسەرپەرشتی  ھێرشەکانی سەر فەرەنسای کردبێت و پێدەچێت ئەو بیری  داڕێژەر و جێبەجێکەری  تاوانی کوشتنی پۆلیسێک و ھاوڕێ کەی بێت لە ھەرێمی ئیفلین لە ١٣ یۆنیۆ ی ٢٠١٦ ھەروەھا ئەنجامدانی تاوانی سەربڕینی کاھینێک لە کەنیسەکەی دا لە سانت ئتیان لە ٢٦ یۆلیۆی ٢٠١٦ کە دواتر واباسدەکرێت لە بۆردوومانێکی فڕۆکە ئەمریکیەکاندا لە مووسڵ کوژرابێت.

لەلایەکی ترەوە حکومەتی تورکیا لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ دا(جۆناتان  جیفروای )  فەرەنسی کە یەکێک لە سەرکردەکانی ڕێکخراوی داعش  بوو ڕادەستی فەرەنسا کردەوە، ھەروەھا ھێزەکانی ( ھەسەدە )ش   لە یۆنیۆی ٢٠١٨ (ئەدریان لیۆنیل کیالی ) ناسراو بە ئەبو ئوسامەی فەرەنسیان  دەسگیرکرد کە ڕۆڵێکی کاریگەری ھەبوو لە ھێرشەکانی سەر فەرەنسا.

ھەروەھا لە نێو داعشە ژنەکانیشدا یەکێک لەناودارترینیان ( ئەمیلی کونیگ ) ٣٣ ساڵ بوو کە لە لایەن ھەسەدەوە دەستگیرکرا کە ڕۆڵێکی زۆر ھەبوو لە لە پڕوپاگەندەو  ھاندان و کۆکردنەوەی خەڵک لە ڕێگەی تۆڕەکانی ئەنتەنێتەوە و ھاندانی ھەندێک لە خزم و ناسیاوەکانی بۆ ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە.

چارەنووسی داعشە فەرەنسیەکان

یەکێک لەو کێشانەی ڕووبەڕووی حکومەتی فەرەنسا بووەتەوە چارەنووسی ئەو فەرەنسیانەیە کە لە ڕیزەکانی داعشدا بوون و ئێستا شەڕەکە تەواو بووە و چۆنێتی گەڕانەوەی  ئەوان و ئەو  مناڵانەی کە دایک و باوکیان نەماوە کە ھەموو ئەوانە کێشەی گەورەن ئەگەر پێشتر فەرەنسیەکان قایل بوون کە بە گوێرەی یاسای عێراق و سوریا ھەڵسووکەوتیان لە گەڵ بکرێت و بەڵام ئەو گۆڕانکاریەی کە لە ھەڵوێستی ئەمریکادا ڕوویدا بە بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی لە سوریا فەرەنسیەکان لە ھەوڵی ئەوەدان کەنەیەڵن ئەو فەرەنسیە سامناکانە پرش و بڵاو بنەوە بەتایبەتی  نزیکەی ٢٥٠ کەسیان لەلای ھەسەدە  دیلن کە لە ھەر گۆڕانکارییەکی چاوەڕوانکراودا بۆی ھەیە ئازاد بن و تاوانی گەورە ئەنجام بدەن.

بۆ یە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بڕیارێکی دەرکرد تایبەت بەو فەرەنسیانە ی کەلە ڕیزەکانی داعشدا بوون ڕووبەڕووی توندترین لێپێچینەوەی یاسایی دەبنەوە بە تاوانی بەشداریکردن لە ڕیزەکانی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی کە تاوانیان ئەنجامداوە لە عێراق وشام و تەنانەت فەرەنساش و ئێستاش ھەڕەشەن.

لە ھەمانکاتدا وەزیری ناوخۆی فەرەنساش بەرپەرچی ھەموو ئەوانەی دایەوە کە دژی ئەم بڕیارە بوون و وتی ئەگەر ئەو تیرۆریستانە بگەڕێنەوە بۆ فەرەنسا یەکسە ر  دەستبەسەرو زیندانی دەکرێن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.